فەرمانگەی ده‌رهێنانی پاسپۆرت له‌ سۆران ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 04/03/2019‌ :: 199‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

قایمقامی قه‌زای سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تی ناوه‌ندی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی فەرمانگەی ده‌رهێنانی پاسپۆرت و ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وه‌كو ئیداره‌ی سۆران جێگه‌یه‌ك بۆ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ دابین بكه‌ین و ئاماده‌كارییه‌كانی خۆمان ته‌واوبكه‌ین. 


كرمانج عزه‌ت، قایمقامی قه‌زای سۆران (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی ئازاری 2019) به‌دواڕۆژی راگەیاند: به‌مه‌به‌ستی كارئاسانی بۆ هاووڵاتیانی هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران، كه‌ قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، ڕواندز و مێرگه‌سۆر ده‌گرێته‌وه‌، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق ڕه‌زامه‌ندی دراوه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی فەرمانگەیەکی ده‌رهێنانی پاسپۆرت له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای سۆران. 

وتیشی: "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن نه‌وزاد هادی پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌مان پێڕاگه‌یه‌نرا كه‌ به‌غدا به‌فه‌رمی ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی فەرمانگەی ده‌رهێنانی پاسپۆرت له‌ قه‌زای سۆران". 

باسی له‌وه‌شكرد: ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وه‌كو ئیداره‌ی سۆران ئاماده‌كاری بكه‌ین و جێگەیه‌كیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ست نیشان بكه‌ین، ئێمه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك لای خۆمان ته‌واو ده‌كه‌ین، ئه‌وكات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌غدا كه‌ به‌كرده‌یی ده‌ست بە كاره‌كان بكرێت و ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ كاری هاووڵاتیان رایی بکات. 

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure