داعش له‌ بازرگانی نه‌وته‌وه‌ بۆ دومه‌ڵان فرۆشتن

هەواڵ / ئابوری :: 04/03/2019‌ :: 4895‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی كۆچه‌ر عه‌لی

چه‌ند رۆژێكه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ بناری چیای قه‌ره‌چووغ خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی دومه‌ڵانن و رۆژانه‌ چه‌ندین كیلۆ دومه‌ڵان ده‌دۆزنه‌وه‌ و هاووڵاتیه‌كی سنووره‌كه‌ش ده‌ڵێت: "ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك رۆژانه‌ خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی دومه‌ڵانن". 


له‌ دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ پارێزگای موسڵ و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌ بناری چیای قه‌ره‌چووغ جێگیربوون و رۆژانه‌ جموجۆڵی چه‌كداری ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌شێك له‌هاووڵاتیانی گونده‌كانی نزیك چیای قه‌ره‌چووغیش رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كدارانه‌ گفتوگۆی ئاسایی ده‌كه‌ن. 

ئیسماعیل خورشید، ته‌مه‌ن 34 ساڵ دانیشتووی یه‌كێك له‌ گونده‌كانی بناری چیای قه‌ره‌چووغ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: رۆژی شه‌ممه‌ 2ی ئازاری 2019 له‌گه‌ڵ چه‌ند هاووڵاتیه‌كی گونده‌كه‌یان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی دومه‌ڵان چوونه‌ته‌ نزیك گوندی عه‌لییه‌ ره‌ش و له‌وێ چه‌كدارانی داعشیان بینیوه‌ خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی دومه‌ڵان بوون. 

ئه‌و هاووڵاتییه‌ وتیشی: "سه‌ره‌تا كه‌ چه‌كداره‌كانیان بینیوه‌ زۆر ترساون، به‌ڵام یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كانی داعش به‌ كوردی پێیانی وتوه‌ مه‌ترسن و ئێمه‌ (حه‌ق)مان به‌سه‌ر ئێوه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام نابێت بێنه‌ نێو سنووره‌كانی ئێمە". 

داعش و گۆڕینه‌وه‌ى دومه‌ڵان به‌ماست و هێلكه‌
ئیسماعیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كداره‌ی داعش كه‌وتۆته‌ گفتوگۆ و پێیوتوه‌ رۆژانه‌ له‌ چیای قه‌ره‌چووغ خه‌ریكی چین، به‌ڵام چه‌كداره‌ كورده‌كه‌ هیچ زانیارییه‌كی پێنه‌داوه‌ و ته‌نیا پێیوتوه‌ ئه‌وان ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كدارن و ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ ده‌بێت كه‌ وه‌رزی دومه‌ڵان ده‌ستیپێكردوه‌ خه‌ریكی دومه‌ڵان كردنن و رۆژانه‌ 12 بۆ 15 كیلۆ دومه‌ڵان ده‌كه‌ن و ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ ده‌رۆنه‌ نزیك ئه‌و چه‌كدارانه‌. 

هاووڵاتیه‌كه‌ وتیشى: "چه‌كداره‌ داعشه‌كه‌ پێیوتوه‌ یه‌ك كیلۆ دومه‌ڵان به‌ حه‌وت هه‌زار دینار ده‌فرۆشنه‌وه‌، هه‌ندێ جاریش دومه‌ڵان به‌ ماستی مه‌ڕ و هێلكه‌ی مریشك ده‌گۆڕنه‌وه‌". 

ناوبراو له‌ قسه‌كانی به‌رده‌وام بوو و به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ وتی: "ئێستاش باوه‌ڕناكه‌م ئه‌وه‌ چه‌كداری داعش بن، چونكه‌ ئه‌و داعشانه‌ی له‌ ساڵی 2014 هاتنه‌ ناوعێراق و هه‌رێمی كوردستان دڕنده‌ بوون و سه‌دان كه‌سیان سه‌ر بڕی و دیمه‌نی خوێناویان پیشانی خه‌ڵك ده‌دا، به‌ڵام ئه‌م چه‌كداره‌ داعشه‌ وتویه‌تى ئه‌گه‌ر خه‌ڵك كێشه‌مان بۆ دروستنه‌كه‌ن ئێمه‌ حه‌قمان به‌سه‌ر كه‌سه‌وه‌ نییه‌". 

هاووڵاتیه‌كی تر كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ نه‌یویست ناوى بهێنرێت بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد: ئه‌وان یه‌ك كیلۆ دومه‌ڵان له‌ چه‌كدارانی داعش به‌ نرخی حه‌وت تا هه‌شت هه‌زار دینار ده‌كڕنه‌وه‌ و له‌ بازاڕیش به‌ 15 هه‌زار دینار ده‌فرۆشنه‌وه‌ و رۆژانه‌ش نزیكه‌ی 150 تا 200 كیلۆ دومه‌ڵان له‌ چه‌كدارانی داعش ده‌كڕنه‌وه‌. 

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس کە نەیویست ناوه‌كه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بازرگانیكردنی دومه‌ڵان له‌ نێوان هاووڵاتیان و چه‌كدارانی داعش بۆته‌ پرسێكی ئابووری رۆژانه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر كاری بۆ په‌یدابووه‌ و هه‌ر تاكێك رۆژانه‌ 25 بۆ 30 هه‌زار دیناریان ده‌ستده‌كه‌وێت. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ وتیشی: "وه‌رزی دومه‌ڵان له‌ 15ی شوبات ده‌ستپێده‌كات  تا 20ی نیسان به‌رده‌وامده‌بێت، به‌پێی ئه‌وه‌ش كه‌ ناوچه‌كانی قه‌راج و كه‌ندیناوه‌ خاكێكی زیخه‌ڵانه‌ و ئه‌مساڵیش به‌هۆى ئه‌وه‌ى باران زۆر باریوه‌ دومه‌ڵانێكی زۆر له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌و سنووره‌ هه‌لی كار كه‌مه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ بیانووی دومه‌ڵان كردن رووده‌كه‌نه‌ بناری چیای قه‌ره‌چووغ و تا ئێواره‌ ده‌مێننه‌وه‌ و له‌كاتی ئێواره‌شدا به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ دومه‌ڵانه‌كان له‌ چه‌كدارانی داعش ده‌كڕن. 

پ:س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure