بێمتمانه‌یی و لاوازیی سیسته‌مى بانكى و سه‌رمایه‌ نوستوه‌كانى هاوڵاتیان

هەواڵ / ئابوری :: 05/03/2019‌ :: 235‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، زریان محەمەد

لەئێستادا ھاووڵاتیان متمانە بەبانکەکان ناکەن و سیستمی بانکی لەھەرێمی کوردستان بەلاواز دادەنرێت و کەمترین ھاووڵاتی مامەڵە بە ژمارەی بانکییەوە دەکەن، شارەزایەکی بانکیش ده‌ڵێت: "هاوڵاتیان متمانەیان بە بانکەکان نەماوە و پاره‌كانیان له‌ مامه‌ڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرن".

دکتۆر ئەبوبکر پێنجوێنی، راوێژکاری بانکی دیجلە و فورات بەدواڕۆژی وت: "کۆی سیستمی بانکی لە ھەرێمی کوردستان ئیفلیجه‌، دەسەڵات خۆی ھۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ شکستھێنان بەکەرتی بانکی، کە نەیتوانیوە سەرمایەداران و داھاتی خۆی وابەستە  بانکه‌كان بكات".

وتیشی: "لەماوەی رابردوودا حکومەت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی دروست لەڕێگەی بانکەوە مامەڵە بکات، وەک ئەو ھەڵە گەورەیەی کە کردی لەچەکی بانکی بەڵێندەراندا، کەھەڵەیەکی گەورەی یاسایی بوو، ئه‌گه‌ر لەھەر شوێنێکی دیكه‌ى دنیادا بکرایە، لێپرسینەوەیەکی یاسایی گەورەیان لەگەڵ دەکرا".

راشیگەیاند: ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستاندا تائێستا رۆشنبیرییه‌كى ئه‌وتۆى بانکیان نیە و ئەوه‌ش وادەکات نه‌توانرێت سود له‌ پاره‌ى پاشەکەوتى تاک وەربگیرێت و جۆڵه‌ى پێبكرێت و بۆ پرۆژەكانى وەبەرھێنان به‌كاربهێنرێت، ئێستا ئەو پارانه‌ لە قاسە و ده‌غیله‌ى  ماڵەکان ھەڵگیرەوە و زیندانکراوە، كه‌ بە نزیکەی ٦ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، کەئەمەش ھۆکارێکە بۆ وەستانی گەشەی ئابوری و سیستی بازاڕەكان.

له‌ دواى راپه‌ڕین بەھۆی کێشەی بانکەکان و نەگەڕانەوەی ئەو پارانەی ھاووڵاتیان کەلەبانکەکاندا دانرابوو، وایکردووە کەھاووڵاتیان متمانەیان بە بانکەکان نەمێنێت و ئه‌و داهات و پاره‌یه‌ى لێیان زیاده‌ له‌ برى دانان له‌ بانك له‌ مامه‌ڵه‌ هه‌ڵى ده‌گرن، كه‌ پێویسته‌ له‌بانك دابنرێت و بانكه‌كان به‌و پارانه‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و قه‌رزى بده‌ن. 

شاڵاو حەکیم، ھاووڵاتییه‌كى شاری سلێمانییه‌ و دەربارەی سیستمی بانکی دەڵێت: "بیرم لەوە نەکردۆتەوە پارەکانم له‌ بانك دابنێم و ژمارەی بانکیم ھەبێت، چونکە تا ئێستا ئەو سیستمە نەبۆتە شتێکی باو و حکومەتیش تائێستا خۆی کارێکی واینەکردووە کە ھاووڵاتیان پابەندبکات بە سیستمی بانکی".

دەشڵێت: "راستە سیستمی بانکی شتێکی زۆر باشە، بەڵام لەرابردوودا چەندین رووداوی بانکی رویانداوە و ھاووڵاتیان کە پارەیان لە بانکبووە و پاشان بانکەکان کە ئیفلاسیان کرد پارەکەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكارێك كه‌ چیتر خەڵک پارە لەبانک دانەنێت".

نەبوونى بانکی گەورە و لاوازى سیسته‌مى بانكى کێشەی زۆرى بۆ کارى بازرگانیش دروستکردووە، بەتایبەت لەکاتی حەواڵەکردنی پارە بۆ ووڵاتان.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتى: "بازرگانان لەکاتی ناردنی پارە بۆ دەرەوەی ووڵات بە دەست کێشەی حەواڵه‌ى پارەوە دەناڵێنن، چونکە هیچ بانکێک لەکوردستاندا نەیتوانیوە لەگەڵ بانکە جیھانییەکاندا ئەو پەیوەندییە دروستبکات".

رونیشیكرده‌وه‌: لەکوردستاندا ھاوڵاتیانیش گرنگی بەدروستکردنی ژمارەى بانکی نادەن و پارەکانیان لەماڵەوە ھەڵدەگرن، لەبەر ھۆکاری نەبوونی متمانە لەنێوان بانکەکان و ھاووڵاتایندا ئەمەش وایکردوو سیستمی بانکی بەھێزنەبێت.

بازرگانان لەکاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپییەکاندا بۆ ناردنی پارە دەبێت پەنا بۆ بانکە تورکى  و ئیماراتییەکان به‌رن.

محەمەد ئیبراھیم، لەبازاڕی دۆلارەکەى شاری سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "بەشێکی زۆری ئەو بازرگانانەی لەگەڵ ووڵاتانى ئەوروپی کاردەکان لەناو بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی پارەکانیان دەنێرن  نەک لە رێگەی بانکەكانه‌وه‌".

وتیشی: "من لەرێگەی ژمارەی بانکی تورکیا و دوبەی بەشێکی زۆری پارەی بازرگانان حەواڵەدەکەم بۆ وڵاتانی ئەوروپا، چونکە ھیچ بانکێک لەکوردستاندا نێودەوڵەتی نیەو توانای ناردنی پارەی زۆری نیە لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا".

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure