ئێران: عێراق پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هەیە له‌ناوچه‌كه‌دا

هەواڵ / عێراق :: 07/03/2019‌ :: 348‌ جار بینراوە
عه‌لی لاریجانی و محه‌مه‌د حه‌لبوسی

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

دوای گه‌شتی سه‌رۆك په‌رله‌مان و وه‌فدی باڵای عێراق بۆ تاران، سه‌رۆك په‌رله‌مانی ئێران وێڕای شیكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی گفتۆگۆی نێوانیان وتی: "عێراق له‌ ناوچه‌كه‌دا پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌".


به‌ گوێره‌ی راپۆرتی ئاژانسی ته‌سنیمی سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێران، عه‌لی لاریجانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران له‌ باره‌ی دیداره‌كه‌ی (رۆژى چوارشه‌ممه‌ 6ی ئازاری 2019) له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق وتی: "ئێمه‌ خۆشحاڵین سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق و شاندی هاوڕێی بۆ گفتوگۆ و به‌ هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌كانمان هاتوونه‌تە ئێران".

لاریجانی به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وەی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌دا خاوه‌ن جێگه‌ و پێگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌، وتیشی: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك پەرلەمانی عێراق چه‌ندین بابه‌تی جیاواز له‌وانه‌ په‌ره‌پێدانی هاوكاری ئابووری، په‌یوه‌ندییه‌ په‌رله‌مانییه‌كان و چۆنێتی جێگیركردنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌کەدا گفتوگۆمانكرد".

سه‌رۆك په‌رله‌مانی ئێران له‌ كۆتاییدا وتی: "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی بۆ تاران كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات ده‌بێت".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure