یه‌كێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریده‌كات‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/03/2019‌ :: 5019‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

وابڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ینی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌.


سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ى ئازارى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتیی وابڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ینی كاتژمێر 11ی سه‌رله‌به‌یانی، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی له‌ باره‌ی په‌سه‌ندكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، هه‌ڵبژاردنی كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی به‌ ده‌نگدانی نهێنی ده‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و هه‌ریه‌ك له‌ (رێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانی) بۆ ئه‌و پۆسته‌ خۆیان كاندیدكردووه‌.

رۆژی دووشەممە 4ی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییان واژۆكرد و به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌درێته‌وه‌ یه‌كێتیی پێویسته‌ له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure