هاووڵاتییەكی كورد لەئێران لەسێدارەدرا

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2019‌ :: 410‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

هاووڵاتییەكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری قەزوین لە سێدارەدرا، كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان-یش دەڵێت: "چوار ساڵ پێش ئێستا ئەو هاووڵاتییە بەتۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیركرابوو". 


عەدنان رەشیدی، ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی ئازاری 2019 بەدوارۆژی وت: "هاووڵاتییەكی دانیشتوی ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لە زیندانی چوبیدەری شاری قەزوین سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێكرا". 

لەبارەی ناسنامەی ئەو هاووڵاتییەش وتی: "ئەو هاووڵاتیەی سزاكەی بەسەردا جێبەجێكراوە ناوی عەلی شەكوری زبێرە". 

رەشیدی ڕونیشیكردەوە: بەهۆی دەمەقاڵێیەكەوە، عەلی هاووڵاتیەكی برینداركرد و لەكاتی گواستنەوەدا ئەو ئۆتۆمبێلەی بریندارەكەی پێ دەگوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە توشی ڕووداوی هاتوچۆبوو، لە ئەنجامدا ئەو هاووڵاتیەی برینداركرابوو لە دەمەقاڵێكەدا، گیانی لەدەستدا و ئەو حوكمەش بەتۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست بەسەریدا جێبەجێكرا. 

پ: ك. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure