سبه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی په‌سه‌ند ناكات
هەواڵ / کوردستان :: 09/03/2019 :: 5827 جار بینراوە
دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
(سبه‌ی یه‌كشه‌ممه 10ی ئازاری 2019) ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی كۆده‌بێته‌وه، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی ئەو حیزبەش دەڵێت: "له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی په‌سه‌ند ناكرێت، چونكه پێشتر ده‌سه‌ڵات به مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دراوه و پەسەندکراوە".
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9ی ئازاری 2019) به دواڕۆژی راگه‌یاند: سبه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌كات له هه‌ولێر.
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی وتی: "رەوشی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومه‌ت و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی هه‌رێم تاوتوێده‌كرێت".
له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی وتی: "له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی په‌سه‌ند ناكرێت، چونكه پێشتر ده‌سه‌ڵات به مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دراوه، كه راسته‌وخۆ دوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی په‌سه‌ندی بكات، بۆیه ئه‌و رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه په‌سه‌ندكراوه".
له 4ی ئازاری 2019، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هه‌ولێر رێككه‌تنێكی نێوان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و دانانی پارێزگارێكی كه‌ركوك له پشكی یه‌كێتی و وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری دادی عێراق له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه، واژۆ كرد.
پ: ک. س