چاره‌نوسى دراوى (وه‌ن كۆین) دواى ده‌ستگیركردنى دامه‌زرێنه‌رانى

هەواڵ / ئابوری :: 11/03/2019‌ :: 1459‌ جار بینراوە
كۆنستانتین ئیگنەتۆڤ، دامەزرێنەری وەن کۆین و رۆجا ئیگنەتۆڤ، ی خوشکی

دواڕۆژ


وەزارەتی دادی ئەمریكا دوێنى دەستگیرکردنی دامەرزێنەرانی دراوی ئەلیکترۆنی (وەن كۆین)ی راگەیاند و ئاشكرايكرد كه‌ فێڵ لە خەڵک دەکەن و لەو رێگەیەوە خۆیان دەوڵەمەند دەکەن.


ماڵپەڕی وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاويكردەوە: فەرمانگەی داواكاری گشتیی ئەمریكا لە نیویۆرك رایگەیاندووە، هەریەک لە كۆنستانتین ئیگنەتۆڤ (KONSTANTIN IGNATOV) دامەزرێنەری وەن کۆین و رۆجا ئیگنەتۆڤ،ی خوشکی دەستگیرکراون. 

 به‌پێى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ئەم تۆمەتبارانە پلانێكیان بەناوی كریپتۆكەرەنسیەوە دامەزراندووە كە ملیارەها دۆلاری دەستكەوتووە، كە هەموو كارەكانیان لەسەر فێڵكردن و خەڵەتاندنی خەڵك بووە، ئەوان لەم بازرگانییەدا زۆرترین دەستكەوتیان بووه و كەمترین مەترسیان لەسەر بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: دامەزرێنەرانی وەن کۆین سوودیان لە تەكنەلۆجیای نوێ وەرگرتووە و شێوازی كۆنی هەرەمی پۆنزیان بەكارهێناوە، ئەوەش مەترسییەكی گەورەی بۆ سیستەمی ئابووری وڵات دروستكردووە. هەروەها دەڵێت: دراوی ئەلیکترۆنی جیهانێكی شاراوە و ناڕێكخراوە، بە ئاسانی فێڵکردن و هەڵخەڵەتاندن تێیدا روودەدات.

لە راگەیەندراوەکەى وه‌زاره‌تى دادى ئه‌مریكادا هاتووه‌: جیۆفری بێرمان، داواكاری گشتیی باشووری نیویۆرک و بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئەمریكا دەڵێن، ئەو دوو کەسە کۆمپانیایەکی دراوی ئەلیکترۆنیان لەسەر بنەمای "درۆ و فێڵکردن" بە بەهای ملیاران دۆلار دروستکردووە و بەڵێنی ئەوەیان بە بەشداربووان داوە کە پارەی زیاتریان دەستدەکەوێتەوە، بەڵام وەک دیارە ئەم بازرگانییە هەرەمییە و بەشداربووان دەبنە قوربانی و وەبەرهێنەر و دامەرزرێنەرەکان خۆیان دەوڵەمەند دەبن. 

دەشڵێن: ئەوان لەم بازرگانییەدا پشتیان بە شێوازی هەرەمی بەستووە كە پلانێكی ناڕوون و نازانستییە، قوربانییەكان كەسانێكن بە مەبەستی بازرگانیكردن هاتوون و زەرەرمەند بوون، لەكاتێكدا خاوەنەكانی پلانەکە دەوڵەمەند دەبن و دەبنە سەرمایەدار.

وەن كۆین، وەك دراوێك لە ساڵی 2014 لەلایەن روجا ئیگنەتۆڤا دامەزراوە لە صوفیا لە بولگاریا، روجا ئیگنەتۆڤا لەسەرەتای دامەزراندنەوە سەرۆكی فەرمی ئەم پلانە بوو تا دیارنەمانی لە مانگی ئۆكتۆبەری 2017، كە دواتر كۆنستانتین ئیگنەتۆڤی برای ئەم ئەركەی گرتەئەستۆ.

وەن كۆین یەكێكە لەو كۆمپانیاینەی لەسەر بنەمای تۆڕی فرۆشتنی مەڵتی لیڤل كاردەكات، كە تیایدا ئەندامان لە ئاستەكانی سەرەوە بە هێنانی ئەندامی نوێ بۆ ئاستەكانی خوارەوە كۆمیشنێكی تایبەت وەردەگرن.

ئا: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure