ئازاد تۆفیق: چوار ساڵە هەڵەبجە پارەی پێویستی بۆ تەرخان نەكراوە

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 10/03/2019‌ :: 1097‌ جار بینراوە
ئازاد تۆفیق

دواڕۆژ، سامان قوبادی

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: دوای چوار ساڵ لە بوون بە پارێزگا، هەڵەبجە كێشەی گەورەی رێگەوبانی هەیە، ئازاد تۆفیق پارێزگای هەڵەبجە لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لەوەشدەكات: پێویستمان بەوەیە بەلایەنی كەمەوە مانگانە یەك ملیۆن دۆلار بۆ پارێزگاكە تەرخانبكرێت.

دواڕۆژ: ئەمساڵ لە یادی 16ی 3دا چی لە هەڵەبجە چی دەكرێت؟

ئازاد تۆفیق: لە هەڵەبجە و پێنجوێن و شارەزوور، ئامادەكاریی تەواوكراوە بۆ یادی 31 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كە دوو رۆژ دەخایەنێت، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم بانگێشتی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سه‌رۆكى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرجەم كونسوڵگەرییەكان دەكات، وەكو پارێزگای هەڵەبجە بانگێشتی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و كەسوكاری شەهیدان دەكەین، لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە بودجە بۆ یادەكە تەرخانكراوە، بەڵام نازانین بڕەكەی چەندە، بۆ میوانانی بیانی-ش شوێنی مانەوە دابینكراوە، یادەكە چالاكی ئەدەبی و هونەری و فەرهەنگی و كلتوری لەخۆدەگرێت.

دواڕۆژ: ئایا 16ی 3 هیچ منداڵێكی ونبووی هەڵەبجە رادەستی خێزانەكەی دەكرێتەوە؟
ئازاد تۆفیق:
تائێستا هیچ منداڵیكی ونبوو نەدۆزراوەتەوە تا لەو رۆژەدا بە خانەوادەكەی ئاشنابكرێتەوە، كەیسێكی هەستیارە دەبێت مامەڵەیەكی عەقڵانی لەگەڵ بكەین، بۆ ئەو مەبەستە رێكخراوی منداڵانی ونبوو كار لەمەدا دەكەن.

دواڕۆژ: ژمارەی بریندارانی هەڵەبجە چەندە و ئەمساڵ هیچ قوربانیەك دەنێردرێتە دەرەوە بۆ چارەسەر؟
ئازاد تۆفیق:
لە هەڵەبجە نزیكەی 10 هەزار برینداری پلە یەك و دوو و سێمان هەیە، لەم هەفتەیەدا 46 برینداری چەكی كیمیایی ئامادەن و دەنێردرێن بۆ ئێران بەمەبەستی چارەسەر.

دواڕۆژ: لە 2ی 7ی 2017 جێگری سەرۆكی حكومەت هاتە شارەكە و بەڵێنی چارەسەری كێشەكانیدا، دوای ئەو ماوەیە چی جێبەجێكرا؟
ئازاد تۆفیق:
كێشە لە هەموو پارێزگاكاندا هەیە، كاتێك هەڵەبجە كرا بە پارێزگا شەری داعش دروست بوو، نرخی نەوت دابەزی، بودجەی هەرێم بڕدرا، هەڵەبجەش وەك پارێزگاكانی تر بێبەش نەبوو لەم قەیرانە، بەڵام توانرا جگە لە رێگاوبان و كارەبا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر بكرێنەوە، جگەلەوە كۆمەڵێك دەزگای هاوبەش هەیە لەنێوان هەرێم و ناوەند وەك (پاسپۆرت، رەگەزنامە، ئیقامەیە، كارتی نیشتیمانی و گومرگ) لە 80%ى كارەكانیان تەواوبووە، هەر كاتێك وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەزیری بۆ دیاریكرا، سەردانی بەغدا دەكەین.

دواڕۆژ: پێتوایە بۆچی كێشەكانی هەڵەبجە نەبووەتە لایەنی سەرەكی گفتوگۆكانی هەرێم و ناوەند؟ بەتایبەت تائێستا دان بە جینۆساید و پارێزگابوونی هەڵەبجە نەنراوە؟
ئازاد تۆفیق:
هەرێم و بەغدا بەرپرسن لە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكان، هەڵەبجە دەبێت بەجینۆساید بناسێنرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقیدا بڵاوبكرێتەوە، كە بەپێی یاسا 19مین پارێزگای عێراقە، دوای ناساندنی جینۆسایدی هەڵەبجە لەلایەن بەغداوە، دەوڵەتی عێراق دەبێت بچێتە ژێرباری سێ رەهەندی گەورە، ئەوانیش سیاسی و یاسایی و ئابوری، لەرووی داراییەوە هەر كەسێك زەرەرمەند بووە قەرەبوودەكرێتەوە.

دواڕۆژ: دوو ساڵ لەمەوبەر بەپێی مادەی 8 لە یاسایی ئیدارەدانی پارێزگاكە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە جیاكردنەوەی دارایی هەڵەبجە، بەمپێیە دەبن بە خاوەنی بودجەی سەربەخۆ، بۆچی جێبەجێ نەكراوە؟
ئازاد تۆفیق:
حكومەتی هەرێم داوایكرد، بەڵام بەغدا لە یاسای بودجەی گشتیدا ناوی هەڵەبجەی وەك پارێزگا نەهێنا و میزانیەی بۆ دانەنا، ئێستا هەموو بودجەی هەڵەبجە لەسەر هەرێمە، تەنانەت ئەو فەرمانگانەی هاوبەشن لەنێوان هەولێر و ناوەند، حكومەتی هەرێم خەرجییەكانی دابیندەكات، دەبێت بەلاییەنی كەمەوە مانگانە یەك ملیۆن دۆلاری بۆ دابینبكرێت كە ساڵانە 12 ملیۆن دۆلارە و بڕكەكەی زۆر كەمە لەناو بودجەی گشتی عێراقدا، بەداخەوە ئەمەش نەكراوە، ماوەی چوار ساڵە بوین بە پارێزگا تەنانەت یەك ملیۆن دۆلارمان بۆ خەرج نەكراوە.

دواڕۆژ: كەواتە ئەمساڵ چی دەكەن بۆ ئەوەی بەشە بودجەی پارێزگاكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە جێگیربكرێت؟
ئازاد تۆفیق:
دەبێت هەرێم بودجەی هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ دابینبكات، نەك تەنها وەكو ژمارە مامەڵەمان لەگەڵ بكات، راستە ژماری دانیشتوانی شارەكە 120 هەزار كەسە و كەمترە لە پارێزگاكانی تر، بەڵام برینی هەڵەبجە قورسە، پێویستە مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ بكرێت، لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندەوە.

دواڕۆژ: پارێزگاكە چەند میلاكی پێویستە بۆی دابمەزرێنرێت؟
ئازاد تۆفیق:
پێویستمان بە نزیكەی 1000 هەزار كەسە، كێشەیەكی گەورەی ئێمە كەمی میلاكە لە بەڕێوەبەرایەتییەكاندا، تەنانەت لەناو بینای پارێزگاكەشدا.

دواڕۆژ: بەپێی مادەی 9 لە یاسای ئیدارەدانی هەڵەبجە دەبێت هاوشێوەی پارێزگاكانی تر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام تائێستا بەشێك لە بەڕێوەبەرایەتییە سەرەكییەكان نەكراونەتەوە، وەڵامتان چییە؟
ئازاد تۆفیق:
رێگاوبان و كارەبا دوو بەڕێوەبەرایەتی سەرەكین كە لە هەڵەبجەدا نین، ناگاتە 40 رۆژی تر دەكرێنەوە، ئەوانی تر كە هاوبەشن لەنێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی بە پێكنەهێنانی كابینەی نوێی عێراقەوە هەیە، هەروەها بەغدا لە رۆژنامەی وەقائیقدا بە فەرمی دانی بە پارێزگای هەڵەبجەدا نەناوە، بۆیە مامەڵەی تەواوەتیمان لەگەڵ ناكات، بە هەوڵی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تا شەش مانگی تر كەیسی هەڵەبجە بەتەواوی كێشەكانی چارەسەردەكرێت، بەتایبەت دامەزراوەكان.

دواڕۆژ: دوای چەند ساڵێك لە بوون بە پارێزگا، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگاتان نییە، كێ لەمە بەرپرسە؟  
ئازاد تۆفیق:
پەیوەندی بە رێككەوتنی لایەنەكان و هاوسەنگی سیاسییەوە هەیە، تائێستا لایەنەكان لە گفتوگۆدان بۆ ئەو مەبەستە، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بە زووترین كات دەستبەكار بێت، ئەگەر حیزبەكان لە ئاستی بەرپرسانی باڵا رێكبكەون لە خوارەوە چارەسەردەبێت و پێكدەهێنرێت.

دواڕۆژ: لە كام سێكتەردا هەڵەبجە كێشەی گەورەی هەیە؟
ئازاد تۆفیق: كێشەی گەورەمان رێگەوبانە، لەنێوان نێوان هەڵەبجە و پشتی زەڕایەن، پێویستمان بەوەیە شەقامێك دروستبكەین كە پێی دەوترێت (تۆقوت) هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە دەربەندیخان و گەرمیان و بەغداوە، جگەلەوە دەتوانین جادەی سازان- هەڵەبجە بە درێژایی 14 كیلۆمەتر تەواوبكەین، بۆ ئەوەی بارهەڵگرەكان لە ئێرانەوە نەیەتە پاوە، بەڵكو یەكسەر بێتە هەڵەبجە و دواتر بڕوات بۆ ناوچەكانی تر عێراق، ئەمانە زۆر پێویستن و ستراتیژن كە لە كابینەی نوێدا كاری لەسەر دەكەین، جموجووڵی بازاڕ و بازرگانی شارەكە-ش گەشەدەسەنێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure