هه‌وڵه‌كانی ئازادكردنی ئۆجه‌لان

هەواڵ / چاوی تۆ :: 10/03/2019‌ :: 174‌ جار بینراوە

ئه‌نوه‌ر حسێن بازگر

چه‌ند ڕۆژێك له‌وه‌و پێش، بیست ساڵ تێپه‌ڕبوو به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان. به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئازادكردنی و كۆتایی هێنان به‌شه‌ڕی نێوان ئه‌نكه‌ره‌ و قه‌ندیل . هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وامن. به‌ڵام ده‌بێت یه‌كلا بكرێنه‌وه‌و بگه‌نه‌ ئاكام.  

له‌دواین دیداری زوبێر ئایدار ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی (كه‌جه‌كه‌) بۆ كوردستان دیبلۆماتیك ده‌ڵێت،، دواینجار پێش نه‌خۆشكه‌وتنی، مام جه‌لال، په‌یامی بۆ ئێمه‌ ناردو وتی،، من وه‌ك سه‌رۆكی عێراق هه‌وڵێك ئه‌ده‌م بۆ ئازادكردنی ئۆجه‌لان و ده‌مه‌وێت ده‌ست به‌ كارێك بكه‌م و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بجوڵێنم.

هه‌وڵێكی ئه‌مریكیه‌كانیش هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ و قه‌ندیل بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن و دواتریش ئۆجه‌لان ئازاد بكرێت ، به‌ڵام توركیا هێشتا ملی بۆ ئه‌و داواكاریه‌ش‌ نه‌داوه‌.

دانوستانه‌كانی ئۆسلۆی نێوان ئه‌نكه‌ره‌ - قه‌ندیل كه‌به‌گاداری به‌ریتانیه‌كان . ده‌یتوانی ده‌رفه‌تێكی باش بێت. بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد و ئازادكردنی ئۆجه‌لان به‌ڵام به‌ئاكام نه‌گه‌یشتن.

هه‌وڵه‌كانی ده‌زگای میت و هاكان فیدان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ - قه‌ندیل له‌لایه‌ن جه‌میل بایك و په‌كه‌كه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌ له‌ (2015)دا بایك پێی ڕاگه‌یاندبوون ئه‌گه‌ر دانوستان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان له‌ ئیمیڕاڵی ڕێككه‌ون، ئێمه‌ ڕازین . به‌ڵام توركه‌كان ئه‌م كاره‌یان نه‌كرد.

ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لان له‌ (15/2/1999) له‌ نایرۆبی له‌ كینیا، هێشتا ڕوداوێكه‌ زۆربه‌ی نهێنیه‌كانی ئاشكرا نه‌بوون.

ڕاسته‌ گه‌له‌ كۆمه‌كێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو له‌نێوان (ئه‌مریكا، ڕوسیا، یۆنان، توركیا، هۆڵه‌ندا، ئه‌ڵمانیا، كینیاو ئیسرائیل..) به‌ڵام گرێبه‌ست ، قازانج و ڕیككه‌وتنی نێوانیان، هێشتا دیارنیه‌.

دیارنیه‌ كارته‌كانی نێوانیان چۆن ئاڵوگۆڕ پێكراوه‌، ئه‌وه‌ی دیاره‌ له‌و كاره‌دا. كینیا پێنج ملیۆن دۆلاری وه‌رگرتووه‌.

ئه‌وه‌ی دیاره‌، كه‌ باس له‌ خیانه‌تی هاوڕێكانی ئۆجه‌لان و هه‌ندێك به‌رپرسی په‌كه‌كه‌ ده‌كرێت.

سه‌بری ئۆك، ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی (كه‌جه‌كه‌) ده‌ڵێت،، گومانی زۆرهه‌یه‌ ماهیر و وڵات و كانی یه‌ڵماز، ده‌ستیان له‌ پیلانگێریه‌كه‌دا هه‌بوبێت، بێگومان هه‌ردوو ناوبراو به‌رپرسی یه‌كه‌م و كاریگه‌ر بوون له‌ناو په‌كه‌كه‌ دا . كه‌ یه‌كه‌میان دوای ئه‌و ڕوداوه‌ خۆی ونكردووه‌ و دوو هه‌میشیان باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی خیانه‌ت كوژراوه‌.

بریتا بوله‌ری هۆڵه‌ندی، خاوه‌نی كتێبی ،، گه‌شته‌ بێ ئاكامه‌كانی سه‌ركرده‌یه‌ك،، به‌وردی ڕوداوی گه‌شتی ئۆجه‌لان له‌ (سوریاوه‌ تا كینا) و خیانه‌تی هاوڕێكانی و گه‌له‌كۆمكی ئه‌مریكا، ڕوسیا و یۆنان باس ده‌كات.

بابه‌تی گرنگی ئه‌و گه‌شته‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ی ئۆجه‌لان فڕۆكه‌كه‌ی له‌ یۆنانه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌ندا فڕی، هۆڵه‌ندا و سه‌رۆك وه‌زیران  ئاسمانی هۆڵه‌ندایان به‌ڕووی فڕۆكه‌كه‌ی ئۆجه‌لاندا دانه‌خستایه‌، چاره‌نوسی ئۆجه‌لان. وه‌ك ئێستا نه‌ده‌بوو، ئه‌مه‌ش ڕوونه‌، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ئۆجه‌لان ده‌رچوونی بوو له‌ ڕۆما – ئیتاڵیا. به‌خاتری  ماسیمۆ دالیما . بێگومان پیلانگێڕی ماهیر وڵات و وڵاتان، ڕۆڵی هه‌بووه‌ له‌ ده‌رچونی له‌ ڕۆما، تابكه‌وێته‌ ناو ئه‌و پیلانه‌ چنراوه‌ی وڵاتان چنیویانه‌.

لێكۆڵینه‌وه‌ تازه‌كان، ئه‌وه‌ باس ده‌كه‌ن، كه‌ قوبرسی یۆنانیش له‌ پیلانگێڕیه‌كه‌دا بووه، چونكه‌ تێپه‌ڕینی فڕۆكه‌كه‌ی توركیا كه‌ ئۆجه‌لانی هه‌ڵگرتبوو به‌ ئاسمانی قوبرسدا فڕیوه‌، به‌بێ ئاگاداری پێشوه‌خته‌.

به‌مدوایانه‌ش، حه‌سه‌ن ئۆشگوزار، كه‌ ئه‌وكاته‌ ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه ‌بووه‌، یه‌كێك بوه‌ له‌ ئه‌ندامانی تیمی فڕاندنی ئۆجه‌لان. باس له‌ به‌شداری ڕاسته‌وخۆی یۆنان ده‌كات له‌ پیلانگێڕیه‌گه‌دا، ده‌ڵێت "چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌ پیلانه‌كه‌، باڵیۆزی یۆنان له‌ كینیا، ڕاپۆرتێكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنانی پێده‌گات، كه‌ ئۆجه‌لان له‌ناو باڵیۆزخانه‌ بێهۆش بكرێت و دووربخرێته‌وه‌، هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ناوی ئۆجه‌لان به‌ (دایه‌ گه‌وره‌) هاتووه‌ و ده‌قی نامه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان ده‌ڵێت، گه‌ر پێویستی كرد، دایه‌گه‌وره‌ به‌زۆر فڕێ بده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌".

ئه‌مانه‌ی باس ده‌كرێن، ساده‌ترین چیرۆكی ته‌ندراوی بێ مۆڕاڵی وڵاتانی ئه‌وروپای به‌ناو دیموكراسیه‌. گه‌ر پێویستیش بكات سه‌دانی تری وه‌كو ئۆجه‌لانی بۆ ده‌كه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسی و ئابورییه‌كانیان.

ئێستا باسی گه‌رم ئه‌وه‌یه‌، توركیا بۆ ئۆجه‌لان ئازاد ناكات، پاش بیست ساڵ، به‌و ئاكامه‌ نه‌گه‌یشتووه‌، زیندانی ئۆجه‌لان چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ ناكات.

ئه‌نكه‌ره‌ ئه‌وه‌شی بۆ ده‌ركه‌وت. به‌بێ ئۆجه‌لان شۆڕش و خه‌باتی گه‌ریلای په‌كه‌كه‌ به‌هێزتر بووه‌و ئاپۆش تا ئه‌م ساته‌ به‌ مه‌رجه‌عی یه‌كه‌م و كۆتای خۆیان ده‌زانن، ڕاپۆرته‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ،په‌كه‌كه‌ تازه‌گی ده‌ستی به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ ڕاگه‌یشتووه‌ . كه‌ شه‌ڕ ده‌به‌نه‌ قۆناغێكی نوێوه‌.

توركیا، له‌وه‌ تێبگات باشه‌ كه‌ پاش په‌نجا ساڵ، حكومه‌تی كۆڵۆمبیا و بزوتنه‌وه‌ی فارك ڕێككه‌وتن

پاش بیست و حه‌وت ساڵ زیندانی، نیلسۆن ماندێلا ئازادكرا. بووه‌ سیمبوڵی ئاشتی و دیموكراسی له‌ ئه‌فریقای باشور و خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی وه‌رگرت.

ئون سان سوكی له‌ بۆرما، پاش زیندانی و ئه‌شكه‌نجه‌، حكومه‌ی سایگۆن ناچاربوو دانوستانی له‌گه‌ڵ بكات كه‌ ئێستا له‌ سه‌رۆكایه‌تی وڵاتدایه‌.

بۆیه‌ توركیا، واباشه‌ ئه‌م ڕوداوه‌ جیهانیانه‌ی له‌به‌رچاوبێت و هه‌رچی زووه‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی بكات و ئۆجه‌لانیش ئازاد بكات كه‌ دڵنیام ئۆجه‌لان ده‌توانێت ئاشتی به‌رقه‌رار بكات و كۆتایی به‌ شه‌ڕ و جه‌نگی چل ساڵه‌ بێنێت.

به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌بێت هه‌نگاوی گه‌وره‌ هه‌ڵبگرێت و ده‌خاله‌ت بكات كه‌ لانیكه‌م پێدانی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵ ئه‌مساڵ ده‌بوو بۆ ئۆجه‌لان بوایه‌. وه‌كو فشارێكی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێگا خۆشكه‌رن بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی لانیكه‌م بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی به‌شداریان له‌ پیلانگێڕیه‌دا.

بۆ توركیا، ئۆجه‌لان به‌زیندوویی گرنگتره،‌ له‌ مردنی، له‌ زینداندا، كه‌ زه‌ره‌ری زۆری لێده‌دات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure