گۆڵفرۆشى له‌ سلێمانى زیادده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 07/03/2019‌ :: 2980‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

بەشێك لە گوڵفرۆشەكانی سلێمانی ئاماژە بە زۆربوونی ئه‌و پیشه‌یه‌ دەكەن به‌هۆى زۆربوونى خواست، شارەزایەكی ئابووریش دەڵێت: "لەبەرئەوەی بازاڕ ئازادە و كێبڕكێ هەیە، بۆیە ئاساییە چەند دوكانی لەوشێوەیە بكرێتەوە".


ئەو گوڵەی لە سلێمانی دەفرۆشرێت سەرچاوەی هاوردەی وڵاتانی دەرەوەن بەتایبەتیش هۆڵەندا و كینیا و ئێران، بەڵام ئامارێكی ورد نییە تا بزانرێت ئێستا چەند دوكانی گوڵفرۆشتن لە سلێمانی هەیە و بۆچوونی دوكاندارەكانیش بۆ ژمارەیان جیاوازە، بەڵام سەرجەمیان كۆكن لەسەر زۆربوونی دوكانی گوڵفرۆشتن، ئەو دوكانانه بابەتەكانی دیاری و جوانكاریش دەفرۆشن.

رۆدان بورهان، لە دوكانی فرۆشتنی گوڵ كاردەكات بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "نرخی هەر چڵە گوڵێك بە سێ هەزار دینارە، گوڵی كینیا زۆر باشن، چونكە ماوەی 10 تا 12 رۆژ دەژین و بۆ كڕین و فرۆشتنیش پاكترن، گوڵی رۆزی ئێرانیش هەیە، بەڵام كوالێتی كینیی باشترە".

رۆدان بەئاماژەدان بەزۆربوونی دوكان فرۆشتنی گوڵ وتی: "لە سێ ساڵی رابردووەوە دوكانی فرۆشتنی گوڵ زیادیكردووه‌، چونكە داواكاری زۆر لەسەر گوڵ هەیە بۆ ئاهەنگی لەدایكبوون و ئاهەنگی گواستنەوەی بووك و بۆ پرسەش دەبرێت، جگە لە گوڵ، دیاری بوك و میزەڵان و باڵۆنیشمان هەیە، پێشتر 7 تا 10 دوكان بووین، بەڵام ئێستا نزیكەی 25 دوكان كراوەتەوە". 

ئەو فرۆشیارە پێیوایە كردنەوەی دوكانی گوڵ بەوشێوە زۆره‌ هەنگاوێكی باشە، چونكە نیشاندەری زۆربوونی كاره‌كەیە و رۆژ بەڕۆژیش داهێنانی زیاتری تێدا دەكرێت.

بەڵام بەشێكی دیكە لە دوكانەكانی فرۆشتنی گوڵ گلەییان لە كردنەوەی ئەو هەموو دوكانە هەیە، هیجران حسێن، لە دوكانێكی دیكەی فرۆشتنی گوڵ كاردەكات و بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: بەهۆی كردنەوەی ئەو دوكانانەوە بازاڕیان كزبووە، چونكە هێشتا قەیرانی دارایی كاریگەری ماوە، دوكانی گوڵیش زۆر بووە.

ئەو گوڵفرۆشە وتی: "هەر كەسێك هەڵدەستێت بەئارەزووی خۆی دوكانی ئەم پیشەیە دەكاتەوە و كارەكەیان تێكداوە، هەر گوڵێك بەشێوەی كۆ، هەزار و 250 دینار لەسەر ئێمە دەكەوێت، بەڵام هەندێك دوكان بە هەزار و 500 دینار دەیفرۆشن".

هاوكار رەوف، خاوەنی دوكانێكی دیكەی گوڵفرۆشییە ئامارێكی زیاتری كردنەوەی دوكانی گوڵی بۆ دواڕۆژ ئاشكراكرد و دەیوت: "لە سێ ساڵی رابردوودا لە سلێمانی نزیكەی 7 تا 10 دوكان هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە 50 دوكان هەیە".

هاوكار باس له‌وه‌ده‌كات: هەر دەستە گوڵێك كە ئەوان دەیكڕن بایی 5 تا 6 دۆلارە و 10 گوڵی تێدایە، هەر گوڵێكیش بە 4 هەزار دینار دەفرۆشن، بەڵام لێرە تێچووی دیكەی هەیە وەكو كرێی دوكان و كارمەند، هەندێجاریش مانەوەی گوڵ بۆ كاتێكی زۆر لەنێودەچێت.

هاوكار روونیكردەوە: زۆربەی ئەو دوكانانەی تازە دوكانی گوڵ دادەنێن چاویان لە خێری دوكانەكانی دیكەیە، بەڵام زۆربەشیان لە پیشەكە نازانن و دەیانەوێت كێبڕكێی نرخ بكەن، جگە لەوەش دەستگێڕی سەر شەقامەكان ئیشەكەیان زیاتر كەمكردووه‌تەوە، بۆ نموونە ئەوان یەك دانە بە 3 هەزار و 2 دانە بە 5 هەزار دەفرۆشن.

سەبارەت بە كردنەوەی ئەو ژمارە زۆره‌ لە دوكانی گوڵ، سەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لای ئەوان كاتێك كەسێك دوكانێك دەكاتەوە گرنگە ئەوەیە مەرجە ئەندازیارییەكانی تێدابێت، دواتر گرنگ نییە چ پیشەیەكی تێدا دەكات.

هاوكات ستار محەمەد، شارەزای ئابووری بە دواڕۆژی وت: لە بازاڕی ئازاد، ئاساییە دوكانی بوارێك زۆرتر هەبێت، بۆیە كاتێك دوكانێكی گوڵفرۆشتن دەكرێتەوە و كاری باشە و داواكاری زۆر لەسەر كڕینی گوڵە، دوكانی زیاتریش دەكرێنەوە، بەڵام ئەو كارە لە رووی ئابوورییەوە زۆر باشە، چونكە بازاڕ ئازادە و قۆرخكاری تێدا نییە. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure