پارە دزراوەکەی نەخۆشخانەی شار دۆزرایەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 13/03/2019‌ :: 1707‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

درەنگانێکی شەوی رابردوو ‌هێزەکانی دژەتیرۆر تۆمەتبارانی روورداوی دزین و رفاندنی پارەی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شاریان دەستگیرکرد و دەستیشیانگرت بەسەر پارە دزراوەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەش کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.

دوای تێپەربوونی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر رووداوەکەدا، لە ئۆپەراسیۆنیکدا هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر، بە هاوکاری هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی شاری سلێمانی لە گەڕان و بەدواداچونێکی وورد و نەخشەبۆدارێژراو، توانیان‌ چه‌ند کەسێک بە تۆمەتی دزینی پارەی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار ده‌ستگیربكه‌ن.

 

هەر دوای دۆزینەوەی پارەکە، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گەڕێندرایەوە و تاوانبارانیش دۆزراونەتەوە. 


رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە "بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ، ھێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، دژەتیرۆر و تەواوی دەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی و ھاونیشتمانیان پارەو مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گەڕێندراوەتەوە و تاوانبارانیش دەستگیرکراون". 


وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ، ھێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، دژەتیرۆر و تەواوی دەزگا پەیوەندی دارەکانی پارێزگای سلێمانی و ھاونیشتمانیان دەکەین، کە ھەموو ھەماھەنگبوون بۆ دوزینەوەی تاوانباران و گەڕانەوەی پارە و مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و دەستی ماندبوونتان دەگوشین و ئومێد دەکەم فەرمانگەکانی ھەرێم بەردەوام لەکاتی گواستنەوەی ھەر بڕە پارەیەک لە بانک پێشتر ھەماھەنگی بکەن لەگەڵ ھێزەکانی ناوخۆ".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure