بۆ جاری یه‌كه‌م باسی دانیشتنی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن دەکات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 06/03/2019‌ :: 26409‌ جار بینراوە
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لی


عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی، كه‌سایه‌تی كورد كه‌ خه‌ڵكی دهۆك-ه‌ و ئێستا دانیشتووی ئه‌و شاره‌یه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژدا ناوه‌ڕۆكی دانیشتنێکی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن له‌ تاران باسدەکات، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "بۆ جاری یه‌كه‌مه‌ باسی ئه‌و دیداره‌ی سه‌دام حسێن بۆ راگه‌یاندن ده‌كات".

 

دواڕۆژ: كه‌ی چویته‌ تاران و بۆچی؟

عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: دوای رێككه‌وتنەکەی جه‌زائیر له‌نێوان عێراق و ئێران له‌ 6-ی ئاداری 1975، من به‌ كه‌فاله‌ت له‌ شوێنی عه‌لی خه‌لیل، بوومە به‌رپرسی هێزی دهۆك، له‌وكاته‌دا بروسكه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانمان بۆ هات كه‌ تێیدا هاتبوو: "ئێوه‌ ئازادن خۆتان راده‌ستی حكومه‌تی عێراق دەكه‌ن بۆئەوەی ژیانی ئێوه‌ پارێزراو‌بێت، یان دەچنه‌ ئێران و مافی په‌نابه‌رێتی له‌و وڵاته‌ وه‌ردەگرن.

دواڕۆژ: له‌به‌ر ئه‌و بروسكه‌یه‌ بڕیارتدا بچیته‌ ئێران؟

عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: هه‌ر له‌و بروسكه‌دا هاتبوو "ئایا ئێوه‌ ده‌توانن شه‌ڕی پارتیزانی بكه‌ن یان نا؟"، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ هه‌موو به‌رپرسه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و حیزبیی كه‌ ئێمه‌ له‌ بادینان‌ نزیكه‌ی 200 كه‌س بووین کۆبووینەوە، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌لیم ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی وتی: "ئایا ئێوه‌ ده‌توانن بۆ ماوه‌ی شەش مانگ تا ساڵێك به‌رگری بكه‌ن بێئه‌وه‌ی هیچ هاوكارییەك بگاته‌ ئێوه‌؟ من پێم وت: "ئێمه‌ وه‌كو هێزی دهۆك ده‌توانین دوو ساڵ به‌رگری بكه‌ین، هه‌ر ئامر هێزێكیش بۆچوونێكی هه‌بوو كه‌ هه‌ندێكیان له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ كه‌موكوڕییان هه‌بوو، لقی یه‌كی پارتی ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وەیەی‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی نارد.

 

دواڕۆژ: دوای ئه‌و بروسكه‌یه‌ وه‌ڵامی سه‌ركردا‌یه‌تی پارتی چی بوو؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: رۆژی 19ی ئاداری 1975 مسته‌فا بارزانی بروسكه‌یه‌كی درێژی نارد تیایدا هاتبوو: "هه‌موو شتێك كۆتایی هات، موئامه‌ره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی دژی ئێمه‌‌ كراوه،‌ هه‌موویان له‌ كورد ده‌ده‌ن، پێویسته‌ ئێمه‌ سود له‌م لێبوردنه‌ی عێراق وه‌رگرین، ئه‌و كه‌سه‌ی حه‌ز‌ بكات با بچێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق یان بچێته‌ ئێران، چه‌ك و هه‌موو به‌ڵگه‌یەك له‌ناوبه‌رن، هیچ شتێك دوای خۆتان جێنه‌هێڵن.

دواڕۆژ: ئه‌و كاته‌ بڕیاره‌كه‌ت بووه‌ چی؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی:
من و سه‌لیم ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی ئامر هێزی ئامێدی پێكه‌وه‌ چووینه‌ ئێران، لەڕێگاش جه‌نازه‌ی (عیسا سوار)مان ناشت‌.

دواڕۆژ: ئێوه‌ چوونه‌ چ شوێنێكی ئێران؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی:
ئێمه‌ سه‌ره‌تا چووینه‌ شنۆ پاشان زێوه‌ كه‌ سەر بەشاری ئورومیه‌-ن، له‌ ناوچه‌ی (نه‌غه‌ده)‌ كه‌ پرسه‌ی (عیسا سوار)مان لەوێ دانابوو، پرسیارم له‌ چه‌ند سه‌ركرده‌ و هاوڕێیەكی خۆمانكرد ئێمه‌ له‌ كوێ ده‌مێنینەوە؟ ئه‌وان وتیان له‌ ئێران، له‌وكاته‌دا من به‌ئه‌وانم وت: "ئه‌گه‌ر لەسێداره‌شم بده‌ن من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ عێراق، چونكه‌ به‌شه‌ره‌فتره‌ بگەڕێمەوە نەك نانی شاهی ئێران بخۆم كه‌ ئێمه‌ی فرۆشتووە".

 

دواڕۆژ: ئایا ئه‌و كاته‌ كه‌س هه‌بوو پشتگیری بۆچۆنه‌كه‌ت بكات؟

عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: له‌وكاته‌دا من و برای خۆم عه‌بدوڵڵا و هاوڕێی من عه‌بدوڵڵا جۆنه‌ید پێكه‌وه‌ بڕیارماندا بگه‌ڕێینه‌وه‌ عێراق.


دواڕۆژ: چۆن چاوت بە سەدام حسێن كەوت؟

عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: رۆژی 27ی ئاداری 1975 ئێمه‌ چووینه‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ تاران كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك هه‌فته‌بوو باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ تاران كرابووه‌وه‌، كاتێك گه‌یشتینه‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق هاوڕێیە‌كی پێشووی خۆم له‌وێ بینی به‌ناوی (عه‌بدولباری نیعمه‌) كه‌ مولحه‌ق عه‌سكه‌ری بوو له‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق و ئێمه‌ی به‌ (مه‌دحه‌ت ئیبراهیم جمعه)‌ ناساند كه‌ باڵیۆزی عێراق بوو، له‌وكاته‌دا باڵیۆزی عێراق وتی: "ئێمه‌ بۆ پێشوازی (به‌رێز نائیب) سه‌دام حسێن ده‌چینه‌ فڕۆكه‌خانه‌، منیش داوام له‌ باڵیۆز كرد نوسینێكی ئێمه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ عێراق بداته‌ ده‌ست‌ سه‌دام حسێن، له‌وكاته‌دا باڵیۆز بە منی وت: "ئێوه‌ ناونیشانی هۆتێلی خۆتان بەجێبێڵن ئه‌گه‌ر له‌ پێشوازی سه‌دام حسێن هاتینه‌وه،‌ كاروباری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ عێراق رێكده‌خه‌ین".

دواڕۆژ: له‌و رۆژه‌دا ئێوه‌ سه‌دام حسێنتان بینی؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: رۆژی دواتر واته‌ 28ی ئاداری1970، باڵیۆزی عێراق هاته‌ هۆتێل و به‌ منی وت: "سه‌دام حسێن له‌ (قه‌سری سه‌عد ئاباد) چاوه‌ڕێی بینینی ئێوه‌ ده‌كات، ئێوه‌ ته‌نیا مافی 15 خوله‌كتان بۆ ئه‌و دیداره‌ هه‌یه‌: "له‌وكاته‌دا من و هاوڕێکەم عه‌بدوڵڵا جۆنه‌دی چووینه‌ لای سه‌دام حسێن، ئه‌ویش به‌گه‌رمی پێشوازی له‌ ئێمه‌ كرد.

 

دواڕۆژ: سه‌دام حسێن له‌سه‌ر ئه‌و دیداره‌ چی به‌ ئێوه‌ی وت؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: سه‌دام حسێن وتی: "ساڵح یوسفی و زۆر له‌ ئه‌ندامه‌كانی سه‌ركردایه‌تی ئێوه‌ له ‌به‌غدا داوای دیداری منیان كردبوو، به‌ڵام من رازی نه‌بووم، لەبەرئەوەی ئێوه‌ له‌ تارانن، بۆیه‌ به‌م دیداره‌ رازیبووم".

 

دواڕۆژ: ئێوه‌ چ داواكارییەکتان له‌سه‌دام حسێن كرد؟

عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: به‌ سه‌دام حسێن-م وت؛ حه‌زده‌كه‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ عێراق، به‌ڵام بڕوامان نییه‌ پارێزراو بین، بۆیه‌ حه‌زده‌كه‌ین نامه‌یه‌ك بۆ ئێمه‌ بنووسی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ عێراق، سه‌دام حسێن به‌منی وت: "ئایا بڕیاری لێبوردن گه‌وره‌تره‌ یان نامه‌ی سه‌دام حسێن؟ تا ئێستا بڕیاری لێبوردن ماوه‌، ئێوه‌ش‌ ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق". له‌وه‌ڵامدا من وتم: "ئێمه‌ ده‌ڵێین ئیمزای سه‌دام حسێن له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌" بۆیه‌ سه‌دام حسێن به ‌هاوكارەكەی خۆی سه‌باح میرزای وت: "كورسییەكی دیكه‌ی بۆ بێنێت و له‌به‌رامبه‌ر ئێمه‌ نامه‌یه‌كی سێ لاپه‌ڕه‌یی بۆ نووسین و له‌به‌شێكی ئه‌و نامه‌یه‌دا نوسیبووی: "ئه‌م كه‌سانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق پێویسته‌ پارێزراو بن، هیچ كه‌سێك گیروگرفتیان بۆ دروستنه‌كا‌ت و ماڵ و موڵكیان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه" سه‌دام حسێن كه‌ ئه‌و نامه‌یەی ته‌واوكرد به‌ منی وت: "به‌ده‌نگی به‌رز بیخوێنه‌رەوە و با هاوڕێكه‌ت گوێبیستی بێت، "منیش خوێندمەوە، سه‌دام به‌ ئێمه‌ی وت: "ئه‌وەتان‌ به‌ دڵه‌؟" وه‌ڵامی ئێمه‌ش به‌ڵێ بوو.

 

دواڕۆژ: كاتی لێبوردنی گشتی به‌ره‌و‌ كۆتایی دەچوو، سه‌دام حسێن چۆن رازیبوو ئێوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: ئه‌مه‌ پرسیارێكی باشبوو، له‌وكاته‌دا كه‌ سه‌دام حسێن نامه‌ی بۆ ئێمه‌ نووسی، وتی: "ئه‌مه‌ كاتێكی باش بوو، كه‌مێكی دیكه‌ من له‌گه‌ڵ شای ئێران كۆبوونه‌وه‌م هه‌یه‌، باسی درێژكردنه‌وه‌ی كاتی لێبووردنیشی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، كاتێك سه‌دام و شا لەو رۆ‌ژه‌ كۆبوونه‌وه‌ عێراق بڕیاریدا مانگێكی دیكه لێبووردنی گشتی درێژ بكه‌نەوە، واته‌ تا 28ی نیسان لێبووردن بۆ ئه‌و كوردانه‌ هه‌بوو كه‌ ده‌یانویست بگه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق.

 

دواڕۆژ: له‌و دیداره‌دا سه‌دام حسێن باسی شۆڕ‌شی كوردی كرد؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: به‌ڵێ، سه‌دام حسێن وتی: "كاتێك شاندێكی كورد به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیدریس بارزانی سه‌ره‌تای مانگی ئاداری 1975 سه‌ردانی به‌غدای كردووە، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان من ئاماژه‌م به ‌رێككه‌وتنێكی وه‌كو ئەوەی جه‌زائیر كرد كه‌ عێراق ده‌توانێت جگه‌ له‌ شه‌ڕكردن بۆ نه‌مانی شۆڕشی ئه‌وان رێگه‌ی دیكه‌ به‌كاربێنێت، به‌ڵام هه‌موو ورده‌كاری رێككه‌وتنی جه‌زائیرم پێ نه‌وت، ئیدریس بارزانی وه‌ڵامێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو".

 

دواڕۆژ: ئایا سه‌د‌ام حسێن ده‌یویست كورد به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی و تاوانباری ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی جه‌زائیر نیشان بدات؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: كاتێك هاوڕێكەم عه‌بدوڵڵا جۆنه‌ید له‌ سه‌دامی پرسی بۆچی ئێوه‌ وه‌ڵامی بروسكه‌یه‌كی كوردتان نه‌دایەوە كه‌ ئێوه بۆ حوكمی زاتی‌ رازین و تێیدا هاتبوو كورد ئاماده‌یه‌ دانوستان بكات؟ لە وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌ سه‌دام حسێن به‌ده‌نگی به‌رز پێكه‌نی و وتی: "بعد خرابە البصرە" واته‌ دوای وێرانکردنی به‌سره‌، من نیوه‌ی (شط العرب)م داوه‌ به‌ شای ئێران پاشان ئێوه‌ بروسكه‌ ده‌نێرن؟ ئه‌گه‌ر‌ ئێوه‌ ئه‌و بروسكه‌یەتان‌ پێش رێككه‌وتنی جه‌زائیر ناردبا، ده‌تانزانی كه‌ رێككه‌وتنی جه‌زائیرم ده‌كرد یان نا‌، به‌ڵام ئێوه‌ له‌ ئیشكردندا زۆر دواكه‌وتوون.

 

دواڕۆژ: ئێوه‌ كه‌ی گه‌ڕانه‌وه عێراق؟
عه‌بدولڕەزاق گه‌رماڤی: دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌دام حسێن بۆ به‌غدا، شاندێكی عێراق هاتنە تاران، من بوومه‌ ئه‌ندامی ئه‌و شانده‌ و له‌ناو كورده‌كانی عێراق ئه‌وانه‌ی کە له‌ ئێران بوون پێمان وتن؛ تاوه‌كو 28ی نیسان ئێوه‌ مافی گه‌ڕانه‌وەتان‌ بۆ عێراق هه‌یه‌، له‌و مانگه‌دا زۆر كورد گه‌ڕانه‌وه‌ عێراق، هه‌ر له‌و مانگه‌دا حكومه‌تی عێراق به‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی خێزانی من و براكەم و هاوڕێكەمی له‌ ناوچه‌ی زێوه‌ی شاری ئورومیه‌ گواسته‌وه‌ شاری دهۆك، ئێمه‌یش به‌ پاسپۆتی كاتیی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی تاران چووینه‌ به‌غدا و دوای نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌ نه‌فیكردن له‌ سه‌ماوه‌ و كوت به‌ واسته‌ی خالد عه‌بد ئوسمان ناسراو بە (خالد كوبێسی) و به‌ ئیمزای سه‌دام حسێن جارێكی دیكه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ شاری دهۆك.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure