واشنتۆن پۆست: ئایا به‌هارێكى عه‌ره‌بى تازه‌ به‌رێگه‌وه‌یه‌؟

هەواڵ / جیهان :: 05/03/2019‌ :: 346‌ جار بینراوە
ئه‌گه‌رى راپه‌ڕینى گه‌وره‌ ئه‌گه‌رێكى به‌هێزه‌

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

له‌ژێر ئه‌و ناونیشانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست وتارێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت له‌ هه‌فته‌كانى رابردودا سوودان و جه‌زائیر زنجیره‌یه‌ك ناڕه‌زایى میللى به‌رده‌وامییان به‌خۆوه‌ بینى دژى دوو سه‌ركرده‌ كه‌ زۆرترین ماوه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان.


له‌ سوودان خۆپیشاندانه‌ به‌رده‌وامه‌كانى 3 مانگى رابردو عومه‌ر به‌شیرى،ى سه‌رۆكى ناچاركرد بۆ ماوه‌ى ساڵێك بارى نائاسایى رابگه‌یه‌نێت و حكومه‌ته‌ فیدڕاڵى و هه‌رێمییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى پته‌وتر بكات.

نووسه‌رى وتاره‌كه‌ش ده‌ڵێت: به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا خۆپیشاندانه‌كان هه‌ر به‌رده‌وامن و پێگه‌ى به‌شیر هێنده‌ لاوازبووه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن حوكمى 30 ساڵه‌ى ناوبراو له‌ قۆناغى كۆتاییدایه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى جه‌زائیریش له‌ وتاره‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ى كه‌ سه‌رتاپاى وڵاتى گرتووه‌ته‌وه‌ له‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابوردوودا به‌هێزتربوون و داوا له‌ عه‌بدولعه‌زیز بوته‌فلیقه‌،ى سه‌رۆك ده‌كه‌ن خۆى بۆ خوولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌پاڵێویت كه‌ له‌ مانگى نیسانى داهاتوودا ئه‌نجام ده‌درێت.

نووسه‌ر ده‌ڵێت: بوته‌فلیقه‌ (ته‌مه‌ن 82 ساڵ) له‌ ساڵى 2013دا جه‌ڵته‌ى دڵ لێیدا و په‌كیخستووه‌ و له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ ده‌ژى و حه‌وت ساڵیشه‌ قسه‌ى بۆ جه‌ماوه‌ر نه‌كردووه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكدایه‌ كه‌ شه‌رعیه‌تى نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌ گه‌وره‌كانى سوپا و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و كۆمه‌ڵێك كه‌سى ده‌وڵه‌مه‌ند پشتگیرى لێده‌كه‌ن.

وتاره‌كه‌ ده‌ڵێت: هه‌ندێك توێژه‌ر به‌دووریده‌زانن به‌هارێكى عه‌ره‌بى تازه‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ چونكه‌ ئاڵۆزییه‌كانى سوودان و جه‌زائیر هۆكار و ره‌وتى جیاوازتریان هه‌یه‌ له‌وانه‌ى تونس و میسر و لیبیا و یه‌مه‌ن و سووریا، به‌ڵام نووسه‌ر ده‌ڵێت بارودۆخى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فریقا به‌جۆرێكن كه‌ ئه‌گه‌رى راپه‌ڕینى گه‌وره‌ ئه‌گه‌رێكى به‌هێزه‌ و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى رژێمه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئێستا رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى وا بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆر خراپترن له‌وانه‌ى ساڵى 2011 و ئه‌و هۆكارانه‌ش هێشتا له‌ئارادان كه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان وه‌كو په‌تا بڵاوكرده‌وه‌.

نووسه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ رووداوه‌كانى جه‌زائیر و سوودان به‌شێكن له‌ چه‌ند جاره‌یه‌كى فراوانترى بزووتنه‌وه‌ میللییه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌ به‌شێكى زۆرى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه‌ له‌ دوو ساڵى رابوردوودا بۆ نموونه‌ له‌ ئوردن و عێراق و تونس و ئێراندا چه‌ندین خۆپیشاندان دژى گه‌نده‌ڵى و رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌رپاكران.

سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانى كه‌نداویش ده‌ڵێت: رژێمه‌ پاشایه‌تییه‌كانى كه‌نداو به‌ توندى بزووتنه‌وه‌ ئیسلامى و دیموكراتییه‌كانیان سه‌ركوت كردووه‌ و پشتیوانیان له‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ دیكتاتۆره‌كانى ناوچه‌كه‌ كردووه‌، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان پێناچێت مانه‌وه‌ى ئه‌م رژێمانه‌ شتێكى مسۆگه‌ر بێت.

وتاره‌كه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێت: سه‌رۆكى سوودان ئێستا كاروبارى وڵاتى راده‌ستى ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر كردووه‌ و مه‌ترسى ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ كوده‌تایه‌ك ئه‌نجام بده‌ن دژى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى به‌شیر و سه‌رله‌نوێ حوكمى عه‌سكه‌رتارى له‌ سووداندا ببوژێته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure