ڤێتنام ... جه‌نگى برده‌وه‌و له‌ ئاشتیدا دۆڕاندى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/03/2019‌ :: 223‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

كافتریا و چێشتخانه‌ به‌ناوبانگه‌كانى ئه‌مریكا به‌ جۆرێك له‌ شاره‌كانى ڤێتنامدا بڵاوونه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك بۆى لێكنادرێته‌وه‌. به‌ ده‌گمه‌ن گه‌شتیارێكى خۆرئاوایى ده‌بینیت له‌ ماگدۆناڵدز خواردن بخوات یان له‌ كافتریایه‌كى ستاربێكس قاوه‌یه‌ك بخواته‌وه‌ چونكه‌ قاوه‌و خواردنى ڤێتنامیان پێ خۆشتره‌، به‌ڵام ده‌سته‌بژێره‌ ڤێتنامیه‌كه‌، به‌ تایبه‌ت تازه‌ پێگه‌یشتوان شێوازى ژیانى ئه‌مریكیان پێخۆشه‌ به‌ زمان و قاوه‌و خوارده‌مه‌نیه‌كانیانه‌وه‌.


ئه‌م سه‌رسامبونه‌ى لاوازى ڤێتنام به‌ هه‌موو شتێكى ئه‌مریكى مایه‌یى بێزارى و نائومێدییه‌كى گه‌وره‌یه‌ لاى باوكان كه‌ شه‌ڕێكى بێ ئامانیان كرد دژى داگیركارى ئه‌مریكا و له‌ ساڵى 1975دا ئه‌و وڵاته‌ زه‌به‌لاحه‌ى ناچاركرد له‌ ڤێتنام بكشێته‌وه‌.

له‌ ساڵانى ڕابردوودا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڤێتنام زۆربه‌ى كات له‌ شه‌ڕو ناكۆكیدا بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هانۆى توانى به‌ سیستمه‌ كۆمۆنیستیه‌كه‌شیه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ واشنتۆندا ئاسایى بكاته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندى ئابورى و سیاسى و سه‌ربازى فراوان كۆى كردنه‌وه‌ .

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ شه‌ڕى ڤێتنامدا زیاتر له‌ 58 هه‌زار سه‌ربازى كوژراو زیاتر له‌ 150 هه‌زار سه‌ربازى دیكه‌شى برینداربوون.

له‌ ڤێتنامیش دوو ملیۆن هاووڵاتى مه‌ده‌نى و یه‌ك ملیۆن سه‌رباز كوژران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ به‌كارهێنانى فراوانى مینى زه‌مینى و كه‌ره‌سته‌ى تیشكدارو كیمیاوى كه‌ كاریگه‌رییه‌كانیان چه‌ندین ساڵ مانه‌وه‌ .

له‌ سه‌ره‌تادا واشنتۆن پشتیوانى له‌ هه‌وڵه‌ جه‌نگییه‌كانى فه‌ره‌نسادا كرد، پاشان پشتیوانیه‌كه‌ى بوو به‌ پشتیوانى سه‌ربازى و زیاتر له‌ 17 هه‌زار ڕاوێژكارى سه‌ربازى بۆ ته‌رخانكرد و له‌ ساڵى 1969دا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ نزیكه‌ى 600 هه‌زار سه‌ربازى ئه‌مریكى له‌ ڤێتنامدا شه‌ڕ بكه‌ن.

به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ زانكۆى هارڤارد كردوویه‌تى جه‌نگى ڤێتنام بووه‌هۆى ئاواره‌بوونى 10 ملیۆن كه‌س و بێباوكبوونى 880 هه‌زار مناڵ و بێوه‌ژنكه‌وتنى یه‌ك ملیۆن ئافره‌ت، هه‌روه‌ها سێ ملیۆن كه‌سیش بێ كار مانه‌وه‌ و له‌ كاتى كۆتاییهاتنى شه‌ڕه‌كاندا ڕێژه‌ى هه‌ڵاوسان گه‌یشته‌  900%.

واشنتۆن به‌ڵێنیدا 3,5 ملیار دۆلار وه‌ك قه‌ره‌بوو پێشكه‌شى ڤێتنام بكات له‌ پاى وێرانكردنى ژێرخانه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى ڤێتنام، هه‌روه‌ها 2 ملیار دۆلارى تریشى پێبدات وه‌ك قه‌ره‌بوو له‌ به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانى كه‌ره‌سته‌ى كیمیاوى كه‌ زیانى به‌ 2 ملیۆن ڤێتنامى گه‌یاندبوو، به‌ڵام بڕیارى ئه‌وه‌شیدا كه‌ بایكۆتى ڤێتنام بكات و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سیستمه‌ كۆمۆنیستیه‌كه‌یدا نه‌كات . به‌ڵام هه‌ردوو وڵات له‌ ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا به‌ هه‌نگاوى هێواش ده‌ستیان كرد به‌ پڕۆسه‌ى ئاسایی كردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان و ئه‌مڕۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ ئاستێكى به‌هێزدان . ڕێككه‌وتن نامه‌ى پاریس كه‌ ساڵى 1975 ڤێتنامییه‌كان له‌گه‌ڵ واشنتۆندا ئیمزایان كرد یه‌كێك له‌ توندوتیژترین جه‌نگه‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌مى كۆتاى پێ هێنا.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان 20 ساڵى پێچوو تا هه‌موو سزا و بایكۆته‌كانى سه‌ر ڤێتنام هه‌ڵبگرێت كه‌ له‌دواى كۆتاى هاتنى جه‌نگه‌كه‌ سه‌پاندبوونى و ئه‌مه‌ش مێژوویه‌كى نوێى له‌ په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تدا خوڵقاند.

په‌یوه‌ندییه‌كان گه‌شه‌یان كرد بۆ ئاستى شه‌راكه‌تێكى به‌ربڵاو له‌سه‌ر دوو پایه‌ كه‌ یه‌كێكیان بازرگانى ئابوریه‌ و ئه‌وى دیكه‌ش سه‌ربازى ستراتیجییه‌ . هه‌ڵكشان و به‌رده‌وامبوونى هێزو هه‌ژمونى ئابورى و سه‌ربازى چین به‌ تایبه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵات و باشورى ئاسیادا هۆكارێكى یاریده‌ده‌رى ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌و بگره‌ پاڵنه‌رى سه‌ره‌كیش بوو .
واشنتۆن و هانۆى هه‌ستێكى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر زیادبوونى هه‌ڕه‌شه‌ى چین به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن سه‌ربازى ده‌ریاییه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى ڤێتنام .
زۆربه‌ى گه‌لى ڤێتنام به‌ ئه‌رێنى ده‌ڕواننه‌ دۆناڵد ترامپ و له‌ %85 متمانه‌یان به‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا هه‌یه‌ و ڕێژه‌كه‌ له‌ناو گه‌نجاندا ده‌گاته‌ له‌ %87.

په‌یوه‌ندى سه‌ربازى نێوان واشنتۆن و هانۆى به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردندایه‌ و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ساڵى ڕابردوو كه‌شتیه‌كى فڕۆكه‌ هه‌ڵگرى ئه‌مریكى سه‌ردانى به‌نده‌رى ڤێتنامى كرد .به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كیه‌كانى ڤێتنام هه‌روا ئاسان و ساده‌ نین ، چونكه‌ بۆ نموونه‌ تا ئێستاش ڕووسیا سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مى چه‌كداركردنى سوپاى ڤێتنامه‌ و ئه‌مه‌ش ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م پێشكه‌وتنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا .هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌ستانى ڤێتنام ده‌زانن كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌وڵه‌تێكى نامۆیه‌ به‌ ناوچه‌كه‌ و وه‌كو چین دراوسێیه‌كى به‌هێز و هه‌میشه‌یی نییه‌ له‌ ڕووى ئابورییه‌وه‌ واشنتۆن كۆمه‌ڵێك ئاسانكارى بۆ ڤێتنام ده‌سته‌به‌ركردووه‌ له‌ڕێگه‌ى چه‌ند ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كى بازرگانییه‌وه‌و هه‌ر له‌ سایه‌یى واشنتۆنه‌وه‌ ڤێتنام چۆته‌ ڕێكخراوى بازرگانى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ خێراترین گه‌شه‌ ئابورییه‌ جیهانییه‌كانى تۆمار كرد.

ئێستا په‌یوه‌ندى نێوان واشنتۆن و هانۆى گه‌رم و گوڕه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌وره‌ترین هاوبه‌شى بازرگانى ڤێتنامه‌ و ڤێتنام بۆته‌ سه‌نته‌رێكى گه‌شتیارى گه‌وره‌و ڕاكێشه‌رێكى گرنگى وه‌به‌رهێنان و ئاڵوگۆڕى كه‌لتوری بۆ ئه‌مریكییه‌كان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure