سلێمانی: لەبارەی گرانبوونی نرخی گۆشتى مریشک بڕیاردرا

هەواڵ / ئابوری :: 10/03/2019‌ :: 13199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محەمەد

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاشكراى ده‌كات: لەئێستادا نرخی مریشک لە بازاڕەكاندا  له‌ 4 ھەزار دینار نزیكبوه‌ته‌وه‌ بڕیارى پێویستیش بۆ دابه‌زاندنه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ى دراوه‌.


سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: "نرخى مریشک بەھۆی کەمی بەرھەمھێنان و زۆری خواست لەلایەن ھاووڵاتیانەوە  بەرزبوەتەوە کە لەماوەی رابردوودا کێڵگە پەلەوەرییەکان بەھۆی زیانى زۆرەوە، بەشێکیان بەرھەمھێنانیان راگرتبوو".

راشیگەیاند: "بەشێک لەو مریشکەی بەرھەمدێت بەرەو شارەکانی خواروی عێراق دەڕوات، بۆیە بڕیارمانداوە کە نابێت مریشک بڕواتە دەرەوەی کوردستان، بەمەش رێگری لە به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ دەکرێت، به‌وپێیه‌ى لەناوخۆدا خستنه‌ڕوو زۆر دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەپێی بڕیارێک کە ساڵی 2016 دراوه‌، نرخی مریشک ھەتا 3500 دینار لەبازاڕەکاندا ئاساییە، رێگریشکراوە نرخ ھیچکات لەوە زیاتر نەبووە، ئەوەی ئێستاش ھەیە خواست زۆرە و بەرھەمھێنان  كه‌مه‌، بەمنزیکانەش نرخ ئاسایی دەبێتەوە".

هاوكات نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەدواڕۆژی وت: "لەئێستادا زیاتر لە 70%ی ھۆڵەکانی بەرھەمھێنانی مریشک چۆڵن و ھیچ مریشکێکیان بەرھەمنەھێناوە، بەھۆی ئه‌وه‌ى لە چەند مانگی رابردودا زیانى زۆریان پێگەیشت".

وتیشی: "ئەو نرخەی ئێستا کاتییە و دوای چه‌ژنى نەورۆز ھەرزان دەبێته‌وه‌ و دڵنیاییدەدەم بە ھاووڵاتیان کە لەئێستاوە ھۆڵەکانی بەرھەمھێنانی مریشک دەستیانکردۆتەوە بە پڕکردنەوەی ھۆڵەکانیان و بەرھەمھێنانی مریشک زیاد دەکاتەوە".

ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو، گۆشتی سوور و ماسی كه‌ بۆ ئەم مانگە دیاریکراوە بێتە سلێمانی 500 تۆن مریشك و 500 تۆن گۆشتی سور و 800 تۆن ماسی لەگەڵ  510 تۆن هێلكە بۆ مانگی ئازار هاوردە دەکرێت.

لەئێستادا نرخی مریشک بۆ ھەر کیلۆیەک لای فرۆشیاران بە 3800 دینار تا 4 ھەزار دیناره‌ کە بەراورد بە مانگی رابردوو بۆ ھەر کیلۆیەک ھەزار دینار بەرزبۆتەوە.

 

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure