بۆچى كۆمپانیاى گازپرۆم كاره‌كانى له‌ بلۆكى نه‌وتى هه‌ڵه‌بجه‌ راگرت؟

هەواڵ / ئابوری :: 11/03/2019‌ :: 1030‌ جار بینراوە


دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید


هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو كۆمپانیاى گاز پرۆمى ڕوسى و گڵۆباڵى ئه‌مه‌ریكى، ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێك گه‌ڕان و پشكنیانیان له‌ بلۆكى نه‌وتى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامدا و بڕیاریش بوو له‌مساڵدا یه‌كه‌م بیرى نه‌وت لێبده‌ن، به‌ڵام به‌ وته‌ى جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌ پێیان ڕاگه‌یاندوین كه‌ به‌هۆى مین ڕێژبوونى ناوچه‌كه‌وه‌ ناتوانن درێژه‌ به‌كاره‌كانیان بده‌ن.
 

ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو ساڵ بوو هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمپانیاى گازپرۆمى روسى و گڵۆباڵى ئه‌مه‌ریكى، كارى گه‌ڕان و پشكنینیان له‌ بلۆكى نه‌وتى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستپێكرد كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌و ناحییه‌كانى به‌مۆ و سیروان و خورماڵ و بیاره‌ ده‌گرێته‌وه‌، نمونه‌ى خاكى ناوچه‌كه‌شان ره‌وانه‌ى ئۆفیسى سه‌ره‌كى كردووه‌ له‌ وڵاتى روسیا.
 
كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆمپانیاى گازپرۆم له‌ ساڵى رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كى چڕوپڕ له‌ سنورى ناحییه‌ى به‌مۆ و ناوچه‌كانى دیكه‌ى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستیان به‌ كارى پشكنین و گه‌ڕان به‌ دواى نه‌وتدا ئه‌نجامدا، به‌ڵام ئه‌و كات به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و دروستبوونى چه‌ند كێشه‌یه‌ك گه‌ڕان و پشكنینه‌كانیان راگرت و بڕیار بوو درێژه‌ به‌كاره‌كانیان بده‌ن.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئێمه‌ به‌نیازبووین له‌مساڵدا یه‌كه‌م بیرى نه‌وت له‌ سنوه‌كه‌دا لێبدرێت و كۆمپانیاى گازپرۆمیش له‌ پێگه‌ى ئه‌لیكترۆنى خۆیان ئه‌وه‌یان بڵاوكردبوویه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان به‌ گه‌ڕان و پشكنینكردووه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكیشدا یه‌كه‌م بیرى نه‌وت لێده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ دواین زانیاریاندا كۆمپانیای گازپرۆم ئه‌وه‌یان پێڕاگه‌یاندین كه‌  به‌هۆى ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ مینڕێژه‌‌و ناتوانن سودی لێببینن، كاركردنیان له‌ بلوكی نه‌وتی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاگرتووه‌ و له‌ بلۆكی شاكه‌ل ده‌ستیان به‌كاركردن كردووه‌.
 
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كۆمپانیاى گازپرۆم ئه‌وه‌یان بۆ روون نه‌كردینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ كوێیه‌ كه‌ نه‌وتى لێیه‌ و به‌ڵام مین رێژكراوه‌، له‌كاتێكدا له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بلۆكی نه‌وتی هه‌ڵه‌بجه‌، كۆمپانیای گازپرۆم 30 ملیۆن دۆلاری وه‌كو شیرینی دابوو به‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم، به‌ڵام ئێمه‌ ئاگادارى ورده‌كارى ئه‌و گرێبه‌سته‌ نین. 
 
 
له‌ سه‌روبه‌ندى ده‌ستبه‌كاربوونى كۆمپانیاى گازپرۆمى رووسى له‌ بلۆكى نه‌وتى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵى 2015، گۆڤاری گازپرۆمی روسی كه‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی كۆمپانیای گازپرۆمه‌، ئه‌وه‌ى بڵاوی‌ كرده‌وه‌ كۆمپانیاكه‌یان له‌ساڵی 2016 دا، یه‌كه‌م بیره‌ نه‌وتی ئه‌زمونیی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لێده‌دات و بڕیاریشه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2018- 2019 بیری تایبه‌ت به‌ ده‌رهێنانی نه‌وت له‌و پارێزگایه‌ لێبدات و ده‌ست به‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت بكات
 
راشیگه‌یاندوه‌: پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی نه‌وتی گه‌وره‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ به‌های‌ 5 ملیار و 13 ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ن.
 
پێشتریش عادل مه‌لا صاڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحییه‌ى به‌مۆى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كۆمپانیاى گازپرۆم كاره‌كانى له‌ بلۆكى نه‌وتى هه‌ڵه‌بجه‌دا راگرتووه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌رپرسانى باڵاى ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ له‌وه‌ دڵنیاكراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕێكى باش یه‌ده‌كى نه‌وت له‌ناوچه‌كه‌ بونى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت ده‌ست به‌لێدانى بیرى نه‌وت ده‌كه‌ن.
 
كۆمپانیای گازپرۆمی روسی به‌ یه‌كێك له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری وزه‌ داده‌نرێت له‌ جیهاندا و دوو گرێبه‌ستی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكیان گرێبه‌ستی بلۆكى نه‌وتى شاكه‌له‌ و ئه‌وی تریان سه‌رقه‌ڵا‌و گرێبه‌سته‌كانیشی‌ له‌ جۆری هاوبه‌شن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا كۆمپانیاى گازپرۆم گرێبه‌ستى له‌ سه‌ر بلۆكى نه‌وتى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم واژۆكردبوو، به‌ڵام دواتر له‌ برى بلۆكى نه‌وتى هه‌ڵه‌بجه‌ بلۆكى نه‌وتى شاكه‌ل كارى تێدا كرا له‌لایه‌ن كۆمپانیاى ناوبراوه‌وه‌.
پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure