ئەمڕۆ یەکێتیی و پارتی کۆدەبنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 04/03/2019‌ :: 258‌ جار بینراوە
لۆگۆی یەکێتیی و پارتی

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی

وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: (ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی ئازارى 2019) هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی كۆده‌بنه‌وه‌.


له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كۆنگرەیەكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: بڕیاردراوه‌ ئەمڕۆ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌.

 

پەیامنێرمان رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی جگە لە مەسعود بارزانی بەشداردەبن، هەروەها زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتییش بەشداری کۆبونەوەکە دەبن.


به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی نێوان مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی ده‌كرێته‌ ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئەمڕۆی نێوان هه‌ردوولایان كه‌ باس له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و پرسی كه‌ركوك و به‌غدا ده‌كرێت.

پارتی و یه‌كێتی له‌ (5ی شوباتی 2019) له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كێتی و وه‌زیری داد بۆ یه‌كێتی رێككه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆی واژۆنه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، یه‌كێتیی به‌شداری له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كرد و كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجامنه‌درا.

بڕیاروابوو دوێنێ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوولایان پێیان باش بووه‌ كه‌ بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێشوه‌خت كۆببنه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بگه‌نە رێككه‌وتن، دواتر مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردولا له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆببنه‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure