بارزانی بۆ پرسی كەركوك پێشنیارێكی بۆ یەكێتی كردوە

هەواڵ / کوردستان :: 04/03/2019‌ :: 14142‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتیی له‌باره‌ی ته‌واوی ناكۆكییه‌كانی نێوانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن ته‌نها پرسی كه‌ركوك نه‌بێت، وابڕیاریشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی دوێنیێ نێوان مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا هه‌ردوولا گفتوگۆ بكه‌ن له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند.

وابڕیاره‌ (پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌، 4ی ئازار)، شاندی باڵای یه‌كێتیی و پارتی له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌، بەپێی زانیارییه‌كانیش ناكۆكی سه‌ره‌كی نێوان ئه‌و دوولایه‌نه‌ پرسی كه‌ركوكه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ی نێوان مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سولیش نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كە یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی كه‌ركوك-یشه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ته‌نها خاڵی ناكۆكی نێوانیان پرسی كه‌ركوك بووه‌ و مه‌سعود بارزانی داوای كردووه‌ ئه‌و پرسه‌ تا ماوه‌یه‌ك دوابخرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و شانده‌كه‌ی یه‌كێتیی، له‌سه‌ر زۆربه‌ی پرسه‌كانی نێوانیان هاوڕابوون، له‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكیش بارزانی به‌ شانده‌كه‌ی یه‌كێتیی ڕاگه‌یاندووه‌: قه‌زیه‌ی كه‌ركوك به‌ خودی خۆی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ بسپێرن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ده‌كات.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: هه‌ردوولا بڕیاریانداوه‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوودا، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێنه‌كانی بارزانی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ نێوان خۆیان تاوتوێ ده‌كه‌ن، تاوه‌كو بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كێتیی داوای چه‌ند ئیستیحقاقێك ده‌كات كه‌ به‌ مافی خۆی ده‌زانێت، به‌ڵام پارتی له‌سه‌ر به‌شێكیان هاوڕانییه‌ و داوای دواخستنی ده‌كات.

وتیشی: "ته‌مه‌نا ده‌كه‌ین بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌ش و ئه‌و مه‌سه‌له‌یە درێژه‌ نه‌كێشێت."

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure