پارتى تاووتوێی به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى نوێ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 10/03/2019‌ :: 393‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆ به‌شداریكردن و نه‌كردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى ئازارى 2019) ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى تاووتوێی ده‌كات.


به‌هۆى كشانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌ت، په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و كۆمه‌ڵ "گرژى و ئاڵۆزى" تێكه‌وت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى مانگى رابردوو هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان رێككه‌وتن، به‌ڵام له‌سه‌ر به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت هیچ قسه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا نه‌كراوه‌.

له‌باره‌ى به‌شداریپێكردن و نه‌كردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان، ئاراس حه‌سۆ میرخان، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى ئازارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆی سه‌ركردایه‌تى پارتى كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى كاك مسعود بارزانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پرسى به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌.

پێشتر شوان رابه‌ر، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو: كۆمه‌ڵى ئیسلامى پێیباشه‌ پارتى سه‌ردانێكى تایبه‌تى بكات و به‌جددى داوا له‌ كۆمه‌ڵ بكات بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت، ئه‌وكات كۆمه‌ڵ ده‌ست به‌ دانوستاندن ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.

كۆبوونه‌وه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌كاتێكدایه‌، پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت سه‌ردانى سه‌رجه‌م حیزبه‌كانى كردووه‌و داواى لێكردوون به‌شدارى له‌ كابینه‌ى حكومه‌ت بكه‌ن و له‌سه‌ر هه‌مان پرس له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان رێككه‌وتنى واژۆ كردووه‌.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ پۆستێكى وه‌زارى و سه‌رۆك ده‌سته‌یه‌ك و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى به‌شدارى له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم كرد، به‌ڵام له‌ 20ى كانوونى یه‌كه‌مى 2017 له‌ حكومه‌تى هه‌رێم كشایه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure