ئەگەر یەكێتی و پارتی رێکبکەون لیژنەی هاوبەش پێکدێنن

هەواڵ / کوردستان :: 04/03/2019‌ :: 2094‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال


لەسەر رۆشنایی كۆبوونەوەی دوێنێ نێوان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ، گەر ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی بگەنە هەر رێككەوتنێك لیژنەی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی پێكدێت، دواڕۆژ زانیویەتی: "هەریەك لە سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتوو ئەیاد عەلاوی، سەركردەی عێراقی چوونەتە لای یەكێتی و ناوبژییان كردوە".

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ كە سەرچاوەی باوەڕپێكراو پشتڕاستیكردۆتەوە: لەكۆبوونەوەكەی دوێنێدا، شاندی یەكێتی گلەیی زۆری هەبووە لەسەر هەندێك هەڵسوكەوتی پارتی و داوا لەبارزانی كراوە كۆبوونەوە و رێكارەكانی پەرلەمان رابگیرێت تا یەكێتیش دەگاتە رێككەوتن لەسەر ئەو پرسانە.

دواڕۆژ زانیاری دەستكەوتووە، یەكێتی دەیەوێت پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ خۆی بێت و داوایكردووە پارتی پشتگیریی بكات لەو ڕووەوە، بۆ كەركوكیش بارزانی وتویەتی: "لەگەڵ ئەوەدا نییە پارێزگار لەئێستادا دابنرێت بەهۆی ئەوەی حەشدی شەعبی هەركاتێك بیەوێت لایدەبات"، بۆیە داوایكردوە رەزامەندی حكومەتی عێراق وەربگیرێت لەسەر دانانی كەسێك بۆ پارێزگار و پارتیش هێڵی سووری لەسەر ئەوە نییە ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێت".

هاوكات لەكۆبوونەوەكەی دوێنێدا بارزانی وتویەتی: "ناچمە ژێر باری ئەوەی دۆخی كەركوك بەو ناڕێكییەی ئێستایەوە پارێزگاری بۆ دابنرێت"، داوایكردووە یەكێتی و پارتی لیژنە پێكبێنن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە لەسەرەتاوە.

بۆیە گەر راسپاردەكانی كۆبوونەوەی دوێنێی بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ رەزامەندی لەسەر درا، ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی لیژنەی هاوبەش بۆ هەر بڕیارێك دادەنێن كە بگەنە رێككەوتن لەسەری.

داڕشتنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure