تۆ تۆمەتباری بە تاوانی خەونبینین!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 04/03/2019‌ :: 449‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

كۆسره‌ت جومعه‌ كه‌ریم

شەوێک بەدیار وتاری بەرپرسێکی سیاسییەوە دانیشتبووم کە باسی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی دەکرد. لە وتارەکەیدا ئەوەندە بەجوانی باسی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دەکرد، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆژنامەیەیشت بەرچاونەکەوتبێت، هیواتدەخواست ببیت بە ڕۆژنامەنووس. دوای تەواوبوونی وتاری بەرپرسەکە، پرسیارێک هات بەبیرمدا: باشە بۆچی نەبم بە ڕۆژنامەنووس؟!. هەتا خەویشم لێکەوت ئەو پرسیارە و وەڵامەکەی لە هزرمدا دەهاتن و دەچوون. دواجار خەوم لێکەوت و خەونێکی ناخۆش و سامناکم بینی کە نزادەکەم وەها خەونێک نەچێتە سەردانی هیچ خەونبینێک..لە خەونمدا ببوومە ڕۆژنامەنووس و بە مانگەی ۲٥۰ هەزار دینار بۆ یەکێک لە ڕۆژنامەکان کارم دەکرد. یەکێک لەو هەواڵانەی بڵاومکردەوە، بەم شێوەیە بوو:

"لە یەکێک لە شەقامەکانی شاردا، کە دەوردراوە بە گوڵ و درەختە جۆربەجۆرەکان، منداڵێک بە خۆیی و پاسکیلەکەیەوە، لە پشتی یەکێک لە درەختەکانەوە دەردەکەوێت و لەکاتی پەڕینەوەی شەقامەکەدا، لەپڕ ئۆتۆمبیلێک بە خێرایی ۷۰کیلۆمه‌تر لە کاتژمێرێکدا، منداڵەکە دەکات بەژێرەوە و بەهۆی قورسی ڕووداوەکەشەوە هەمانکات گیان لەدەستدەدات".

پاش بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، بۆ سبەی ئەم ڕووداوانەی لێکەوتەوە:
بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبان سکاڵایان لە من و ڕۆژنامەکەش تۆمارکرد، بە بیانووی ئەوەی بە خراپە باسی ڕێگەوبانم کردووە و ویستوومە ناوبانگی بەڕێوەبەرایەتییەکە بشێوێنم. بۆ ئەوەش داوای سێسەدهەزار قەرەبوویان کردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار ڕایانگەیاند، کە درەختەکان لەهەردوولای شەقامەکە کراوەن و ڕێگریی لە بینینی شۆفێرەکان ناکەن. ئێوە لە هەواڵەکەدا بە خراپە باسی کارەکانی ئێمەتان کردووە و ئەمەشتان بە گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی کارەکانمان تۆمەتبارکردووە. بۆیە وەک قەرەبوو داوای سێسەدهەزار دینار دەکەین.

هەرچی نوێنەری ئەو کۆمپانیایەی ئەو ئۆتۆمبیلە هاوردەدەکات، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە هۆڕینی ئۆتۆمبیلەکە بەباشی کاریکردووە و ئێوە ڕەخنەتان لێگرتووە. لەبەرئەوە سکاڵامان لەسەر ڕۆژنامەنووسەکە تۆمارکردووە، بەتۆمەتی بەدوادانەچوونی پێویست لە ڕووداوەکە و بەخراپباسکردنی کوالێتی ئۆتۆمبیلەکە. هەربۆیە ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە داوای سێسەدهەزار قەرەبوو دەکەین.

شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دەرکەوت و گوتی: من سکاڵا لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە تۆماردەکەم، کە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و درۆ و بوختانی بۆ من هەڵبەستاوە و گوتوییەتی کە من بە خێرایی ۷۰کم ڕۆشتووم، لەکاتێکدا من بە خێرایی ٦٥کم ڕێمدەکرد. هەربۆیە بە پێویستی دەزانم داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویش بکەم.

وەزارەتی ڕاگەیاندن-یش سکاڵایان لەسەرم تۆمارکرد و داوای ڕوونکردنەوەیان لێمکرد، دەربارەی بەکارهێنانی وشەی (شەقام) لە هەواڵەکەمدا. دەیانویست بزانن، کە ئایا من مەبەستم چی بووە لە بەکارهێنانی ئەو وشەیە و دەیانگوت؛ تۆ ویستووتە بڵێیت ئۆتۆمبیلەکە دەسەڵاتە و منداڵەکەش شەقامە. واتە دەسەڵات بەو شێوەیە میلـلەتی شێلاوە. هەربۆیە داوایانکرد بە تۆمەتی ناپاکی بۆ هاتاهەتایە زیندانی بکرێم و ڕێگە نەدرێت لە هیچ ڕۆژنامەیەکدا نووسین و ڕاپۆرتەکانم بڵاوبکرێنەوە و هەرکەسێکیش بیخوێنێتەوە، بە زووترین کات دەستگیربکرێت.

من دەسگیرکرام و ڕۆژنامەکەش بەم شێوەیە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە:
"لە یەکێک لە شارەکانی وڵاتێکدا، ئۆتۆمبیلێک لە منداڵێکی دا و مرد. ببوورن بەهۆی ئاسایشی نیشتیمانییەوە ناتوانیین وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکەین"!

لەو خەوە ناخۆشە بەئاگاهاتمەوە و سوپاسی خودامکرد کە ڕۆژنامەنووس نەبوومە و خەونبووە. بەڵام هەر بووە شتێک لە دەروونمدا و بەزوویی خۆم گەیاندە لای مەلای مزگەوتەکەمان و خەونەکەم بۆ گێڕایەوە، تا بۆم لێکبداتەوە. هەمووی نیو کاتژمێری پێنەچوو کە چواردەورمیان گرت و فڕێندرامە ناو ئۆتۆمبیلێکی سەربازییەوە و دەستگیرکرام. وتم: بۆچی منتان دەستگیرکردووە؟ گوتیان: تۆ تۆمەتباری بەتاوانی خەونبینین!. وتم: بۆ خەونبینین تاوانە؟!! وتیان: بەڵی خەونبینین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی هەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە خەون ببینێت، نەوەک کەسێک خەون بە ئازادییەوە ببینێت!



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure