ده‌باغ: سه‌ردانه‌كه‌ى رۆحانى ده‌سكه‌وتى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت

هەواڵ / عێراق :: 11/03/2019‌ :: 231‌ جار بینراوە
حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

نوێنەری حكومەتی هەرێم له ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت: سەردانه‌كه‌ی حەسەن رۆحانی بۆ عێراق دەكات دەبێتە هۆی بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات و ده‌شڵێت: دەسكەوتەكانی سەردانەكە بەر كوردستانیش دەكەوێت.


سەرلەبەیانی (ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی ئازاری 2019) حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران بەسەردانێكی رەسمی سێ رۆژه‌ گەیشتە بەغدادی پایتەخت و بڕیارە پاش كۆبونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تريشدا كۆببێتەوە.

ده‌رباره‌ى ئاكام و ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆماری ئیسلامی ئێران بە دواڕۆژی راگەیاند: هەموو لایەك ئاگادارن لە رابردوو و ئێستا و بۆ داهاتووش پەیوەندی كۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، بەدرێژایی مێژووش ئێران لە قۆناغە هەستیارەكانی بزووتنەوەی جوڵانەوەی رزگاریخوازی عێراقی و كوردی هەمیشە رۆڵی لە پەنادانی خەباتگێڕەكان و پشتیوانیكردنیان بۆ دژایەتیكردنی رژێمە فاشیستەكانی رابردوو هەبووە.

بەبۆچوونی دەباغ، هەر كاتێك كە ئارامی و ئاسایش دەبێت، بەرپرسانی ئەم دوو وڵاتە پێویستیان بەوەیە پەیوەندییەكانیان بەهێزتر بكرێتەوە، لەم قۆناغەشدا كە عێراق پێیدا دەڕوات بەتایبەتی دوای ئازادكردنی ناوچەكان و پایەگاكان كە بەدەست داعشەوە بوون، هەروەها ئەم قۆناغەی ئێرانیش بەتایبەتی ئابڵوقەكان، دەكرێت ئەم سەردانانە ئەنجام بدرێن.

لەماوەی رابردوودا سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد، نازم دەباغ بەئاماژەدان بەو سەردانەی بەرهەم ساڵح، وتی: "وەك بینیمان لە رابردوودا سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی ئێرانی كرد، ئێستاش سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی عێراق دەكات، بۆیە ئەم سەردانانە دەبێت بنەمایەكی گرنگ لەچوارچێوەی عێراقێكی فراوان و یەكپارچەدا كە بەشێكیش لە دەسكەوتەكانی ئەم سەردانانە بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت".

هەروەها وتیشی: "بەدڵنیاییەوە هەموو سەردانێك رەنگدانەوەی بۆ ئایندەیەكی باشتر دەبێت، بەتایبەتیش مەسەلەی چەسپاندنی مەسەلەی ئاسایش لەناوچەكە كە دەبێتەهۆی بوژاندنەوە و دڵنیاییدان بەبواری بازرگانی و ئابوری".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure