38 ملیار دینار له‌ ماڵه‌كاندا هه‌ڵگیراوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 12/03/2019‌ :: 2414‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

پسپۆڕێكى بوارى ئابوورى  کە هاوكات راوێژكاری حكومه‌تى هه‌رێمیشه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: له‌ كۆی 50 ملیار دینار چاپكراو له‌ بانكى ناوه‌ندى عێراق 38 ملیار دینارى له‌ ماڵان هه‌ڵگیراوه‌و له‌و رێژه‌یه‌ش 18 ملیار دینار له‌ هه‌رێمه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ گرانبوونى نرخ له‌بازاڕه‌كان نه‌ك هه‌ڵگرتنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌.

ڕۆژى 8ى ئادارى 2018، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر بڕیارێكی پێشووتری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ بڕیاری ژماره‌ 64ی 2/3/2016 تایبه‌ت به‌ پاشه‌كه‌وتكردنی رێژه‌یه‌ك له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبۆوه‌و بڕیاریدا به‌: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ژماره‌ 64ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ 3/2/2016 تایبه‌ت به‌ په‌یڕه‌وكردنی سیستمی پاشه‌كه‌وتكردنی ڕێژه‌یه‌ك له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینی 8ی ئازاری2019 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاری كۆتای هێنان به‌ سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی ده‌ركرد، دوای بڕیاره‌كه‌ ده‌نگی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كاڵاوشتومه‌ك له‌ بازاڕه‌كاندا بڵاوبۆته‌وه‌ و له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش خه‌ڵكانێك ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخه‌كان.

د. ئاراس خۆشناو، سه‌رۆكى سه‌نته‌رى زانیارى و لێكۆڵێنه‌وه‌ى كوردستان، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند : بڕیارى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بڕیارێكى ناچارى بووه‌، دواى لابردنى ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ش بازاڕ بووژانه‌وه‌یه‌كى باش به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و گرانبوونى نرخه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كى كاتى ده‌بێت، به‌ ته‌واوى په‌یوه‌ندى هه‌ڵگرتنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌وه‌ نییه‌.

له‌باره‌ى گرانبوونى نرخ له‌ بازار ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: به‌شێكى زۆرى جوڵه‌ى بازاڕو گرانبوونى نرخ په‌یوه‌ندى به‌ مووچه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌و هه‌یه‌، كه‌ زۆربه‌ى زۆرى هاووڵاتیان ته‌نانه‌ت له‌ كاتى قه‌یرانى دارایش پاره‌ی كاشیان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆى دڵنیاینه‌بوون له‌ دۆخى سیاسى و ئابوورى پاره‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو.

ڕوونیشیكرده‌وه‌: به‌پێى ئه‌و توێژینه‌وه‌ى ئه‌وان كردوویان بانكى ناوه‌ندى عێراق له‌ ساڵى 2007ه‌وه‌ 50 ملیار دینارى عێراقى چاپكردووه‌و ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ ته‌نیا 12 ملیارى له‌ بانكه‌كاندایه‌، 38 ملیار دینار لاى هاوڵاتیانه‌ و له‌و رێژه‌یه‌ش 18 ملیار دینار له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌و لاى هاووڵاتیانه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌وپاره‌یه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ گلدراوه‌ته‌وه‌ هۆكاره‌ بۆ گرانبوونى بازار، چونكه‌ دواى ئه‌وه‌ى دۆخێكى سیاسى باش دێته‌ ئاراوه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وه‌كو پێشووترى لێدێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى پاره‌ى كاشیان هه‌یه‌ پاره‌كه‌یان ده‌هێننه‌وه‌ بازار، به‌مه‌ش گرانبوون و هه‌ڵئاوسان رووده‌دات.

د.ئاراس خۆشناو، هاوكات راوێژكارى حكومه‌تیشه‌ بۆ كاروباروى ئابوورى، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: تا مووچه‌ به‌ ته‌واوى دابه‌شده‌كرێت و جه‌ژنى نه‌ورۆز تێپه‌رده‌بێت بازاڕ جۆرێك له‌ گرانبوون به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌ڵام دواتر به‌م شێوه‌یه‌ نامێنێت.

هاوكات دكتۆر نیاز نه‌جمه‌دین، مامۆستاى زانكۆ و پسپۆرى بوارى ئابوورى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "پێدانەوەی مووچەی کارمەندی حکومەت چارەسەری قەیرانە قوڵەکەی هەرێم (رێژەی بێکاریی، هەژاریی، قەرزاریی، پاشەکشەی وەبەرهێنان، هتد)ناکات. خۆ ئەگەر بیکردایە، ده‌بوو لەو وڵاتانەی کارمەند مووچە لە واده‌ى خۆیدا وەردەگرێت، قەیران روینەدایە".

ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: پێدانەوەی مووچە تەنیا یەک کەرەستە بێت لە چارەسەری قەیرانەکە، بەڵام دەیان هەنگاوی تر دەبێت بنرێت بۆ ئەوەی هەم دەرچین لێی و هەم کە دوبارەبوەوە هێندە توند نەبێت.

ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ، ده‌شڵێت : "کێشەی مووچە تەنیا بڕینی پاشەکەوت نەبوو، بەڵکو دواکەوتنیشی بوو، هیچ مەرج نییە بۆ ئەمساڵیش تەواوی موچەی بڕیارلەسەردراو بگات بە فەرمانبەران".

روونیشیكرده‌وه‌ : خەڵک لای کەم دەمودەست متمانە بە حکومەت ناکاتەوە و بگاتە بازاڕ و پارەکانی خەرج بکات (باسی کاریگەریی وەرزی بەهار ناکەم). تەنانەت دیواری متمانەی خەڵک و حکومەتی عێراقییش هێندە ئەستور نییە هانی بەکاربردن بدات. بڕی پێدانەوەی موچەکەش بە کۆ هێندە زەبەلاح نییە.

ناوبراو، باسله‌وه‌شده‌كات: بەشێکی زۆر لە خەڵک قەرزارن، ئەولەوییەت دەدەن بە پێدانەوەی قەرزەکانیان، دوا کەس کە قەرزەکەی بە دەست دەگاتەوە، مەرج نییە متمانەی بە بازاڕی هەرێم هەبێت و بیخاتەوە بازاڕ. رەفتاری مرۆڤ دوای قەیران شتێکی کەمیش بێت دەگۆڕێت.

وتیشى "حزبەکان و سیاسییەکانیان متمانەیان لە دەست داوە و قسەکانیان کاریگەریی لەسەر خەڵک کەمبۆتەوە. پەیمانی درەوشاوە چیتر بەم زوانە هانی خەڵک نادات روبکەنە بازاڕەکان و بە کەیفی خۆیان پارە خەرجبکەن."

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاریداوه‌ هیچ بازرگان و كه‌سێك نابێت نرخی كاڵاو شتومه‌ك له‌ بازاڕه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و قایمقامی هه‌ولێریش ده‌ڵێت: سزای هه‌ر كه‌سێك ده‌ده‌ن كه‌ نرخ به‌رز بكاته‌وه‌.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌سه‌ر راسپارده‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بڕیاردرا به‌رێگریكردن له‌ گرانبوونى نرخى كه‌لوپه‌ڵ و كاڵاكان له‌ بازاڕ.

وتیشى: "بەپێویستی دەزانین ئاگاداری سەرجەم بازرگان و کاسبکارانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەینەوە، کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت گۆڕانکاری لەنرخی کاڵاو شتوومەک بکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و هەركەسێکیش سەرپێچی بکات بەپێی یاسا بەتوندترین شێوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەکرێت."

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: سەرجەم لێژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر بەوردی چاودێری بازاڕ دەکەن و بۆ ئەم مەبەستە داوا لەهاوڵاتیان دەکەین هەرشوێنێک گۆڕانکاری لەنرخەکاندا کرد ئاگادارمان بکەنەوە.
پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure