جگه‌رى به‌خشييه‌ دايكى و خۆى مرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/03/2019‌ :: 16616‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

وه‌لید ره‌شید ئیبراهیم ئه‌و گه‌نجه‌یە، له‌پێناو باشبوونه‌وه‌ى ته‌ندروستى دایكى جگه‌رى پێبه‌خشى، بەڵام خۆی گیانى له‌ده‌ستدا.

چیرۆكى وه‌لید ره‌شیدى ئیبراهیم عه‌گێلى ته‌مه‌ن 37 ساڵى دانیشتووى قه‌زاى قه‌لعه‌ سوكه‌رى سه‌ربه‌ پارێزگا زیقار كاتێك ده‌سپێده‌كات بارى ته‌ندروستى دایكى تێكده‌چێت، خۆى و خانه‌واده‌كه‌یشى به‌ ده‌ست كه‌مده‌رامه‌تى و نه‌دارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

ئه‌و گه‌نجه‌ كاتێك زانیویەتی دایكه‌ ته‌مه‌ن 65 ساڵه‌كه‌ى له‌ناوخۆى عێراق، پزیشکه‌كان ناتوانن نه‌خۆشییه‌كه‌ى ده‌ستنیشان بكه‌ن و چاره‌سه‌رى بكه‌ن، بڕیاردەدات بیباتە دەرەوەی وڵات.

محه‌مه‌د عه‌بده‌ى كوڕه‌ پورى وه‌لید عه‌گێلى چیرۆكى ئەو گەنجە  بەم شێوەیە بۆ دواڕۆژ ده‌گێڕێته‌وه‌، "پورم كه‌ دایكى وه‌لید ره‌شید عه‌گێلییه‌ نه‌خۆش كه‌وت، سه‌ردانى هه‌موو پزیشكانى عێراقمان كرد، هیچ نه‌خۆشخانه‌ و پزیشكێك نه‌یتوانى ئه‌وه‌ ئاشكرا بكات، كه‌ دایكى وه‌لید پێوه‌ى ده‌ناڵێنێت، تا پزیشكێك وتى جگه‌رى ئه‌و ژنه‌ ته‌مه‌ن 65 ساڵه‌ توشى هه‌ڵوه‌رین و پوكانه‌وه‌ بووه‌، ئیتر ناتوانێت كاربكات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ جگه‌رى له‌ ته‌ندروستییه‌كى باشدابوو".

محه‌مه‌د عه‌بده‌، له‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ى به‌رده‌وامبوو، "پزیشكه‌كان پشكنینى جگه‌ریان بۆ دایكى وه‌لید كرد، ره‌وانه‌ى پزیشكێكیان كرد، له‌ وڵاتى هیند، پزیشكه‌ هیندییه‌كه‌ش جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانى بەشێک له‌ جگه‌رى ببه‌خشێته‌ دایكى، ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى 99،5% ده‌بێت و به‌ته‌ندروستییه‌كى باشه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

به‌پێى وته‌كانى محه‌مه‌د "عه‌بده‌ی پورى کە دەکاتە (دایكى وه‌لید) و كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى و كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ى به‌ره‌و وڵاتى هیند بەڕێکەوتن، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى هیند، پشكنین بۆ كوڕە بچوكەکەی كرا، بەڵام بۆ جگەری دایکی نەگونجا، دواتر نۆره‌ هاته‌ سه‌ر وه‌لید كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا نه‌خۆشى ته‌نگه‌ نه‌فه‌سى هه‌بوو، له‌ كاتێكدا كه‌ فه‌رمانبه‌رى حكومه‌ته‌، داوایان لێكرد پشكنین بكات، ئه‌ویش بێ دوودڵی به‌و پشكنینه‌ رازى بوو، به‌وه‌ى جگه‌رى ببه‌خشێته‌ دایكى و ئه‌نجامى پشكنینه‌كانیش دروست و رێكده‌رچوون".

دەڵێت: "نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ داواى 70 هه‌زار دۆلارى ده‌كرد، وه‌لیدیشان له‌وه‌ دڵنیاكرده‌وه‌، ئه‌نجامى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ 99،5% زیاتریش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، هیچ كاریگه‌رییه‌كیشى له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ى خۆى (ته‌نگه‌ نه‌فه‌سییه‌كه‌ى) نابێت".

وه‌لید جگه‌رى خۆى به‌ دایكى به‌خشى، نه‌شته‌رییه‌كه‌ش نزیكه‌ى 18 كاتژمێرى خایاند، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پزیشكانى له‌هۆشبردن ره‌تیانكرده‌وه‌ وه‌لید بێهۆش بكه‌ن، كاتێك وه‌لیدیان برده‌ قاوشى نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى چاندنى جگه‌ر بۆ دایكى.

محه‌مه‌د جه‌ختیكرده‌وه‌، :پزیشكى بێهۆشكردن، ره‌تیكرده‌وه‌ وه‌لید بێهۆش بكات، وتبووى وه‌لید به‌رگه‌ى ئه‌و بێهۆشكردنه‌ ناگرێت و ئه‌ویش به‌رپرسیارێتى هه‌ڵناگرێت، پزیشكى دووه‌میش ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ وه‌لید بێهۆش بكات، پێش نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌، بۆیه‌ پزیشكى سێیه‌مى بێهۆشكردن، وه‌لیدى بێهۆشكرد.

دەڵێت: "نه‌شته‌رگه‌رى چاندن ته‌واوبوو بوو، دایكى وه‌لید ژیایه‌وه‌، به‌ڵام وه‌لید له‌ ژێر چاودێرى تونددا بۆ ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌ مایه‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ برایه‌ به‌شى خه‌واندن و هه‌فته‌یه‌كیش مایه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئازارێكى هه‌بێت، به‌ڵام به‌رده‌وام ته‌ندروستى تێكده‌چوو، دواتر گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ چاودێرى وردى چڕ، له‌وێش نزیكه‌ى مانگێك مایه‌وه‌".

محه‌مه‌د ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ش ده‌كات: دواى تێکچوونى ته‌ندروستى وه‌لید، له‌ نه‌خۆشخانه‌دا ژماره‌یه‌ك پشكنینى بۆكرا، ده‌ركه‌وت جه‌سته‌ى ڤایرۆسێكى نه‌ناسراوى هه‌یه‌، ده‌بێته‌ هۆى پوكانه‌وه‌ى جگه‌رى و ئه‌ندامانى هه‌ناوى، وه‌ك سییه‌كان و ریخۆڵه‌كان و گورچیله‌كانى، ئه‌گه‌رچى پزیشكه‌كان نه‌یانتوانى نه‌خۆشییه‌كه‌ى دیاریبكه‌ن، به‌ڵام له‌ بڕوانامه‌ى مردنه‌كه‌یدا ئه‌وه‌یان تۆماركردبوو، كه‌ هۆكاره‌كه‌ى پوكانه‌وه‌ جگه‌ر و وه‌ستانى دڵى بووه‌.

وه‌لید ره‌شید له‌ وڵاتى هیند و له‌ رۆژى 25ى شوباتى 2019 كۆچى دوایى كرد، دواى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى 70 هه‌زار دۆلارى تێچوو، خانه‌واده‌كه‌شى ئه‌و بڕه‌ پاره‌ى پێهه‌ڵنه‌ده‌سوڕا.

به‌پێى گێڕانه‌وه‌كه‌ى محه‌مه‌د عه‌بده‌، "تێچووى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ى 70 هه‌زار دۆلار بوو، نه‌خۆشخانه‌كه‌ش پاسپۆرتى دایكیانى زه‌وتكرد، پێیشیان راگه‌یەنرا، وه‌لید چاره‌سه‌ر ناكرێت ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌ده‌ن".

دامه‌زراوه‌ى ئومولبه‌نینى خێرخوازى، هه‌ڵمه‌تێكى كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ى ده‌ستپێكرد، كه‌ هه‌موو قه‌زاى قه‌لعه‌ى سوكه‌رى له‌ پارێزگاى زیقار گرته‌وه‌، كه‌ وه‌لید له‌ دایكبووى ئه‌و شوێنه‌یه‌، له‌ماوه‌ى رۆژ و نیوێکدا ئه‌و پاره‌یه‌ كۆكرایه‌وه‌، نه‌خۆشخانه‌كه‌ش ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردن، به‌ڵام نه‌یانتوانى سه‌ركه‌وتوو بن، نه‌ له‌ دیاریكردنى نه‌خۆشییه‌كه‌ و نه‌چاره‌سه‌كرنه‌كه‌شى، ته‌نانه‌ت كه‌سوكارى وه‌لیدیش نه‌یانده‌زانى هه‌ڵه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌یه‌ یان نا.

محه‌مه‌دى پورزاى وه‌لید عگێلى هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌كات :دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌سوكاره‌كانى وه‌لید له‌ هیند، پشكنین و دۆكۆمێنت و راپۆرته‌ پزیشكییه‌كانى وه‌لیدیان دایه‌ وه‌زیرى ته‌ندروستى عێراق، بۆئه‌وه‌ى پیشانى پزیشكێكى پسپۆڕى بدات، بۆئه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ى ده‌ستنیشان بكات، هاوكات كه‌مته‌رخه‌مى و هۆكارى مردنه‌كه‌ى وه‌لید دیارى بكات:.

بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ى كردوویانه‌، خێزانه‌كه‌ى وه‌لید،‌ دادگا یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كانیان، دواى ئه‌وه‌ى هۆكارى مردنه‌كه‌ى بزانن، له‌ كاتێكدا محه‌مه‌د عه‌بده‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ى دادگاى عێراقییه‌وه‌ سكاڵایه‌ك له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بكه‌ن، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ش ئه‌ركى به‌دواداچوونى ئه‌و پرسه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، دواى ئه‌وه‌ى له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌، راپۆرتێك هۆكارى مردنى وه‌لید بدرێته‌ پاڵ نه‌خۆشخانه‌ هیندییه‌كه‌.

به‌ڵام تواناى ئه‌و سكاڵایه‌ له‌ ئاستى چاوه‌ڕوانى خێزانى وه‌لید دایه‌، كه‌ به‌ وته‌ى پسپۆڕانى یاسا ماوه‌یه‌كى زۆرى ده‌وێت.

تاریق حه‌ڕب پسپۆڕى یاساى عێراقى، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌م بارودۆخه‌دا سكاڵا دژى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ به‌رزده‌كرێته‌وه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا سكاڵا له‌و شوێنه‌دا به‌رزده‌كرێته‌وه‌، كه‌ رووداوه‌كه‌ى تیادا ڕوویداوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت داواكه‌ له‌ هیند پێشکەش بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى سكاڵا له‌ دادگاكانى تارق حه‌ڕب ده‌ڵێت: "ده‌كرێت ئه‌و سكاڵایه‌ له‌ عێراقدا بكرێت، به‌ڵام كاتێكى زۆرى ده‌وێت، دادگاى عێراقیش ناتوانێت فه‌رمانى ده‌ستگیركردن ده‌ربكات، له‌دژى تۆمه‌تباره‌كان، چونكه‌ تاوانه‌كه‌ ئه‌گه‌ر بوبێت، ئه‌وا له‌ هینددا رویداوه‌ نه‌ك له‌ عێراق، له‌ هه‌لومه‌رجى ده‌ركردنى بڕیارى دادگاش ئایا ده‌توانرێت جێبه‌جێبكرێت؟، ناشكرێت جێبه‌جێبكرێت چونكه‌ هیندستان یاساى عێراقى جێبه‌جێ ناكرێت، عێراقیش یاساى هیندستان جێبه‌جێناكات".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق ده‌توانێت ئه‌وه‌ جێبه‌جێبكات، تارق حه‌رب، جه‌ختده‌كاته‌وه‌: حكومه‌تى عێراقى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و پرسه‌ پرسێكى گشتى نییه‌، فه‌رمانبه‌رێكى حكومه‌ت نه‌یكردووه‌، ته‌نانه‌ت وه‌لید ئه‌گه‌رچى فه‌رمانبه‌رى حكومه‌ته‌، به‌ڵام له‌كاتى به‌جێهێنانى ئه‌ركى حكومه‌تدا ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

پ: ئەڤین



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure