دەرمانخانە ناسراوەکەی کەرکوک داخرا

هەواڵ / کوردستان :: 09/03/2019‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی خراپ بەمەبەستی دابەزینی کێشی لەش، تەندروستی کەرکوک بڕیاریدا بەداخستنی دەرمانخانەی جەدوع.


لە چەند مانگی رابردوودا لە کەرکوک دەرمانخانەی جەدوع کرایەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە رێگەی چارەسەری سروشتیەوە کێشی لەش دادەبەزێنێت و گرتەی ڤیدیۆیی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیانی بڵاودەکردەوە کە دوای بەکارهێنانی چارەسەرەکان کێشیان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

حسێن سابڕ، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک (ئەمڕۆ شەممە 9ی ئازاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: دەرمانخانەی جەدوع بۆ دابەزاندنی کێش داخرا، چونکە چارەسەری خراپی بەکارهێناوە.

وتیشی: "لەلایەن پشکنینی تەندروستیەوە نمونەی دەرمانەکانی وەرگیراوە و دوای پشکنین دەرکەوتوە کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ جێدەهێڵن بۆیە رێوشوێنی یاسایی لە دژی گیراوەتەبەر".

بەپێی نوسراوێکی بەشی پشکنینی دەزگا تایبەتەکانی تەندروستی کە ئاراستەی تەندروستی کەرکوکی کردوە، تیایدا ئەنجامی پشکنینی دەرمانەکانی جەدوعی خستوەتەڕوو و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە چارەسەرەکانی زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن و فشاری خوێن بەرزدەکەنەوە و دەبێتە هۆی مردنی لەناکاو.

سەرچاوەیەک لە تەندروستی کەرکوک، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بەدواڕۆژی وت: "ئەو رێوشوێنانەی دژی (ئەحمەد جەماڵ) خاوەن دەرمانخانەی جەدوع گیراوەتەبەر لەسەر بنەمای سکاڵای ئەو هاووڵاتیانە بووە کە بەهۆی چارەسەکانەوە توشی نەخۆشی بوون".

وتیشی: "لە لایەن تەندروستی کەرکوکەوە بەڵێننامەی پێ پڕکراوەتەوە کە دەرمانخانەکەی نەکاتەوە بەپێچەوانەوە رێوشوێنی دیکە دژی دەگیرێتەبەر".

ئاماژەی بەوەشکرد: لەسەر سکاڵای هاووڵاتیەک سزادراوە، بەڵام سزاکەی راگیراوە و لەئێستایشدا سکاڵایەکی دیکەی لەسەرە، چاوەڕوان دەکرێت تەندروستیش دۆسییەکەی رەوانەی دادگا بکات کە رەنگە بەهۆیەوە دەستگیربکرێت.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure