"زیاتر له‌ 6 ملیار دۆلار سه‌رمایه‌ى نوستوو لاى هاوڵاتیانى کوردستان هه‌ڵگیراوه‌"

هەواڵ / ئابوری :: 05/03/2019‌ :: 1628‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

زیاتر له‌ 6 ملیار دۆلار پاره‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانى كوردستان له‌ ماڵه‌كانیان هه‌ڵگیراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى پسپۆرێكى بانكی باسیده‌كات و ده‌شڵێت: پێویسته‌ حكومه‌ت كارى جدى بكات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پارانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو سیسته‌مى بانكى و وه‌به‌رهێنانى پێوه‌بكرێت.


قه‌تیسكردنى پاره‌ و رێگه‌نه‌دان به‌ ئاڵوگۆڕ و جوڵه‌پێكردنى له‌ بازاڕه‌كاندا به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى سستى ئابورى و بازاڕه‌كان داده‌نرێت.

به‌شێكى ئه‌و گرفته‌ په‌یوه‌ندى به‌ ترس له‌ بازاڕ نادیارى ئاینده‌ى ئابورى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ندێكیشى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى متمانه‌ به‌ بانكه‌كان.

دکتۆر ئەبوبکر پێنجوێنی، راوێژکاری بانکی دیجلە و فورات بۆ دواڕۆژ وتى: ئەو پارانه‌ى لە قاسە و ده‌غیله‌ى ماڵاندا ھەڵگیراوە و زیندانیکراوە بە نزیکەی شه‌ش ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و كه‌ وایكردووه‌ نه‌توانرێت سوود له‌ پاره‌ى پاشەکەوتى تاک وەربگیرێت و جوڵه‌ى پێبكرێت و بۆ پرۆژەكانى وەبەرھێنان به‌كاربهێنرێت.

وتیشى: "ئه‌و پاره‌یه‌ قه‌تیسكراوه‌ هۆکارێکە بۆ وەستانی گەشەی ئابووری و سستبوونى بازاڕەكان".

سیستمى بانكى ده‌توانێت رێگرى له‌ قه‌تیسدان پاره‌ بگرێت، به‌ڵام ئه‌و سیستمه‌ له‌ هه‌رێم لاوازه‌ و كه‌مترین هاوڵاتى رووى لێده‌كه‌ن.

سامان ئه‌حمه‌د، مامۆستاى دارایی و بانك له‌ كۆلیژى بازرگانى زانكۆى سلێمانى به‌ دواڕۆى راگه‌یاند: له‌ وڵاتى ئێمه‌ رۆشنبیریی بانكى زۆر لاواز و كه‌مه‌ و خه‌ڵكیش متمانه‌ى به‌بانكه‌كان نیه‌ به‌ تایبه‌تى به‌ بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان، به‌هۆى ئه‌وه‌ش له‌ماوه‌ى رابردوودا چه‌ند بانكێكى ئه‌هلى مایه‌پووچ بوون و پاره‌ى خه‌ڵكیان نه‌دایه‌وه‌.

وتیشى: "نابێت پاره‌ له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ندبكرێت، پێویسته‌ به‌گه‌ڕبخرێت و له‌ بانك دابنرێت و وه‌به‌رهێنانى پێوه‌بكرێت".

ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ هۆكارێكى دیكه‌شى ئاشكراكرد و وتى: رێوشوێنه‌كانى بانكى ناوه‌ندى عێراق بۆ رێگریكردن له‌ سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌ و ئه‌و پرسیاره‌ زۆرانه‌ى ده‌رباره‌ى پاره‌دانان له‌ بانك ده‌یكات، خه‌ڵك ده‌ترسێنێت و له‌ پاره‌دانان ساردى ده‌كاته‌وه‌.   

ئا: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure