له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیاندا یه‌كێتى داواكارى نوێى رووبه‌ڕووى پارتى كردوه‌ته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/03/2019‌ :: 438‌ جار بینراوە
وه‌زاره‌ته‌كان بكرێنه‌ دوو پاكێج

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیاندا یه‌كێتى داوایكردووه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت بكرێنه‌ دوو پاكێج و ئه‌و داواكارییه‌ش له‌لایه‌ن پارتى-یه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.


(ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ى ئازارى 2019) هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان بۆ تاوتوێكردنى پرسی پۆسته‌كانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار و باڵاى یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، یه‌كێتى داوایكردووه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌ت بكرێنه‌ دوو پاكێج و له‌نێوان هه‌ردوو حزب دابه‌شبكرێن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێتى داوایكردووه‌ بۆ نمونه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان و فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ له‌نێو پاكێجه‌كاندا بن و یه‌كێتى له‌نێوان ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش یه‌كێكیان و له‌نێوان سامانه‌ سروشتیه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ش یه‌ك له‌و پۆستانه‌ى پێبدرێت، كه‌ له‌ كابینه‌ى ئێستادا سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ له‌ ده‌ستى پارتیدان.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى بۆ دواڕۆژ ئاشكراكرد: ئه‌و مه‌رجانه‌ى یه‌كێتى كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ خراونه‌ته‌ڕوو له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌ ته‌واوى ره‌تكراونه‌ته‌وه‌ و وه‌فدى پارتى ئه‌وه‌ى وتووه‌ كه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ پێویسته‌ ده‌ستكارى پۆسته‌كانى گۆڕان بكرێت و ئه‌وه‌ش ئه‌سته‌مه‌.

وتیشى: "ئه‌مڕۆ له‌ پارتى تێگه‌یشتین كه‌ ده‌یانه‌وێت پشكى یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى نوێ چۆن بێت، ئێمه‌ش له‌وه‌ تێگه‌یشتین كه‌ داواى چى بكه‌ین".

هاوكات لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای شەراكەتی راستەقینە و ئالیەت‌ و پێداویستیە عەمەلیەكانی جێبەجێكردنی كردووە. لەنێوانیشیاندا پشكەكانی یەكێتی لە پۆستەكاندا.

پێشتر دواڕۆژ بڵاویكرده‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك، بەڵام یەکێتی چه‌ند بژارده‌یه‌كی له‌باره‌ی پشكی خۆی له‌ پۆسته‌ سیادییه‌كانی خستووەته‌ به‌رده‌م شاندی پارتی. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش رایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی چه‌ند بژارده‌یه‌كی له‌باره‌ی پشكی خۆی له‌ پۆسته‌كان به‌تایبه‌تی پۆسته‌ سیادییه‌كانی خستووەته‌ به‌رده‌م شاندی پارتی، به‌شێك له‌و داواكارییانه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێكی قبوڵكراون و هه‌ندێك له‌و داواكارییانه‌ش دراوه‌ته‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت تاوه‌كو له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ 30ى ئه‌یلولى 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و له‌ 18ى شوباتى رابردووش به‌بێ ئاماده‌بوونى فراكسیۆنى یه‌كێتى په‌رله‌مانى كوردستان دانیشتنى ته‌واوكارى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ئه‌نجامدا.

له‌و كۆبونه‌وه‌یدا به‌شێوه‌ى كاتى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنى پارتى دیاریكرا، تا ئه‌وكاته‌ى یه‌كێتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كان و كاندیدى خۆى بۆ پۆسته‌كه‌ دیاریده‌كات، به‌ڵام دواتر راگه‌یه‌نرا كه‌ یه‌كێتى ده‌خوازێت له‌جیاتى ئه‌و پۆسته‌، پۆستى دیكه‌ وه‌ربگرێت.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure