ئه‌و پزیشكه‌ى كه‌ به‌كتریاى نه‌خۆشیى سیل-ى دۆزییه‌وه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 11/03/2019‌ :: 182‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

رۆبێرت هاینرك هێرمان كوخ، رۆژى 11ى كانونى یه‌كه‌مى 1843 له‌ ناوچه‌یه‌كى نزیك هانۆڤه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا له‌دایكبووه‌ و به‌یه‌كێك له‌ زاناكانى زینده‌وه‌رزان و پزیشكێكى ناودارى جیهانى داده‌نرێت.


رۆبێرت كوخ، دامه‌زرێنه‌رى زانستى نوێى به‌كتریا و دۆزه‌ره‌وه‌ى ئه‌و میكرۆبه‌ى كه‌ مرۆڤ تووشى نه‌خۆشیى سیل ده‌كات، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ به‌هره‌یه‌كى سه‌رسووڕهێنى تێدا ده‌كه‌وتووه‌. ته‌نانه‌ت ده‌وترێت له‌ ته‌مه‌نى پێنج ساڵیدا (هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌) فێرى خوێندنه‌وه‌ بووه‌ و دواتر خوێندكارێكى یه‌كجار به‌هره‌مه‌ندى زانست و بیركارى بووه‌.

كاتێك خوێندكارى كۆلیژى پزیشكى ده‌بێت توێژینه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌ش پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌گاته‌ ئه‌و راستییه‌ى كه‌ زۆربه‌ى نه‌خۆشییه‌كان به‌هۆى كه‌ڕووه‌كانه‌وه‌ن. له‌ 10ى ئازارى ساڵى 1882 دا رۆبێرت كوخ ئه‌و به‌كتریایه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ هۆكارى تووشبوونى مرۆڤه‌ به‌ نه‌خۆشیى سیل.

كوخ چه‌ندین وڵاتى جیاجیا گه‌ڕاوه‌ بۆ په‌ره‌پێدان به‌ توانا زانستیه‌كانى و له‌هه‌مانكاتدا چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و ده‌رد و نه‌خۆشیانه‌ى كه‌ له‌وكاته‌نه‌دا بڵاوده‌بوونه‌وه‌ به‌تایبه‌ت نه‌خۆشیى سیل. 

ساڵى 1905 خه‌ڵاتى نۆبڵ-ى پزیشكیى پێبه‌خشرا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ى كه‌ به‌هۆى دۆزینه‌وه‌ى به‌كتریاى نه‌خۆشیى سیل-ه‌وه‌، پێشكه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تى و بوارى ته‌ندروستیى كردووه‌. هه‌وره‌ها خه‌ڵاتێكى تایبه‌تیشى به‌ناوه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ساڵانه‌ ده‌درێته‌ سه‌ركه‌وتوانى بوارى مایكرۆبایۆلۆجى.

رۆبێرت كوخ له‌ 27ى ئایارى 1910 به‌ نه‌خۆشیى دڵ كۆچى دوایى كردووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure