ژماره‌يه‌ك ژن و منداڵى ئێزدى لە سوریاوە گەڕێنرانەوە بۆ شەنگال

هەواڵ / کوردستان :: 07/03/2019‌ :: 227‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

ژماره‌يه‌كى ترى ژن و منداڵى ئێزدى کە دوێنێ له‌ ده‌ستى داعش رزگارکرابوون، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ لە لایەن هێزه‌ ئه‌منييه‌ عێراقييه‌كانەوە رادەستی کەسوکاریان کرانەوە لە شەنگال.


عه‌ميد يه‌حيا ره‌سول وته‌بێژى فه‌رمى ئۆپراسيۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانيدا رايگه‌ياند: هێزه‌كانى هه‌واڵگرى له‌ فيرقه‌ى پانزه‌ى سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌يى ئۆپراسيۆنه‌كانى نه‌ينه‌وا توانيويانه‌ گه‌ره‌نتى گه‌يشتنى ژماره‌يه‌ك ژن و منداڵى ئێزدى له‌ خاكى سورياوه‌ بۆ ناو عێراق بكه‌ن.

ده‌ڵێت: "ژماره‌يان نۆ منداڵ و ژنێك بووە، به‌سه‌لامه‌تى گه‌يشتوونه‌ته‌ ده‌روازه‌ى فاوى نێوان قه‌زاى شه‌نگال و ره‌بيعه‌، دواتريش گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ لای كه‌سوكاريان له‌ قه‌زاى شه‌نگال".

دواى شكسته‌كانى داعش له‌ عێراق و شه‌ڕى به‌رده‌وامى هێزه‌كانى سورياى ديموكرات له‌ ناوچه‌ى باغۆزى سوريا، رۆژانه‌ ئه‌و ژن و منداڵانه‌ى داعش له‌كاتى داگيركاريدا ده‌ستگيرى کردبوون، لەژێر ده‌ستى داعش هه‌ڵدێن و روو له‌ سنوره‌كانى نێوان عێراق و سوريا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌يان و سه‌دان ژن و منداڵانى چه‌كدارانى داعش خۆيان راده‌ستى هێزه‌كانى سورياى ديموكرات ده‌كه‌ن، هێزه‌كانى (هه‌سه‌ده‌)ش راده‌ستى هێزه‌ عێراقييه‌كانيان ده‌كاتەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure