پاڵاوگە نایاساییەكانی سلێمانی لادەبرێن

هەواڵ / ئابوری :: 04/03/2019‌ :: 354‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان لەسلێمانی ئاگادارکراونەتەوە بەوەی گەر تا ناوەڕاستی ئەم مانگە لای نەبەن، لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە لادەبرێن.


بەختیار محەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای لابردنی پاڵاوگەکان لەسلێمانی تایبەت بەدواڕۆژی وت: "ئەو بڕیارەی دراوە بۆ نەمانی پاڵاوگە نایاساییەکان تەواوی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئێمەش لەشاری سلێمانی نوێنەرین لەو لیژنە باڵایەدا و کارەکانمان دەستپێکردووە".

وتیشی: "لەڕۆژی دەرچوونی فەرمانی وەزارییەوە بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، پۆلیسی سلێمانی لەئێستادا بۆ ٢٦ پاڵاوگە کە ناونیشانی تەواویان ھەیە، ٢٤ یانی ئاگادار کردووەتەوە، ئەوەشی لەوێ نەبووە، ئاگادار کردنەوەکەی بۆ بەجێھێڵدراوە".

ئاماژەی بەوەشدا: لە 15ی مانگی یەكی رابردووەوە ئاگادار کردنەوە دەستیپێکردووە تا 15ی ئەم مانگە دوا مۆڵەت دانراوە، پاشان بۆ ماوەی دوو مانگ ڕێگە دەدرێت پاڵاوگەکان کەلوپەلەکانیان لابەرن ئەگەر نا، ئەوا دەدرێت بە دادگا و دەست بەسەر دەبێت تا ڕۆژی دادگا دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلەکانیدا دەگیرێت".

ئەوەشی ڕوونکردەوە، لەیەک ڕۆژدا لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لەدوای وادەی دیاریکراو دەستدەکرێت بە لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان.


ئەو ئەندامەی لیژنەی سەرپەرشتی لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەسنوری پارێزگای سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند: لەدوای لابردنی ئەم پاڵاوگە نایاساییانە، بەھیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت پاڵاوگەی نایاسایی دابندرێتەوە و دەڕووخێندرێت".


پاڵاوگە نایاسایەکان لە ھەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵێکدا بەشێوەیەکی بارچاو زیادیانکرد و پاش ئەوەی زیانیان بۆژینگە زیادیکرد ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە تێکدانی تەواوی پاڵاوگە نایاسایەکان.


دیار غەریب، بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: وەک ژینگەی سلێمانی لەگەڵ ھیچ پاڵاوگەیەک نین کە بەنایاسایی کاربکات و مەرجەکانی کارکردن و پاراستنی ژینگەیان نەبێـت".


لەئێستادا لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەو ئامارەی دراوە بە لیژنەی پارێزگا بۆ جێبەجێکردنی لابردنی پاڵاوگەکان ٢٦ پاڵاوگەی نایاسی بوونیان ھەیە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure