یادی راپەڕین لەسەر پڕۆژەیەكی تەواونەكراو دەكرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2019‌ :: 346‌ جار بینراوە
پڕۆژەی مۆنۆمێنتی راپەڕین

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

دوای 8 ساڵ لە دەستپێکردنی پڕۆژەکە و تەرخانکردنی نزیکەی دوو ملیار دینار، تائێستا پڕۆژەی مۆنۆمێنتی راپەڕین لە قەزای رانیە تەواونەکراوە، بڕیاریشە رۆژی 5ی ئازار مەڕاسیمی یادی راپەڕین لە بەردەم ئەو مۆنۆمێنتە تەواونەکراوە دەستپێبکات.


لە ساڵی 2011 پڕۆژه‌ى دروستکردنی مۆنۆمێنتی راپەڕین لە رانیە وەک هێمایەک بۆ یادی راپەڕینی جەماوەری رانیە لە رۆژی 5ی ئازاری ساڵی 1991 ده‌ستیپێكرد، بڕیاربوو مۆنۆمێنتەکە بکرێتە مۆزه‌خانەیەک بۆ شەهیدان و یادگارییەکانی ئەو راپەڕینە.

عومەر حاجی، وتەبێژی ئیدارەی راپەڕین (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى ئازارى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا بڕی نزیکەی دوو ملیار دیناری تێدا خەرجکرا.

وتیشی: "قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە پێویستی بە بڕی نزیکەی سێ ملیار دینار بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانرا ئەو بڕە پارەیەی بۆ تەرخانبکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە وابڕیاربوو ئەو پڕۆژەیە بە ماوەی کەمتر لە ساڵێک تەواوبکرێت".

عومەر حاجی جەختیشیکردەوە: یەکێکی تر لە هۆکارەکانی تەواونەکردنی ئەو پڕۆژەیە هەڵەکردن بوو لە دیزاینه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌ى پێکهاتەی جۆری پەیکەری مۆنۆمێنتەکە.

وا بڕیارە رۆژی سێشەممە لە دەستپێکی مەڕاسیمی یادی 5ی ئازاردا، تاجە گوڵینەی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو مۆنۆمێنتە تەواونەکراوە دابنرێت.

له‌ ئازارى ساڵى 1991 راپه‌ڕینى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى كوردستان دژ به‌ رژێمى به‌عس له‌ رانیه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و له‌ 21ى ئه‌و مانگه‌ش سه‌ركه‌وتنى سه‌رتاسه‌رى راپه‌ڕینه‌كه‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ راگه‌یه‌نرا.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure