به‌نده‌رێکی نوێی گواستنه‌وه‌ى كاڵا و شمه‌ك بۆ كوردستان كرایه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 06/03/2019‌ :: 1358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

کارده‌کرێت بۆ ده‌ستپێکردنی کارکردن له‌ به‌نده‌ری ئه‌سکه‌نده‌رون داواش له‌ بازرگانانى هه‌رێم ده‌کرێت له‌ورێگه‌یه‌وه‌ به‌ نرخێکی هه‌رزانتر کاڵاکانیان به‌خێرایی بگوازنه‌وه‌ و هاورده‌ى بكه‌ن.


نه‌وزاد غه‌فور، جێگری سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ى ئازارى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ فه‌رید یه‌ڤرله‌ک، به‌ڕێوه‌به‌ری فرۆش له‌ به‌نده‌رى ئه‌سکه‌نده‌رون کۆبوینه‌وه‌ و پێیڕاگه‌یاندین كه‌ به‌نده‌ره‌كه‌یان کارکردن تیایدا ده‌ستیپێکردووه‌ و بازرگانان ده‌توانن کاڵاکانیان له‌وێوه‌ بگوازنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی هه‌رزان و به‌نزیکترین رێگا و به‌خێرایی کاڵاکانیان بگاته‌ شوێنی مه‌به‌ست.

وتیشى: "پێیانڕاگه‌یاندین له‌ئێستادا هه‌موو بازرگانان ده‌توانن له‌و به‌نده‌ره‌وه‌ کاڵاکانیان بۆ هه‌رێمی کوردستان بگوازنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌کی خێراش کاره‌کانیان بۆ رایی ده‌کرێت".

به‌نده‌ری ئه‌سکه‌نده‌رون ده‌که‌وێته‌ شارى هه‌تالاى تورکیا، به‌شێکی ئه‌و بازرگانانه‌ی کوردستان له‌ رێگه‌ی تورکیاوه‌ کاڵاکانیان هاورده‌ی کوردستان ده‌که‌ن ده‌توانن له‌مه‌ودوا له‌و به‌نده‌ره‌وه‌ كاڵا و شمه‌ك هاورده‌ بكه‌ن.

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure