دواكەوتنی پارەی گەنم جوتیارانی لە كشتوكاڵكردن بێهیواكردوە

هەواڵ / ئابوری :: 04/03/2019‌ :: 417‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، عەلی حەمە سەعید


لەگەڵ ئەوەی ساڵانە جوتیارانی سنوری دەشتی شارەزوور بە گوڕوتینێكی نوێوە روو لە كێڵانی زەوییەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی بەری ره‌نجی ساڵێكیان بدورنەوە و بژێوی ژیانیان بۆ دابینبكات، بەڵام پێنەدانی پارەكانیان و دواكەوتنی، جوتیارانی لە كاری كشتوكاڵكردن ساردكردوه‌ته‌وه‌ و بێهیواكردوە.


لە بری حكومەت بازرگانە عەرەبەكان دێن بە هانای جوتیارانی هەرێمەوە

خەسرەو جاف، یەكێك لە جوتیارە نمونەییەكانی دەشتی شارەزوور بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ساڵ لە دوای ساڵ كاری كشتوكاڵكردن پاشەكشە دەكات، چونكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە سیاسەتێكی روون نییە بۆ پشتگیری لە بەرهەمی جوتیاران بە تایبەت بەرهەمی گەنم، چونكە تائێستاش نەتوانراوە پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016ی بەشێكی زۆری جوتیاران كە لەلای حكومەتی عێراقە بدرێتەوە جوتیارانی هەرێم، بۆیە بەناچاری بەرهەمەكانمان بە نرخیكی هەرزانتر دەفرۆشینە بازرگانە عەرەبەكان.

ئەوەشی خستەڕوو: پێنەدان و دواكەوتنی پارەی گەنمی جوتیاران كاریگەرییەكی زۆر نەرێنی كردوەتە سەر كەرتی كشتوكاڵ بە تایبەت بەرهەمی گەنم لە هەرێمی كوردستان و دەشتی شارەزوور، چونكە جوتیاران بێهیوابوون لە وەرگرتنی پارەكانیان لە كاتی خۆیدا، بەجۆرێك جوتیار هەیە بە تەنیا 40 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی لای حكومەتە و هێشتا وەری نەگرتوەتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بەشێكی زۆری جوتیاران هێشتا پارەی زەوی كێڵان و دەرمان و كۆمەڵێك پێداویستی دیكەیان نەداوە و قەرزار بوون.

بڕی ئەو پارەیەی كە لای حكومەتی عێراقییە و دەبێت بدرێتە جوتیارانی هەریم چەندە؟
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سایلۆی سەیدسادق بە دواڕۆژ دراون، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تائێستا 570 ملیار دینار پارەی گەنمی ساڵانی 2014 تا 2016ی جوتیارانی هەرێم لای وەزارەتی بازرگانی عێراق ماوە دابەشبكرێت، لەو بڕە پارەیەش جوتیارانی شارەزوور زیاتر لە 30 ملیار دیناریان ماوە، بەڵام پارەی گەنمی ساڵانی 2017 و 2018 سەرجەمی دابەشكراوە، بەجۆرێك بۆ هەر كیلۆیك گەنمی پلە یەك بڕی 560 دینار و پلە دوو 480 دینار و پلە سێش بڕی 420 دینار دیاریكرابوو.

ساڵانە بڕی وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم كەمدەکرێتەوە

هەر بە گوێرەی زانیارییەكان لە ساڵی 2017 وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بڕی 432 هەزار تەن گەنمی لە جوتیارانی هەرێم وەرگرت، بەڵام لە ساڵی 2018 بڕەكەی كەمكردەوە بۆ 330 هەزار تەن، بۆیە بەهۆی ئەوەی لە بودجەی گشتی عێراقدا پشكی وەزارەتی بازرگانی عێراقی كەمكراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا وەرگرتنی گەنم بۆ ساڵی 2019 لە ساڵی 2018 كەمتر دەبێت كە وابڕیارە لە 1/6/2019 دەستبكرێت بە وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی كوردستان و عێراق.

بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق هێندەی دیكە جوتیارانی هەرێمی بێهیوا كردوە

مەحمود ساڵح، یەكێك لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور كە خاوەنی زیاد لە 20 دۆنم زەوی كشتوكاڵییە بە دواڕۆژی وت: "ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا پارەی گەنمەكانمان دوادەكەوت و هێشتا پارەی سێ‌ ساڵمان وەرنەگرتوە، بەڵام لەوە خراپتر بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی عێراقیمان بەسەردا جێبەجێدەكرێت كە بۆ هەر دۆنمێك زەوی تەنها (80) كیلۆ گەنممان لێوەردەگرێت كە ئەمەش ستەمێكی دیكەیە بەرامبەر بە جوتیارانی هەرێم دەكرێت، چونكە ئەم بڕیارە تەنیا جوتیارانی هەرێم دەگرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر جوتیاران چەندە گەنمیان هەبوایە لێیان وەردەگیرا.

ئاماژەی بەوەشكرد: جێگەی داخە كە كاری كشتوكاڵ و كەرتی كشتوكاڵیش تێكەڵ بە ململانێ‌ سیاسییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كراوە، لە كاتێكدا دەبوو هانی ئێمەی جوتیاران بدرێت بەردەوامبین لە كشتوكاڵكردن و چاندنی گەنم، بەڵام بە پێچەوانەوە نە حكومەتی عێرقی و نەحكومەتی هەرێمیش نەیانتوانیوە كەرتی كشتوكاڵ بكەنە كەرتێكی گرنگی بەدەستهێنانی داهات، چونكە بەتەنیا سنوری دەشتی شارەزور خۆی دەدات لەزیاتر 500 هەزار دۆنم لەزەوی كشتوكاڵی كە ئەو رووبەرە فراوانەش دەتوانرێرێت لەچاندنی چەندین جۆری كشتوكاڵی سودی لێوەبگیرێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم بە جددی كار لەسەر دەشتی شارەزور بكات و جوتیاری بۆهانبدات بەتەنها دەتوانێت ئاسایشی خۆراك بۆهەرێمی كوردستان دابینبكات.

ئەمساڵ لە دەشتی شارەزوور 65 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بە گەنم چێنراوە

عەبدولكەریم عارف، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور، بە دواڕۆژی راگەیاند: پێنەدانی پارەی گەنمی سێ‌ ساڵی رابردووی جوتیاران بە شێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری كردووەتە سەر بژێوی ژیانی جوتیاران تەنانەت هەندێك لە جوتیاران بە تەواوی مایەپوچبوون و وازیان لەكاری كشتوكاڵ هێناوە بەهۆی قەرزاربونیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشێكی زۆری جوتیاران بەهیواوە درێژەیان بە كارەكەیان داوە و لەمساڵیشدا لە 90%ی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنورەكە بە گەنم چێنراون كە دەكاتە 65 هەزار دۆنم زەوی.

بە گوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی حكومەتی هەرێم كە بە دواڕۆژ دراون، لەهەرێمی كوردستان 14 دەشتی بەپیت و بەناوبانگ هەیە كە كۆی رووبەری سەرجەم ئەو دەشتانە دەگاتە سێ‌ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی، یەكێك لە بەپیتترین دەشتەكانیش بریتیە لە دەشتی شارەزور كە ساڵانە بە هەزاران تەن لە باشترین جۆری گەنمی لێبەرهەم دەهێنرێت.

 

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure