به‌رپرسانى یه‌كێتى: بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ كاندیدى پارێزگارى كه‌ركوك یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 06/03/2019‌ :: 239‌ جار بینراوە
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتى بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوك هەفتەی داهاتوو دەچنە بەغدا

دواڕۆژ، هۆگر كه‌ماڵ

یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیدى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك له‌ ده‌ست هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگرى سكرتێرى یه‌كێتیدایه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى یه‌كێتى جه‌ختى لێده‌كه‌نه‌وه‌.


له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ى ئازارى 2019) له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگه‌یاند: "له‌م رۆژانه‌دا كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌سعود بارزانى له‌سه‌ر ناوى كه‌سێك رێكده‌كه‌ون بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ پارێزگارى كه‌ركوك".

وتیشى: "تائێستا هیچ ناوێكمان نه‌داوه‌ به‌ پارتى و بارزانى بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك"، جه‌ختیشیكرده‌وه‌: "دانانى پارێزگارى كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌ پڕۆسه‌ى ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و پارێزگایه‌".

ئه‌و وتانه‌ى وته‌بێژى یه‌كێتى له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنیدا بوو له‌ شه‌شه‌مین دیدارى سلێمانى له‌ زانكۆى ئه‌مریكى له‌ سلێمانى.

لاى خۆشیه‌وه‌ لاهور شێخ جه‌نگى، كادیرى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگه‌یاند: "رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى ته‌نها به‌هى ئه‌و دوو لایه‌نه‌ى نازانم، به‌ڵكو له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستانه‌ و به‌كارێكى باشى ده‌زانم".

وتیشى: "رێككه‌وتن كراوه‌ له‌ نێوان كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌سعود بارزانى له‌باره‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك، بۆ ئه‌وه‌ى میكانزمێك بدۆزنه‌وه‌ بۆ دانانى پارێزگارى كه‌ركوك".

دووپاتیشیكرده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتى له‌باره‌ى كه‌ركوك جێبه‌جێ نه‌كرێت ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌سعود بارزانى".

ده‌رباره‌ى رێككه‌وتنیشیان له‌گه‌ڵ گۆڕان لاهور شێخ جه‌نگى، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: "هیوادارم رێككه‌وتنى یه‌كێتى و گۆڕان به‌رده‌وام بێت و جێبه‌جێى بكه‌ن، چونكه‌ كوردستان ته‌نها به‌ پارتى و یه‌كێتى به‌ڕێوه‌ناچێت، پارتى پێویستى به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین یه‌كڕیز و یه‌كده‌نگ بین، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین میللـه‌ته‌كه‌مان له‌م هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ى به‌سه‌ریهاتووه‌ ده‌ربازبكه‌ین و چوار ساڵى ئارامى و خۆشگوزه‌رانى بۆ میللـه‌ته‌كه‌مان بێنینه‌دى".

لاهور شێخ جه‌نگى، جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌یه‌، به‌ڵام جێبه‌جێمان نه‌كردووه‌ و هه‌ردولاش گله‌یمان هه‌یه‌، كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ لایه‌نه‌كان كۆك بن".

رۆژى دووشەممە 4ى ئازار نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییان واژۆكرد و به‌پێى ناوه‌ڕۆكى  رێككه‌وتنه‌كه‌ش له‌سه‌ر پرسى  كه‌ركوك هه‌ردوولا به‌مشێوه‌یه‌ رێككه‌وتوون: پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، پاشان دانانى پارێزگارى كه‌ركوك به‌ڕاوێژى مەسعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure