شاندێكی یه‌كێتی سه‌ردانی بارزانی ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2019‌ :: 3467‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

وابڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، شاندێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی ئەو حیزبە سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی بكه‌ن له‌ پیرمام.


به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌، وابڕیاره‌ پێشنیوه‌ڕۆی (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی ئازار) شاندێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ڕه‌سول و ئه‌ندامیه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ عیماد ئه‌حمه‌د و ئه‌رسه‌لان بایز له‌ پیرمام له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی كۆببنه‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، ئاماده‌كاری ده‌بێت بۆ ڕێككه‌وتنی سیاسی سه‌ره‌تایی نێوان یه‌كێتیی و پارتی له‌باره‌ی پرسی به‌غدا و كه‌ركوك و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو بارزانی بۆ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵی ناردبوو.

له‌وباره‌یه‌وه‌ لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی پەیوەستە بە ئەنجامی کۆبوونەوەی بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت.

وتیشی: "له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رچاومان ڕوون ده‌بێت له‌ چ كاتێك كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای هه‌ردوولا ئه‌نجامده‌درێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure