ئەو دایکەی بێشکەی منداڵەکانی سوتاند بۆ دواڕۆژ دەدوێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/03/2019‌ :: 2822‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


بڵاوبوونەوەی وێنەی سوتاندنی بێشكەیەك لەلایەن ژنێكی دانیشتووی قەزای سەیدسادق، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵكردووە و چەندین لێكدانەوە و بۆچوون لەسەر ئەو وێنەیە بڵاوكراونەتەوە، لە بەدواداچونێكی دواڕۆژیشدا هەریەكە لە وێنەگرەكە و ئەو ژنەی بێشكەكە دەستونێت، ڕاستی و دروستی چیرۆكەكە باس دەكەن.



ئەو ژنە بۆچی ئەو كارەی كرد؟

 سێوە محەمەد، ئەو ژنەی كە لەوێنەكەدا دەردەكەوێت  کە هەستاوە بە سوتاندنی بێشكەكە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو قسەو باسانەی كە لەبارەی سوتاندنی ئەو بێشكەوە دەكرێن و دەیانبیستمەوە زۆر نیگەرانی كردووم، نەك هەرخۆم بەڵكوو منداڵەكانیشمی نیگەران كردووە، چونكە وابڵاو كراوەتەوە كە گوایە من ڕقم لە منداڵەكانم هەستا بێت و پەشیمان بم لەوەی بەخێوم كردوون و ئێستا ئەوان بێ‌ وەفابوون بەرامبەرم، بەڵام ئەمە پێچەوانەكەی ڕاستە، چونكە ئەو بێشكەی من سوتاندنم بێشكەی كوڕەزایەكم بوو ئەوەش بەهۆی ئەوەی كۆن بووبوو لە جێگەیەك دانرابوو كە( مشك و جرج)ی زۆری پێدا ڕۆشتبوو بە كەڵكی بەكار هێنان نەدەهات.


ئەوەشی خستەڕوو، من شەش كوڕم هەیە و هەر شەشیم لە بێشكەدا گەورە و بەخێوكردوون، ئێستا ئەوان ئەوەندی منیان خۆش دەوێت تەنانەت ناتوانن لە كۆڵانەش دووركەونەوە لێم و ڕۆژانە سەردانم دەكەن.

ئەو ژنەی قەزای سەیدسادق باسی لەوەشکرد: كە ئەو وێنەیە بڵاو بوویەوە زۆر تەلەفۆنم بۆهات و پەیوەندی زۆرم پێوەكرا كە گوایە من وتوبێتم ڕقم لە كوڕەكانمە تا دواجار ئەو كوڕەی هەستابوو بە گرتنی وێنەكە بانگمان كردوو هەردووكمان ڕوونكردنەوەمان لەسەر وێنەكەدا كە بە چ مەبەستێك سوتاندومە.


مێژووی وێنەكە بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

كارزان ڕەشید، ئەو فۆتۆگرافەی كە وێنەكەی گرتووە و لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاو كردوەتەوە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: مێژووی وێنەكە دەگەڕێتەوە بۆ دووساڵ پێش ئێستا و لە بەهاری 2017 ئەو وێنەیەم گرت، ئەوەش دوای ئەوەی لە گەڕەكی( تەپەڕەش) لە قەزای سەیدسادق بە كۆلانێكدا تێپەڕیم بینیم ژنێك خەریكە بێشكەیەك دەسوتێنێت بەلامەوە دیمەنێكی سەرنجڕاكێش بوو، لەو كاتەدا لە ژنەكەم پرسی بۆچی ئەو كارە دەكەی؟ ئەویش وتی ئەم بێشكە كۆن بووە و بە كەڵكی بەكار هێنان نەماوە

هیچ هەڕەشەیەك لەو فۆتۆگافەرە كراوە كە وێنەكەی گرتووە و بڵاوی كردوەتەوە؟

 
كارزان ڕەشید، ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك كە وێنەكەم گرت و لە ساڵی 2017 بۆ یەكەمجار بڵاومكردەوە ئەم تێكستەم لەسەری نوسی ( لەگەڵ نەمانی بێشكەی منداڵیمان هەرچی جوانی هەبوو لە مرۆڤایەتیدا سوتێنرا، خۆڵەمێشی بوبەدەرد و دڵی هەزارەهای سەردەمی جیلی ئاڵتونی كرد بە ئازار، جوانی مرۆڤایەتی وەفا ڕاستگۆیی دڵسۆزی سیلەی ڕەحم....) ئەم تێكستە لای زۆربەی هاوڕێكانم دەستخۆشیم لێكران تەنانەت كوڕەكانی دایە ( سێوە)ش دەستخۆشییان لێكردم، بەڵام ئێستا كە وێنەكە نوێكراوەتەوە لێكردانەوەی تری بۆ كراوە بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ كوڕەكانی دایە( سێوە) دانیشتم پێكەوە لەگەڵ (سێوە) ڕوونكردنەوەی پێویستماندا و كۆتایمان بە بابەتەكە هێنا.

پ:ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure