تاووتوێى دانانى سندوقى هاوكارى بۆ هاوڵاتیان ده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 03/03/2019‌ :: 279‌ جار بینراوە
له‌ مووچه‌ و ئیمتیازی په‌رله‌مانتاران ده‌بڕدرێت

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بڕیاره‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان بۆ دامه‌زراندنی سندوقی هاوكاری بۆ هاوڵاتیان كۆده‌بنه‌وه‌.


(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی ئازاری 2019) فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان ناوی ئه‌ندامانیان بۆ 14 لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان داوە، به‌ڵام به‌هۆی به‌شدارینه‌كردنی یه‌كێتی، تائێستا ئه‌ندامانی ئەو فراكسیۆنە له‌ هیچ لیژنه‌یه‌كدا نین.

بەپێی ماددەی 28ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ده‌بێت لەماوەی 25 رۆژدا لە رۆژی کۆتاییهاتنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، بە دەنگی زۆرینە لیژنه‌كانی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانیش نابێت لە پێنج ئەندام کەمتر و لە 11 ئەندام زیاتر بن، ئه‌مه‌ش به‌پێی پسپۆڕیی و لێهاتوویی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌بێت.

شێركۆ جه‌وت سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی فراكسیۆنه‌كان كۆتایی هات و فراكسیۆنه‌كان ناوی ئه‌ندامانیان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد و رۆژی چوارشه‌ممه‌ په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی ناوه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ سه‌رۆك، جێگر و بڕیارده‌ری لیژنە‌كان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.

وتیشی: "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌، پێنشیازی دانانی سندوقێكی هاوكاری كراوه‌ بۆ هاوڵاتیان، دانانی سندوقه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌ مووچه‌ و ئیمتیازی په‌رله‌مانتاران ببڕدرێت و به‌ هاوڵاتیان بدرێت".

شێركۆ جه‌وده‌ت، راشیگه‌یاند: خه‌رجییه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ژێر چاودێری دیوانی چاودێری داراییدا دەبن، چونكه‌ تێبینی زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌رجییه‌ زۆره‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ، جارێكی دیكه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كۆببنه‌وه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر سندوقی هاوكاری ماددی هاوڵاتیانی هه‌رێم و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئیمیتازانه‌ی به‌ په‌رله‌مانتاران دراوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure