دواڕۆژ، عیماد جەباری
لەباشوری رۆژئاوای کەرکوک هێزە سەربازییەکانی عێراق لەئۆپراسیۆنێکدا ژمارەیەک چەکداری داعشیان کوشت.
جەودەت عەسافی وتەبێژی لیوای 16 ی حەشدی تورکمانی (ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئازار) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەگوندی حجلی سەر بەناحیەی ریاز هێزێکی تایبەتی میحوەری باکوری حەشد ئۆپراسیۆنێکی تایبەتیان دژ بەگروپێکی داعش ئەنجامداوەو لەئۆپراسیۆنەکەدا 4 چەکداری داعش کوژراون.
دوێنێش ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: چەكدارانی داعش لەبیابانەكانی ئەنبار بڵاوبوونەتەوە و ئاماژەشی بەوەكرد كە حكومەتی عێراق نازانێت ژمارەی ئەو چەكدارانە چەندە.
عید عەمماش بەئاژانسی هەواڵی روسیای وتووە: "داعش بەردەوامە لەهێرشەكانی بۆ سەر خەڵكی سڤیل لە بیابانەكانی ئەنبار و ناوە ناوەش بۆمبی چێنراو لەسەر رێگەی هاتوچۆی كاروانی هێزە ئەمنییەكان دادەنێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار داواشی كرد: هێزە ئەمنییەكان چالاكییەكانی خۆیان چڕ بكەنەوە بۆ لەناوبردنی ئەو داعشانە كە حكومەتیش نازانێت ژمارەیان چەندە چۆن دێنە ناو خاكی عێراقەوە.
پێداچوونەوە: ئارام غەفور