دواڕۆژ زانیاری نوێ له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 12/03/2019‌ :: 2368‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


پارتی و یه‌كێتیی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌دا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك، بەڵام یەکێتی چه‌ند بژارده‌یه‌كی له‌باره‌ی پشكی خۆی له‌ پۆسته‌ سیادییه‌كانی خستووەته‌ به‌رده‌م شاندی پارتی.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (12ی ئازاری 2019)، هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی بۆ تاووتوێی پرسی پۆسته‌كانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت كۆبوونه‌وه‌، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لە سەرچاوەیەکەوە ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی چه‌ند بژارده‌یه‌كی له‌باره‌ی پشكی خۆی له‌ پۆسته‌كان به‌تایبه‌تی پۆسته‌ سیادییه‌كانی خستووەته‌ به‌رده‌م شاندی پارتی، به‌شێك له‌و داواكارییانه‌ ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌و به‌شێكی قبوڵكراون و هه‌ندێك له‌و داواكارییانه‌ش دراوه‌ته‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت تاوه‌كو له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌ن.

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یه‌كێتیی كێشه‌ی فره‌ كاندیدی هه‌یه‌ بۆ پۆسته‌ حكومییه‌كان و بۆ هه‌رپۆستێك چه‌ند كه‌سێك نیازی خۆپاڵاوتنی هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌پێناو به‌ هاوسه‌نگی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا به‌ ڕوونی قسه‌ له‌گه‌ڵ پارتی کراوە له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، یاخود زیادكردنی جێگری دووه‌م بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت له‌گه‌ڵ پێدانی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتیی له‌ كابینه‌ی نوێ ڕێككه‌وتن نەکراوە، به‌ڵام هه‌ردوولا ڕێكکه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه‌و له‌ دوای جه‌ژنی نه‌ورۆز سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ راسپێردرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: پاكێجی داواكارییه‌كانی یه‌كێتیی كه‌ خۆی له‌ پۆسته‌ سیادییه‌كان و وه‌زاره‌تە خزمه‌تگوزارییه‌كان و سه‌رۆكی ده‌سته‌و راوێژكارو به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، به‌ ته‌واوی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ڕه‌تنه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ ئه‌نجامبدرێت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و بڕیاریشه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتوو لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی پارتی و یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كۆببنه‌وه‌و تاووتوێی پێكهێنان و دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م بكه‌ن.

پێشتریش دواڕۆژ له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌دا یه‌كێتیی پاكێجێكی داواكاری نوێی خستۆته‌ به‌رده‌م  پارتی و له‌ ئێستاشدا جگه‌ له‌ داواكردنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، یەکێتی چه‌ند بژارده‌یه‌كی دیكه‌ی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زیری ناوخۆی خستووەته‌ به‌رده‌م شاندی پارتی.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure