هند و پاكستان لاپه‌ڕه‌یه‌كى ترى گرژى

هەواڵ / چاوی تۆ :: 03/03/2019‌ :: 72‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ره‌ئوف

ئه‌گه‌رچى پاكستان له‌ هندستان جیابووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ى له‌ یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه‌ كێشه‌ى ویلایه‌تى كشمیر وه‌كو خاڵێك و ناوچه‌یه‌كى جێناكۆك له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا ماوه‌ته‌وه‌ و تائێستا له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌كى جیاجیادا بووه‌ته‌ مایه‌ى شه‌ڕ و پێكادانى خوێناویى. 


یه‌كه‌م خولى ئه‌و جه‌نگه‌ ساڵى 1947 هه‌ڵگیرسا و تا ساڵى 1948 به‌رده‌وام بوو، خولى دووه‌مى جه‌نگ ساڵى 1965 هه‌ڵگیرسا و كۆتایى هات به‌ ده‌ستوه‌ردانى زلهێزه‌كانى وه‌كو یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران كه‌ پشتیوانى هندستانى ده‌كرد و هه‌روه‌ها ئه‌مریكایش. له‌ خولى سێیه‌مى جه‌نگێكى تردا كه‌ ساڵى 1971 هه‌ڵگیرسا و بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى پاكستان دابه‌ش بێت بۆ دوو ده‌وڵه‌ت و به‌نگلادیش-ى لێ جیاببێته‌وه‌.  جگه‌ له‌م شه‌ڕ و ململانێ خوێناویانه‌ى نێوانیان، پێشبڕكێى خۆپڕچه‌ككردن و تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌تۆمى و زۆر گرژى و قه‌یرانى تر سه‌ریهه‌ڵدا له‌ نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ قه‌ره‌باڵغ و خاوه‌ن چڕترین ژماره‌ى دانیشتوان و خه‌ڵكێكى هه‌ژار و بێده‌ره‌تانه‌دا. له‌و كێشانه‌ رووداوه‌كانى كارجیل ساڵى 1999كه‌ به‌هۆى تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى پاكستانه‌وه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى هندستان سه‌ریهه‌ڵدا له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 1998، هه‌روه‌ها رووداوه‌كانى مۆمباى ساڵى 2008. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا زۆر هه‌وڵ و كۆشش درا بۆ ئه‌وه‌ى ڕێ به‌ به‌رده‌وامى جه‌نگ بگیرێت و پرۆسه‌یه‌كى ئاشتى به‌رقه‌رار بكرێت، به‌ڵام له‌ ساڵى 2008 گروپێكى توندڕه‌وى چه‌كدار به‌ ناوى له‌شكرى تیبه‌ په‌لامارى هه‌موو شوێنه‌ سه‌ره‌كى و بنكه‌ و باره‌گا گرنگه‌كانى شارى مۆمباى-یاندا له‌ هندستان.

كێشه‌ى كشمیر كه‌ به‌شى زۆرى خه‌ڵكه‌كه‌ى موسڵمانن و له‌گه‌ڵ هندستان ماونه‌وته‌وه‌ له‌كاتى جیابوونه‌وه‌ى پاكستان له‌ هندستان، له‌وساوه‌ تائێستا سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى به‌ شێوه‌ى ئاشتیانه‌ و دیالۆگ و دانوسان به‌ڵام به‌بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام بارودۆخى ئه‌م ناوچه‌ له‌ هه‌ڵكشان و داكشاندایه‌ و زه‌مینه‌ى له‌بار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕێكى خوێناویى له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا سه‌رهه‌ڵبدات،  ئه‌گه‌ر جاران به‌ چه‌كى كلاسیكى جه‌نگیان بكردایه‌ ئێستا هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ خاوه‌نى چه‌كى ئه‌تۆمین و مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌یش له‌مه‌دایه‌.

ئه‌وه‌ى زیاتر ئه‌و بارودۆخه‌ بارگاوى ده‌كات ئه‌و پێشێلكارى و ده‌ستدرێژیه‌ به‌رده‌وام و بێ به‌زه‌ییانه‌یه‌ كه‌ سوپاى هندستان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكى كشمیر ئه‌نجامى ده‌دات. جگه‌ له‌ سوپا زۆر تاقم و ره‌وتى توندڕه‌وى هندى سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ كه‌ كارى توندوتیژ ى و پێشێلكاریى ده‌رهه‌ق به‌ موسڵمانه‌ كشمیرییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
بۆیه‌ هه‌ندێك ناوه‌ند و سه‌نته‌رى ناودار و ئاگادارى میدیایى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌ نێوان ساڵه‌كانى 1990 تاوه‌كو 2014 (150) ئه‌فسه‌رى  پله‌ باڵاى سوپاى هندستان 1080 حاڵه‌تى كوشتن و له‌ناوبردنى خه‌ڵكى كشمیریان ئه‌نجامداوه‌ به‌ده‌ر له‌ یاسا و دادگا، هه‌روه‌ها رفاندن و بێسه‌رو شوێنكردنى 172 كه‌سى كشمیرى و جگه‌ له‌ تۆماركردنى سه‌دان حاڵه‌تى هه‌تككردن و په‌لاماردان و ئه‌شكه‌نجه‌ و سووكایه‌تى.

ئێستا ئه‌وه‌ بۆ شه‌ش مانگ ده‌چێت عه‌مران خان وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ له‌ پاكستان ده‌ستبه‌كاربووه‌، ئه‌م كۆتایى به‌ ده‌سته‌ڵاتى دوو حیزبه‌ كلاسیكیه‌كه‌ى پێش خۆى له‌ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هێنا و زۆر هه‌نگاوى ریفۆرمى ناوه‌ هه‌ر له‌ كۆشكى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ تاوه‌كو ستافى ده‌ستوپێوه‌ند و  خزمه‌تكاره‌كانى و چاككردنى سیستمى باج و زۆر هه‌نگاوى تر له‌وانه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ دراوسێكانى وڵاته‌كه‌ى به‌ تایبه‌تى هندستان كه‌ رێڕه‌وى كارتاربۆر-ى كرده‌وه‌ تا حاجیه‌كانى ئایینى سیخ به‌بێ ڤیزه‌ به‌ناو خاكى وڵاته‌كه‌یدا بڕۆن، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران ئاسایكرده‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ناكۆكى مه‌زهه‌بى نێوانیان كه‌ ئێران شیعه‌یه‌ و پاكستان سوننه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانى سعودیه‌شدا هه‌موو هێڵه‌كانى په‌یوه‌ندى و هاتوچۆى كرده‌وه‌ به‌ڵام سه‌ردانى ئه‌مریكا و ئه‌وروپاى نه‌كرد و هه‌وڵى بۆ نه‌دا.

به‌ڵام پێش دوو هه‌فته‌ دوو رووداو روویاندا، یه‌كێكیان له‌ پارێزگاى زاهیدانى  رۆژهه‌ڵاتى ئێران كه‌ كۆمه‌ڵێك پاسدارى ئێران كوژران و له‌ هندستانیش كۆمه‌ڵێك سه‌ربازى هندى كوژران. هه‌ردوو وڵات په‌نجه‌ى تۆمه‌تیان بۆ پاكستان درێژكرد، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانى هندستان وتى:"به‌ڵگه‌ى ته‌واومان له‌ به‌رده‌سته‌ كه‌ پاكستان له‌ دواى كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌كه‌وه‌یه‌". بۆیه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانى وه‌ستاند له‌گه‌ڵ پاكستان و ئاڕاسته‌ى رووداوه‌كان به‌ره‌و ئاقارێكى زۆر خراپ رۆیشت و فڕۆكه‌كانى هند په‌لامارى پاكستانیان دا و دوو فڕۆكه‌یان خرایه‌ خواره‌وه‌ و فڕۆكه‌وانێك به‌ دیل گیرا.

له‌كۆتاییدا هه‌رچه‌نده‌ عه‌مران خان به‌ هۆشیاریى له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا ده‌جوڵێته‌وه‌ و خاوه‌ن خواستێكه‌ بۆ بنیاتنانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى و ئاسایكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا به‌ڵام خواستێك هه‌یه‌ له‌لایه‌ن زۆر ناوه‌ند و وڵاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ى شكست پێ بێنن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure