له‌باره‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی گوندێكی كه‌ركوك هۆشداریده‌درێته‌ حكومه‌ت

هەواڵ / کوردستان :: 10/03/2019‌ :: 387‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی عه‌ره‌ب چونه‌ته‌ سه‌ر گوندی ته‌رجلی كوردنشین له‌سنوری ناحیه‌ی له‌یلان به‌مه‌به‌ستی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا و له‌لایه‌ن گوندنشینانه‌وه‌ روبه‌ڕوویان بوونه‌تەوه‌.


محه‌مه‌د وه‌یس، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی له‌یلان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: دوباره‌ كۆمه‌ڵێك عه‌ره‌ب فه‌رمانی دادوه‌ری دادگای كه‌ركوكیان وه‌رگرتوه‌ و هاتونه‌ته‌ سه‌ر گوندی ته‌رجل بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن خه‌ڵكی گوندی ته‌رجله‌وه‌ رووبه‌ڕوویان بونه‌ته‌وه‌ و رێگرییان لێكردوون.

رونیشیكرده‌وه‌: ته‌رجل گوندێكی كوردنشینه‌ تاوه‌كو ساڵی 1988 خه‌ڵكه‌كه‌ی راگوێزراون و عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌شوێنیان جێگیربوون به‌و پێیه‌ی له‌یلان هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌وه‌ پشتێنه‌ی ئه‌منی دروستكرا و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌شی هێنرانه‌ ناوچه‌كه‌ خه‌ڵكی (حه‌ویجه‌، مەحمودیه‌ و ناوچه‌كانی دیكه‌ن).

"به‌پێی بڕگه‌ی 4ی ماده‌ی 140 ته‌واوی ئه‌و گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییانه‌ هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هه‌ڵینه‌وه‌شاندوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌پێدانی نوسراوی فه‌رمی به‌عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان بۆئه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك".

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی له‌یلان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: كه‌ ماوه‌ی 15 ساڵه‌ گرێبه‌سته‌كانی عه‌ره‌به‌كان هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌ و به‌پێی یاساش ئه‌گه‌ر ماوه‌ی 5 ساڵ گرێبه‌سته‌كه‌ت كارانه‌كه‌یته‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌وەشێنرێته‌وه‌، به‌ڵام وادیاره‌ لایه‌نێك ده‌یه‌وێت به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی خۆی جارێكی دیكه‌ عه‌ره‌به‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ مه‌حاڵه‌.

سه‌رسوڕمانی خۆشی نیشاندا كه‌ حكومه‌تی عێراق هیچ گرنگییه‌ك به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌وییه‌كانی كه‌ركوك نادات، لیژنه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ دروستكراوه‌ كه‌چی هیچ رێوشوێنێك نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر كه‌ ده‌ره‌نجامی خراپی ده‌بێت.

محه‌مه‌د وه‌یس ئه‌وه‌شی وت: "وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی له‌یلان ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی سزای یاسایی و له‌ده‌ستدانی پۆسته‌كه‌شم ببمه‌وه‌ ئه‌وا رێگە نادەم ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌یلان".

"گوندی ته‌رجل 1459 خانوو له‌خۆده‌گرێت و سه‌رجه‌میانیش له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان ئه‌نجامدراون كه‌ ئێستا عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌پاڵپشتی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و دادگا داوای ده‌كه‌نه‌وه‌".

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure