لێدوانی دادگا له‌باره‌ى ده‌ستگیركردنی شاسوار عه‌بدولواحید

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2019‌ :: 1508‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال


وته‌بێژی دادگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر دوو دۆسیه‌ی ساڵی رابردوو شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌ستگیركراوه‌ و به‌هۆی دۆسیه‌یه‌كیشیانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر راده‌گیرێت.


حاكم عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی دادگای سلێمانی (ئه‌مڕۆ 3ی ئازاری 2019) به‌دواڕۆژی راگه‌یاند:"ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سه‌ له‌سه‌ر دوو دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بووه‌ له‌ ساڵی 2018، له‌كاتێكدا له‌فڕۆكه‌خانه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی ئاسایش ده‌مه‌قاڵێیه‌ك له‌نێوانیان روویداوه‌ و ئه‌وان هاتوون سكاڵایان تۆمار كردووه‌ به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی به‌هۆی وه‌زیفه‌كه‌یانه‌وه‌ سوكایه‌تییان پێكراوه‌، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ش مادده‌ی 229ی سزادانی عێراقی بۆ داناوه‌".

ناوبراو روونیكرده‌وه‌ "هه‌ر له‌ فڕۆكه‌خانه‌ش كه‌سێكی مه‌ده‌نی سكاڵاكار بووه‌ له‌سه‌رى و  له‌كاتى خۆیدا به‌مادده‌ی 434ى یاساى سزادانى عێراقى فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه‌، دوای ته‌بلیغكردنی به‌فه‌رمانی بانگهێشتكردنه‌كان، دیاره‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ ئاماده‌ی به‌رده‌م دادگا نه‌بووه‌، پاشان دادگا فه‌رمانه‌كه‌ی بۆ فه‌رمانی گرتن گۆڕیوه‌، ئه‌مڕۆش فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌جێكراوه‌ و له‌سه‌ر هه‌ردوو دۆسیه‌كه‌ وته‌ی وه‌رگیراوه‌".

وته‌بێژی دادگای سلێمانی وتیشی "ئه‌و كه‌سه‌ له‌ دۆسیه‌یه‌كیان به‌كه‌فاله‌ت ئازادكراوه‌، به‌ڵام له‌دۆسیه‌یه‌كی دیكه‌یان دادگا بڕیاریداوه‌ به‌ راگرتنی بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر، دوای ئه‌و كاته‌ش دادوه‌ر به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ هه‌یه‌تی بڕیاری لێده‌دات به‌ ئازادكردنی به‌بارمته‌ یان به‌ درێژكردنه‌وه‌ی كاته‌كه‌".
مادده‌ی 229 سزاكه‌ی به‌ندكردنه‌ له‌ 3 مانگ بۆ 5 ساڵ، مادده‌ی 434یش سزاكه‌ی به‌ندكردنه‌ كه‌ له‌ساڵێك كه‌متر نه‌بێت یان به‌ غه‌رامه‌كردن كه‌ له‌ 225 هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت.
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure