ژمارەیەك كورد لەكەمپێك لەدۆخێكی خراپدان

هەواڵ / کوردستان :: 09/03/2019‌ :: 629‌ جار بینراوە
وێنە: ئەرشیف

دواڕۆژ، زریان محەمەد

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق دەربارەی ڕەوشی کەمپێکی پەنابەران ڕایدەگەیەنێت: کە دۆخی ئەوانەی لەناویدان خراپە، كەمپەكە پەنابەری كوردیشی تێدایە كە لەهەرێمی كوردستانەوە رۆیشتوون.

دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق بە دواڕۆژی وت: "لەدورگەی سامۆسی یۆنان کە نزیک تورکیایە، زیاتر لە چوار هەزار پەنابەر لەنیو کەمپێکی بچوکی دوور لەشاری سامۆس جێگیرکراون".

بەوتەی ناوبراو: کەمپەکە سەرەتا دروستکراوە بۆ جێگیرکردنی ٤٠٠ پەنابەر، بەڵام لەئێستادا زیاتر لە چوار هەزار پەنابەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای لە خۆگرتووە".

وتیشی: "زۆرینەی زۆری پەنابەرەکان لەنێو چادردان کە چادرەکان سادەترین پێداویستییەکانی تێدا نییە".

کەمپەکە کەوتووەتە بەرزاییەکەوە لە پاڵ شاخێکدایە کە زۆر سەختە بۆ ژنان و مناڵان و بەتەمەنەکان بچنە خوارەوە و دووبارە سەرکەونەوە بۆ ناو کەمپەکە ،گەر پێویستییەکیان هەبێت لەناوبازاڕ یان بیانەوێت بچنە خوارەوە بۆ نامە ناردنێک لە پۆست یان پارە وەرگرتن کە لەکەسوکاریانەوە بۆیان دەنێردرێت.

بەوتەی دەشتی جەمال، ئەم چەند هەزار پەنابەرە لە جێگایەکی سەخت و هەوراز و سارد و تەڕ و دژواردا نیشتەجێکراون کە ناتوانن ئازادانە ئەم دورگەیە جێبهێڵن.

ژمارەی ئەو کوردانەی لەو کەمپەدان زیاتر لە ٥٠ پەنابەر دەبێت کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە و لەئێستادا لەو کەمپەدان.

دەربارەی ئەوەی تاچەند حکومەتی ھەرێم ئاگاداری ڕەوشی ئەو کەمپەیە؟، دەشتی جەمال ڕایگەیاند: حکومەتی ھەرێم خۆی سەرچاوەی ھەڵاتنی بەشێک لە خەڵکی کوردستانە بەناچاری و ژیانی پەنابەریی هەڵدەبژێرن.

ئاماژەی بەوەشدا: پەنابەران لەم جێگەیەدا فەرامۆشکراون و داخوازییەکانیان وەڵام نادرێتەوە، چەند مانگ لەم کەمپە پەنابەرییەدا بەسەر دەبەن تاکو چاوپێکەوتنی پەنابەرییان لەگەڵدەکرێت و پاش چاوپێکەوتنەکەش دەبێ بەلایەنی کەمەوە چەند مانگێک چاوەڕێ بکەن پاشان وەڵامی داوای پەنابەرییەکەیان دەدرێتەوە.

پەنابەرێکی زۆر ١٠ بۆ ١٨ مانگ چاوەڕێدەکەن پاش چاوپێکەوتن هێشتا وەڵامی داواکانیان نادرێتەوە، تەنانەت کاتێک وەڵام وەردەرگرن، بە ڕەتدەکردنەوە وەڵامدەدرێنەوە كە ئەویش بەپڕۆسەیەکی ئێجگار دوور و درێژ و ناشەفاف و نارۆشندا تێدەپەڕێت بەتایبەتی کاتێک داوای پێداچوونەوە دەکەن بە کەیسەکانیاندا".

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا زنجیرەیەک ناڕەزایەتی ئەنجامدرا دژ بەئیدارەی ئەو کەمپە و داخوازییەکانیان بریتی بوون لە وەڵامدانەوەی خێرا بەداواکارییەکانی پەنابەران و باشکردنی باری ژیان و گوزەرانیان و ناردنی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی دوورگەکە.

داڕشتنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure