وەزارەتی تەندروستی لەبارەی مەلا عەلی کەڵەک-ەوە قسەی کۆتایی کرد

هەواڵ / کوردستان :: 07/03/2019‌ :: 12435‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت: هیچ كاتێك مۆڵه‌تی ره‌سمی كاركردن به‌ مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك ناده‌ن و ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ش دابخات كه‌ تێیدا چاره‌سه‌ری هاووڵاتیان دەکات، ده‌ڵێت: "كه‌یسی مه‌لا عه‌لی له‌ دادگا كۆتایی نه‌هاتووه‌".


(شه‌وی 2ی ئایاری 2017) له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم، هێزێكی پۆلیس مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌كی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ له‌ قه‌زای خه‌بات (35 كلیۆمه‌تر له‌ رۆژئاوای هه‌ولێر) ده‌ستگیركرد.

دواتر لە رۆژی‌ 7ی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ، دادگای به‌رده‌ڕه‌ش بڕیاریدا به‌ وه‌ستاندنی كاره‌كانی مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، پاشان له‌ماڵه‌وه‌ چاودێری کرا و  بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگیش نه‌خۆشخانه‌كه‌ی داده‌خرێت، به‌ڵام له‌ئێستادا مه‌لا عه‌لی شوێنێكی بەناوی نه‌خۆشخانه‌ له‌ قه‌زای خه‌بات كردووەته‌وه ‌و رۆژانه  هاووڵاتیان سەردانی دەکەن بەمەبەستی چارەسەر، له‌كاتێكدا هیچ بڕوانامه‌یه‌كی پزیشكی نییه‌.

له‌باره‌ی كه‌یسی مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك، خاڵس قادر وته‌بێژ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وەزارەتی ته‌ندروستی سکاڵای له‌سه‌ر مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك تۆماركردووه‌ و كه‌یسه‌كه‌ی له‌ دادگایه‌ و لایه‌نه‌ پەیوەندارەکانی وه‌كو دادگاو پۆلیس داواکاری ئێمەیان لایە و دەزانن بێ مۆڵەتە و كاره‌كه‌ی نایاساییه‌".

وتیشی: "گرنگه‌ مه‌لا عه‌لی كه‌ڵه‌ك واز له‌و كاره‌ی بهێنێت، چونكه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مۆڵه‌تی كاركردنی پێنادرێت و نابێت كاربكات".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: كه‌یسی مه‌لا عه‌لی كۆتایی نه‌هاتووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاری كۆتایی دادگا ده‌كه‌ین.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure