"ئه‌مریكا هێزى زیاتر ره‌وانه‌ى عێراق ده‌كات"

هەواڵ / جیهان :: 11/03/2019‌ :: 141‌ جار بینراوە
هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ئاماده‌كارى كردووه‌ و بۆ ره‌وانه‌كردنى هێزى زیاتر بۆ عێراق به‌ مه‌به‌ستى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئێران، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "ئه‌و هێزانه‌ له‌ڕێگه‌ى ئیسرائیل و ئه‌رده‌ن-وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێن".


پێگه‌ى دیبیكا-ى ئیسرائیلى له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ئاماده‌كاریكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هێزى زیاتر ره‌وانه‌ى عێراق بكات له‌ڕێگه‌ى ئیسرائیل و ئه‌رده‌ن-وه‌، به‌مه‌به‌ستى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئێران له‌سه‌ر سنورى عێراق-سوریا".

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ كه‌نداو و ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تیش له‌ هه‌ردوو بنكه‌ى سه‌ربازى رۆمانیا و بولگاریا، ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بچن بۆ عێراق به‌مه‌به‌ستى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئێران، ئه‌و هێزه‌شى كه‌ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ 6ى ئازار، ره‌وانه‌ى عێراق كراوه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ هێرشكردن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ "هۆكارى سه‌ره‌كى رۆڵى ئێران ئه‌و هێزه‌ عێراق-یانه‌ى كه‌ كاریگه‌رن به‌ ئێران و له‌ سوریا رۆڵیان هه‌یه‌، بریتیه‌ له‌ رزگاركردنى چیاى جۆلان، كه‌ له‌ده‌ستى ئیسرائیل-دایه‌"

ئاشكراشیكردووه‌ "رۆژى هه‌ینى 8ى مارس، مایك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌نجامداوه‌ و نیگه‌رانى ئه‌مریكاى له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕیووه‌".

پێشتر فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانى سوپاى ئه‌مریكا له‌باره‌ى هێزه‌كانیانه‌وه‌ له‌ سوریا ئاشكریانكرد "هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ رۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواى سوریا، بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ سنورى سوریا له‌ مه‌ترسیدان، چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن سوپاى قودسى ئێران-ه‌وه‌ كۆنترۆڵكراون"، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى مانگى كانونى یه‌كه‌مى 2018، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا كشانه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ سوریا راگه‌یاند.

ئه‌م كاره‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ له‌ خولى دووه‌مى په‌رله‌مانى عێراق-دا كه‌ له‌ئێستادا ده‌ستى پێكردووه‌، پرۆژه‌ یاساى ده‌ركردنى هێزه‌ بیانیه‌كان تاوتوێبكرێت كه‌ به‌ په‌سه‌نكردنى خشتیه‌كى كاتى تایبه‌ت داده‌نێت بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ى سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانیه‌كان له‌ عێراق له‌نێویشیاندا هێزه‌كانى ئه‌مریكا.

ئاماده‌كردنى: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure