شه‌ڕ له‌نێوان پەکەکە و تورکیا ده‌ستیپێكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2019‌ :: 26265‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی
 
دوای چه‌ند رۆژێك له‌ وه‌ستانی شه‌ڕی نێوان سوپای توركیا و گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌، ئێواره‌ی (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى ئازاری 2019) جارێكی دیكه‌ شه‌ڕ له‌ نێوانیاندا ده‌ستیپێكرده‌وه‌، به‌رپرسێكی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل-یش ده‌ڵێت: "شه‌ڕه‌كه‌ له‌ سنوری سیده‌كان روویداوه‌ و ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو كاتژمێری خایاندوه‌". 


تۆفان ژێهات، ئه‌ندامی ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) باڵی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی وت: "ماوه‌یه‌ك بوو هیچ شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ئێمه‌ و توركیا رووینه‌دابوو، به‌ڵام ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت له‌ نێوان گه‌ریلاكانی ئێمه‌ و سه‌ربازانی سوپای توركیا روویدا كه‌ نزیكه‌ی دوو كاتژمێر به‌رده‌وامبوو". 

وتیشى: "شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كه‌ له‌ چیادێڵی سنوری ناحیه‌ی سیده‌كان بوو، هیچ زانیارییه‌كی وردمان له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، چونكه‌ تائێستاش ناوه‌ناوه‌ ده‌نگی ته‌قه‌ ده‌بیسترێت، تاكه‌ زانیارییه‌ك كه‌ زانراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، توركیا له‌شه‌ڕه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك كوژراو و برینداری هه‌یه‌". 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ مه‌غدید عه‌بدولڕەحمان، موختاری گوندی لێلكان کە دەکەوێتە ناوچەی شەڕەکەوە به‌ دواڕۆژی وت: "له‌كاتی شه‌ڕه‌كه‌دا توركیا به‌ تۆپ و فڕۆكه‌ تۆپباران و بۆردومانی ده‌كرد، هه‌ریه‌ك له‌ گونده‌كانی گه‌روی كه‌وه‌رته‌ و ناومێرگانی گرته‌وه‌، چه‌ند گوللـه‌تۆپێكیش له‌نزیك چه‌ند ماڵێكی گوندی ناومێرگان كه‌وتنه‌وه‌". 

رونیشیكرده‌وه‌: "هه‌رچه‌نده‌ بۆردومانه‌كه‌ هیچ زیانی گیانی نه‌بووه‌، به‌ڵام ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆری لای دانیشتوانی گونده‌ سنورییه‌كان دروستكردوه‌". 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure