زانیاری نوێ سەبارەت بە كاركردن لەپڕۆژە تەواونەكراوەكانی سلێمانیدا

هەواڵ / ئابوری :: 04/03/2019‌ :: 238‌ جار بینراوە
شاری سلێمانی

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

پارێزگاری سلێمانی كاركردن لە پڕۆژە تەواونەكراوەكان بۆ چوار قۆناغ پۆلێندەكات كە هەندێكیان لە كاركردندان، بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی سلێمانی-ش سەرقاڵی كاركردنە لە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریدا.


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: پڕۆژە تەواونەكراوەكانی سلێمانی چەند جۆرێكن، ئەوانەی خەرجییەكانیان كەمن و لە بەرنامەشدا نین خەریكن جێبەجێیان دەكەن، بەشێكی دیكەیان ئەوانەن كە لە 50% بەرەو سەرەوەیان تەواو بووە و بەپشتیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان پارەی پێویست بۆ تەواوكردنیان وەرگیراوە.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەو پڕۆژانەشی لە خوارترن و پێداویستی هەنووكەییان هەیە رەزامەندی بۆ تەواوكردنیان دراوە، ئەوانەی دیكەش چاوەڕێی تەواوبوونی قەیرانی دارایین تا بودجەی پێویستیان بۆ سەرفبكرێت.

لەماوەی رابردوودا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاردرا بەدەستپێكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد: پارە بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخانكراوە، بەڵام تەمویلی ماوە، لەهەوڵدان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران كە بڕیارە لەم رۆژانەدا گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن بۆ ئەوەی بەهەوڵی هەموولایەك تەمویلی پارەكە بكەن و پڕۆژەكە دەستپێبكات كە بڕی یەكەمی 90 ملیار دینارە.

ئەندازیار ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئێستا كار لەسەر چەند پڕۆژەیەك دەكەن ئەوانیش خزمەتگوزاری یەكە نیشتەجێكانی (زڕگوێز و سیتەك، رێگەی سەیدسادق- هەڵەبجە، رێگەی وارماوا- دەربەندیخان، رێگەی رزگاری- كفری، فراوانكردنی دەربەندی رانیە، دوكان- چوارقوڕنە بەشی یەكەم و دووەم).

ناوبراو جەختیكردەوە: هەریەكە و ماوەیەكی هەیە بۆ تەواوبوون، بەڵام هەندێكیان مانگانە بودجەیان بۆ تەرخاندەكرێت و كاركردنیش تێیاندا بەردەوامە.

هەروەها ئەندازیار بەكر تەیب، بەرپرسی بەشی پڕۆژەكانی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: نزیكەی 12 پڕۆژەیان دەستبەكار بۆتەوە و لەتەواوبوندان كە خزمەتگوزارین لەوانە (ئاو و ئاوەڕۆ، كۆنكرێت و قیرتاوكردن)، چاوەڕێی رەزامەندین بۆ دوو پڕۆژەی دیكەیان كە یەكێكیان بۆ ناوچەی قولەڕەیسی و دووەمیش لەناوچەی پیشەسازی تانجەڕۆیە.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure