بانكێك هه‌موو جۆره‌ قه‌رزێك به‌ هاوڵاتیانى عێراق ده‌دات

هەواڵ / Published :: 11/03/2019‌ :: 9520‌ جار بینراوە
ئاسانكاریی داراییش بۆ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان ده‌كات

دواڕۆژ

بانكى رافیده‌ینى عێراق داوای له‌ سه‌رجه‌م لقه‌كانى كرد كه‌ ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ راییكردنى مامه‌ڵه‌ى هه‌موو جۆره‌ قه‌زرێك، جگه‌ له‌ پێدانى قه‌رزیش ئاسانكاریی داراییش بۆ پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، به‌مه‌رجێك مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واوبێت و ره‌زامه‌ندى پێشوه‌خته‌یان وه‌رگرتبێت.


نوسینگه‌ى بانكى رافیده‌ین (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ى ئازارى 2019) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: پێویسته‌ له‌سه‌ر لقه‌كانمان ده‌رفه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنان بدۆزنه‌وه‌ و به‌وردى وردبینى و لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ نوێیه‌كان و قه‌رزى بازرگانى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌وردى به‌دواداچوون بۆ چالاكییه‌كانى و دڵنیاكردنیان بكرێت و كاركردن له‌هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كیش راده‌گرین ئه‌گه‌ر سستى له‌ گێڕانه‌وه‌ى پابه‌ندبوونه‌كانى بنوێنێت.

به‌یاننامه‌كه‌ داواى له‌ فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كانیش كردوه‌ كه‌ پابه‌ندبن به‌ گێڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانیان بۆ بانكه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى رێكارى یاسایی نه‌بنه‌وه‌ به‌تۆمه‌تى زیانگه‌یاندن به‌ سامانى گشتى.

بانكى رافیده‌ین داواى له‌ دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان كردوه‌، كه‌ پابه‌ندن به‌و به‌ڵێننامانه‌ له‌گه‌ڵ بانك واژۆیانكردوه‌، ده‌رباره‌ى ئه‌و پێشینانه‌ى كه‌ دراوه‌ به‌ فه‌رانبه‌ران كه‌ ده‌بێت له‌ مووچه‌كانیان ببڕدرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ڵێنیان داوه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ دادگا سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمارده‌كرێت.

ئا: س. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure