گه‌شتوگوزار.. نه‌وته‌ سه‌وزه‌كه‌ی كوردستان

هەواڵ / ئابوری :: 07/03/2019‌ :: 462‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

ده‌ڤه‌ری سۆران یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ى، خاوه‌نی به‌ناوبانگترین ناوچه‌ی گه‌شتیاریی گشتی و سروشتییه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بوونی ئه‌و هه‌موو ناوچه‌ گه‌شتیارییانه‌ بۆته‌ مایه‌ی به‌ده‌ستهێنانی داهاتێكی زۆری ئابووری، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌ ئێستادا گه‌شتوگوزار به‌ نه‌وته‌ سه‌وزه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابنرێت و خه‌ریكه‌ به‌ته‌واویش جێگه‌ به‌ چه‌ند كه‌رتێك لێژ ده‌كات. 


ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م بره‌ودان و په‌ره‌دان به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران چین؟ 

گه‌شتیاران و هاوڵاتیان گله‌یی و گازانده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆرێك له‌ ڕێگا گه‌شتوگوزارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران، ئه‌سته‌م و سه‌ختن و گه‌شتیار به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانێت سه‌ردانى هه‌موو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران بكات.

فاخیر حه‌سه‌ن، چۆمانی كه‌ خاوه‌نی كه‌پرو خانووی گه‌شتیارییه‌ له‌ دۆڵی سه‌كرانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی به‌دواڕۆژی وت: رێگای به‌شی زۆری ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی باڵه‌كایه‌تی خراپن و له‌به‌ر خراپی رێگاكانیش گه‌شتیار به‌ته‌واوی چێژ له‌ گه‌شت و سه‌یرانه‌كه‌ی نابینێت. 

وتیشی :به‌شێكی زۆری رێگا گه‌شتیارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ خۆڵن یان ئه‌گه‌ر قیرتاوكراویش بن، هه‌مووی پڕ بووه‌ له‌ چاڵ و چۆڵی و ئه‌گه‌ر شوفێری گه‌شتیار وریا نه‌بێت تووشی ئاسته‌نگی هاتوچۆ ده‌بێت و ئۆتۆمبێله‌كه‌شی زیانی پێده‌گات. 

فاخیر رونیشیكرده‌وه‌ كه‌: له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانی دارییه‌وه‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان ته‌نیا له‌ بۆنه‌كاندا قه‌ره‌باڵغ و پڕ گه‌شتیار بوون، به‌ڵام له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی دواییدا سه‌رجه‌م ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان جمه‌یان دێت له‌ گه‌شتیار، به‌تایبه‌ت له‌ بۆنه‌كان و وه‌رزی به‌هاردا ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان به‌ر ناكه‌ون له‌به‌ر گه‌شتیارو هه‌زاران گه‌شتیار به‌هۆی نه‌بوونی جێگه‌و پڕ بوونی ئوتێل و موتێل و خانووه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌سه‌ر جاده‌ خه‌وتون و ڕۆژیان كردۆته‌وه‌و گه‌شتیاریش هه‌بووه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و نه‌ماوه‌ته‌وه‌. 

گله‌یی و گازنده‌ى گه‌شتیاران  
به‌شێك له‌و گه‌شتیارانه‌ی كه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆرانیان كردووه‌و ئاشنای زۆریان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، په‌یامنێری دواڕۆژ پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكردون كه‌ گله‌یی چیان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان و خاوه‌نه‌كانیان هه‌یه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا زۆربه‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕابوون كه‌ له‌به‌شی زۆری ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كه‌رتی گشتیداو هه‌ندێكی تایبه‌تیش، ره‌چاوی پاكوخاوێنی نه‌كراوه‌، زۆرجار گه‌شتیار له‌به‌ر زۆری زبڵ و خاشاكی نێو هاوینه‌هه‌واره‌كان یان نزیك هاوینه‌هه‌واره‌كان، ناتوانێت چێژو خۆشی له‌ گه‌شتوگه‌ڕانه‌كه‌ی ببینێت. 

گه‌شتیارێك به‌ناوی كۆڤان سه‌عید، بۆ دواڕۆژ وتى :هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌ رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ وه‌ك پێویست نین و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ده‌ست كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. 

گرنگترین هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری چین؟ 

به‌پێی تۆماركردنی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان، %80ی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆران و به‌جۆرێك هه‌ندێك له‌و هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییانه‌ به‌ناوبانگترینی هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانن. 

گرنگترین هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران بریتین له‌ هاوینه‌هه‌واری بێخاڵ، جندیان، گه‌لی عه‌لی به‌گ، كانی ماران، گه‌لی فه‌قیان، پڕژێ، بێرمه‌ سارد، قه‌یماسان، له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی گه‌شتیاری شنگبانه‌و چیایی كۆڕه‌كی گه‌شتیاریی كه‌رتی تایبه‌ت و  بوونی ده‌یان ناوچه‌ی دیكه‌ی خۆڕسك و سروشتی گه‌شتیاریی له‌ قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، ڕواندزو مێرگه‌سۆر. 

 له‌ یه‌ك ساڵدا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن گه‌شتیار رویانكردۆته‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌
بارزان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی وت: له‌سه‌ره‌تای ساڵی ڕابردوو تا سه‌ره‌تای مانگی شوباتی 2019 زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانی هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆرانیان كردووه‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا :هاتنی گه‌شتیاران به‌ شێوه‌ی گروپ له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانی گه‌شتیاری و سروشتی دڵرفێنی ناوچه‌كه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی هاتنی ئه‌و هه‌موو گه‌شتیاره‌ زۆریه‌ بۆ سۆران. 

رونیشیكرده‌وه‌: هاتنی گه‌شتیاران بۆ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركردووه‌. 

كه‌رتی گه‌شتیاریی جێگه‌ به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ لێژ ده‌كات 
كارزان عه‌زیز، شاره‌زای ئابووری بۆ دواڕۆژ وتی: ده‌توانین بڵێین ئێستا له‌ هه‌رچوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی كه‌رتی گه‌شتوگوزار جێگه‌ به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ لێژ ده‌كات و ئێستا داهاتی كه‌رتی گه‌شتیاریی زیاتره‌ له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ. 

ئه‌و نمونه‌ی ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌: جوتیارو وه‌رزێری كورد هه‌یه‌ كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندین دۆنم زه‌وی ده‌كات به‌ به‌رهه‌می ته‌ماته‌و خه‌یار، به‌ڵام داهاتێكی كه‌مى ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ته‌نیا به‌دانانی چه‌ند كه‌پرێكی گه‌شتیاری  هه‌زاران دۆلارى ده‌ست ده‌كه‌وێت.  

وتیشى "دڵنیام له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ و ده‌رفه‌تی باشتر له‌و سنوره‌ بۆ كه‌رتی گه‌شتیاری بڕه‌خسێنرێت، ئه‌و كه‌رته‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهات، زۆر پێش كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌كه‌وێت. 

گه‌شتوگوزاری سۆران: چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی گه‌شتیاری ئه‌نجام ده‌درێن
بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی وت: چه‌ندین پڕۆژه‌مان ئاماده‌كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی چاككردنی ڕێگاو بانه‌كانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان و ئه‌نجامدانی خزمه‌تگوزاری تیایاندا. 

وتیشی: به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌ش له‌ ئارادا هه‌یه‌ كه‌چه‌ندین شوێنی دیكه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاریی تایبه‌ت بنیات بنرێن. به‌ڵام وه‌ك بارزان محه‌مه‌د وتی: زۆری رۆتیناتی ئیداری و هه‌ندێك كێشه‌ی دیكه‌، زۆرجار گرفت بۆ كه‌رتی گه‌شتیاری دروستده‌بێت و ده‌بێته‌ مایه‌ی دواكه‌وتنی په‌كخستن و دواكه‌وتنی پڕۆژه‌كان. 

وتیشی: بۆ وه‌رزی به‌هاره‌ش هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه‌و پلانی وردو باشمان داناوه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران، پێشبینی ده‌كه‌ین كه‌ هاوشێوه‌ی ساڵی رابردوو، هه‌زاران گه‌شتیار ڕووبكه‌نه‌ هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌: هه‌ر گه‌شتیارێك كه‌ دێته‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ 40 بۆ 50 دۆلار كه‌متر خه‌رج ناكات، واته‌ هه‌رتاكێك به‌ره‌و سه‌روی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ پاره‌ خه‌رج ده‌كات، ئه‌مه‌ش هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كاته‌ داهاتێكی باش و زۆرو بوژاندنه‌وه‌یه‌كی باشی كه‌رتی گه‌شتیاریی و ئابوریی به‌دوادادێت. 

گه‌شتوگوزار نه‌وته‌ سه‌وزه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران
له‌ ئێستاداو به‌هۆی بوونی ده‌یان ناوچه‌ی گه‌شتیاری كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت و بره‌ودان به‌ گه‌شتیاری زستانه‌، گه‌شتوگوزار بۆته‌ یه‌كێك له‌ كه‌رته‌ گرنگه‌كان و داهاتێكی یه‌كجار زۆر به‌و هۆیه‌وه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی بوژاندنه‌وه‌یه‌كی باشی ئابوری و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ هه‌زاران گه‌نج، ده‌توانرێت ئه‌و كه‌رته‌ به‌ نه‌وته‌ سه‌وزه‌كه‌ی كوردستان و ده‌ڤه‌ری سۆران هه‌ژمار بكرێت. 

گه‌شتیاران له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم رووده‌كه‌نه‌ ده‌ڤه‌ری سۆران
ساڵانه‌و به‌تایبه‌ت له‌ بۆنه‌كان و وه‌رزی به‌هارو هاوین هه‌زاران گه‌شتیار له‌ ئێران، باشورو ناوه‌ڕاستی عێراق، كه‌ركوك و شاره‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش و چێژ وه‌رگرتن له‌ دیمه‌نه‌ رازاوه‌كانی هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن. 

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure